ریاز دەڕار: پێویستە حکومەتی دیمەشق سیاسەتی خۆی بگۆڕێت

ریاز دەڕار رایگەیاند، بەهۆی فشاری روسیا، سوریا لەگەڵ تورکیا کۆبووە و وتی، " پێویستە حکومەتی دیمەشق بزانێت کە بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ گەلەکەی وڵاتێکی نوێ دروست بکات، پێویستە سیاسەتی خۆی بگۆڕێت."

ریاز دەڕار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) لەبارەی کۆبونەوەی بەرپرسانی تورک، سوریا و روسیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

ریاز دەرار بەبیری هێنایەوە کە دوای گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەواڵگری هەردوو وڵات، وەزیرانی بەرگریی هەردوو دەوڵەت کۆبوونەوە و رایانگەیاند، "کۆبوونەوەکە سەرەتای هاوپەیمانی هەڕەشەئامێزی هەردوولا بوو، هەندێک داواکاری راگەیەندران، هەندێک پرس مانەوە. شاراوەن و هێشتا ئاشکرا نەکراون."

ریاز دەرار راشیگەیاند، روسیا لە دۆخێکی سەختدایە و گوتی، " بۆیە کۆبوونەوەی تورکیا و سووریا لە بەرژەوەندیی ئەودایە، دەیەوێت هەندێک بەرژەوەندی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی تورکیا لە لای روسیا بێت، بەم شێوەیە دەیەوێت لە شەڕی ئوکراینا تورکیا پشتگیری ئەو بکات. بێگومان ئەمەش لە حسابی دەوڵەتی تورکیاشدایە. بە هۆکاری بێ بنەما بانگەشەی ئەوە دەکات کە مەترسی 'تیرۆر' لەسەر سنووری وڵاتەکە هەیە و دەیەوێت باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆنتڕۆڵ بکات. چونکە مۆڵەتی هێرشکردنی وەرنەگرت و نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، ئەمجارە رووی لە حکومەتی دیمەشق کرد و ویستی بە رێککەوتننامەی ئەدەنە بۆشاییەکان پڕبکاتەوە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی ڕێککەوتنەوە بێتە ناو خاکی سوریا، ئەمەش دژی بەرژەوەندییەکانی گەل دەبێت، هەروەها رێگە بۆ چەتەکانی پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا خۆش دەکات، لەم ناوچانەدا نیشتەجێ ببن. ئەمەش هەنگاوێک دەبێت بۆ دەوڵەتی تورکیا لە داهاتوودا وەک رووداوەکەی ئەسکەندەرون."

ریاز دەرار سەرنجی بۆ گفتوگۆکانی پەیوەست بە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد راکێشا و رایگەیاند، "ئەم کۆبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەک سوودی بۆ حکومەتی دیمەشق نابێت، حکومەتی دیمەشق بەهۆی فشارەکانی روسیا ئەو کۆبوونەوانە قبوڵ دەکات و چاوەڕێی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان دەکات، تاوەکو کۆبوونەوەکان درێژتر بکرێنەوە، سوودی زیاتری بۆ روسیا دەبێت، چونکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی، هەوڵدەدات لە ڕێگەی تورکیاوە بەرامبەر ئۆکراینا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، تورکیاش سنوورەکانی بەڕووی روسیادا دەکاتەوە و هەروەها بۆ گواستنەوەی چەک بۆ ئوکرایناش هاوپەیمانی دروست دەکات."

ریاز دەرار رایگەیاند کە ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی لە سەرەتاوە هێڵی سێیەمینی بۆ چارەسەری لە رێگەی دیالۆگەوە بە بناغە وەرگرتووە و وتی، " لەسەر ئەم بناغەیە داوا لە حکومەتی دیمەشق و ئۆپۆزسیۆنی سوریا کراوە کە لە دەستووری بناڕەتی و کۆبونەوەکانی جنێفدا بڕیارێک بدەن. بەڵام بەهۆی پێداگری هەردوولا، هیچ هەنگاوێک نەنراوە.

باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە تێکۆشانی دژی داعشدا سیستمی خۆی دروست کرد و هێزە نێودەوڵەتیەکان پشتگیریان کرد. هەرێمەکە لەلایەن داعشەوە داگیرکرا، بەڵام ئازادکرا و ناوچەکە بۆ سیستمێکی نەناوەندی گۆڕا کە لە هەموو پێکهاتەکان خۆبەڕێوەبەری دروست کرد."

هاوسەرۆکی مەسەدە باسی ئەوەشی کرد کە پێویستە حکومەتی دیمەشق باش بزانێت کە گەل مافی هەیە و لەگەڵ گەلەکەی بۆ دروستکردنی وڵاتێکی نوێ، پێویستە سیاسەتەکانی بگۆڕێت.

ف.ق