ساڵح موسلیم: سی پی تی بەپێی خواستی ناوەندی پیلانگێڕی دەجوڵێتەوە

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە ڕایگەیاند، سی پی تی بەپێی ئەرک و پێگەی خۆی ناجوڵێتەوە، بەڵکو بەپێی ناوەندی پیلانگێڕی ڕەفتار دەکات، بۆیە داوای لە هەمووان کرد، کە پەرە بە تێکۆشان بدەن و گۆشەگیری تێکبشکێنن.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) گۆشەگیریی تووندی ئیمرالیی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) شیکار کرد.

ساڵح موسلیم وتی، لە سەرەتای ڕفاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە گۆشەگیریی لە ئیمرالی ئەنجام دراوە و ئێستا زیاتر توندکراوەتەوە.

موسلیم وتیشی، ئەوانەی گۆشەگیری دەسەپێنن، ئەو هێزانەن، کە لە سەرەتاوە دەستیان لە پیلانگێڕییەکەدا هەبووە و ئەوەشی وت: "ئەو هێزەش گلادیۆیناتۆیە. تورکیا تەنها پاسەوانی دەکات. ئەمە دۆخ و حاڵەتە ڕاستەکەیە. بێگومان لەشەڕدا هەمیشە تورکیا دەدەن پێش. تورکیا بەپێی یاسا و یاساکانی خۆی هەڵسوکەوت ناکات. ئەو سیستەمەی لە ئیمراڵی هەیە سیستمێکی نێونەتەوەییە. ئەوروپاش لەمەدا بەشدارە. هێشتا لەژێر کۆنترۆڵ و کاریگەریی گلادیۆی ناتۆدایە".

'شەڕ، کۆمەڵکوژی و گوشار دەرئەنجامی گۆشەگیرییە'

ساڵح موسلیم رایگەیاند، گۆشەگیری ئەشکەنجەیە وتی: "دەبێت مرۆڤ گۆشەگیری بە تەنها وەک فاشیزمی تورک نەبینێت. گرنگە هەموو لایەنەکانی ببینرێت و هەڵبسەنگێنرێت. پێویستە لە تورکیا چارەسەرێکی دیموکراسیانە بدۆزرێتەوە، ئاڵای بەرخۆدان بەرزتر بکرێتەوە و هەمووان ئاگاداری گۆشەگیری بن و دوژمن ناچار بە پاشەکشە بکرێت. دوژمن نەک هەر گوشار دەخاتە سەر ئیمراڵی، بەڵکو هاوکات گوشاریش لەسەر گەلی کورد دروست دەکات. ڕۆژانە خەڵک ئەشکەنجە دەدرێن، ئەم گوشار و داسەپاندنانە بە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس زیاتر کۆنکرێتی و زەقتر بوویەوە. هەروەها لە کوردستان شەڕێکی قورس لە ئارادایە و تا ئێستا ئەو شەڕە ڕانەوەستاوە. هەموو ئەمانە بەهۆی گۆشەگیریەوەیە. دەبێت هەموو ئەو ڕاستییانە ئاشکرا بکرێن. پێشتر کوردەکان شەرمیان لەڕاستی خۆیان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەوان سەرکردایەتیی جیهان دەکەن. دەبێت سیستەمی گلادیۆ بە بەرخودان هەڵبوەشێتەوە. پێویستە ڕاستیی گلادیۆ بە هەموو جیهان نیشانی بدرێت، دڵنیاییەوە ئەمە کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی دەبێت."

'پێویستە هەموو کەسێک بەرخودان بەهێزتر بکات'

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەرخۆدانێکی گەورە ڕوویدا و وتی: "بەڵام هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهێنرا، کەواتە هێشتا زۆر شت هەیە، کە دەبێت ئێمە ئەنجامی بدەین. ئەوە بەرخۆدانێکی سەرکەوتوو بوو، بەڵام بەس نەبوو. بۆیە دەبێت مرۆڤ بەرخودان زیاتر و فراوانتر بکات".

'سی پی تی دەتوانێت رێگری لە ئەشکەنجە بکات، بەڵام بەداخەوە ئەوە ناکات'

ساڵح موسلیم لەبارەی هەڵسوکەوتی ئەنجومەنی کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجە لە ئەوروپا (سی پی تی) ڕایگەیاند، سی پی تی کۆمیتەی نەهێشتنی ئەشکەنجەیە و وتی: "ئەگەر ئەشکەنجە هەبێت دەبێت لە دژی بوەستێت و هەڵوەستەی لەسەر بکات. بەداخەوە لە دۆخی ڕێبەر ئۆجالاندا تەنها وەک چاودێرێک هەڵسوکەوت دەکات. دەکۆڵێتەوە لەوە دەکات، کە ئاخۆ ئەشکەنجە هەیە یان نا و ڕاپۆرت بە ئەنجومەنی ئەوروپا دەدات. دەڵێت بەبێ مۆڵەتی تورکیا ناتوانێت ڕاپۆرتەکە بڵاو بکاتەوە. ئەگەر بیەوێت ڕێگری لە ئەشکەنجە بکات دەبێت خۆی لە دۆخی راپۆرتدان ڕزگار بکات و ڕێوشوێنی دژ بە ئەشکەنجە بگرێتەبەر و پێشنیار بکات، چونکا هێزێکی گەورە لە پشت سی پی تی-یە. پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجومەنی ئەوروپا، چەندین دامەزراوە هەیە، بەڵام نایکات. سی پی تی دەڕوات، بەڵام ڕاگەیاندراو و لێدوان نادات. هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕێبەرایەتییەوە بەدەست نەگەیشتووە. ئەمەش بۆ خۆی شێوازێکی ئەشکەنجەیە. دەبێت ڕێگری لەمە بکرێت. ئەگەر ڕێگری لێنەکرا، ئەوا بۆچی سەردانی زیندانەکان دەکات؟ ڕێگەنەدان بە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانیش شێوازی ئەشکەنجەدانە".

ساڵح موسلیم ڕاشیگەیاند، سی پی تی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕێگری لەو ئەشکەنجەیە بکات، بەڵام بەداخەوە ئەوە ناکات و وتیشی: "لە دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەوروپادا لە سەرەتاوە وتمان، ئێوە باسی دیموکراسی دەکەن، بەڵام ئەمە تەنها بۆ ئەوروپا نییە. ئێمە پێویستیمان پێیەتی. ئەو یاسایانە، کە لە ئەوروپا قبوڵ و پەسەند ناکرێت، کاتێک دێتە سەر ئێمە، ئەوانە دەبنە بڕیار و پەسەندیان دەکەن. بۆچی ئێوە ئەوە قەبوڵ دەکەن، بۆچی بێدەنگ دەبن؟ ئایا ئێوە بەم شێوەیە دیموکراسی لە هەموو شوێنێک دا بڵاو دەکەنەوە؟ بێ گومان نا. وەک گەلی کورد و هێزو لایەنە سیاسییەکانی کورد، ئێمە دەتوانین ڕۆڵی کاتالیزۆر بگێڕین. ئەوەش بە بەرخۆدانی دیموکراتیک ئەنجام دەدرێت".

ساڵح موسلیم لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەگەر هەم لە کوردستان و هەم لە دەرەوەی وڵات بەرخۆدان و تێکۆشان زیاتر بەهێز بکرێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەنجامێکی دیاریکراوی لێ بەدەست دێت".

ژ.ت