ساڵح سمۆ: هێرشی دەوڵەتی تورك بەئامانجی چۆڵكردنی هەرێمە لەدانیشتوانەكەیە

هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی ناوچەی زڕگان رایگەیاند؛ هێرش لەسەر ناوچەكەمان بەئامانجی چۆڵكردنی ناوچەكەیە لەدانیشتوانە رەسەنەكەی و داگیركەران دەیانەوێت جارێكی تر و سەرلەنوێ لێرە داگیربكەنەوە، لەبەر ئەوەش دەبێت هاوڵاتی دەست لەخاكی خۆیان بەرنەدەن.

دەوڵەتی توركی داگیركەر و چەتەكانی ئاستی هێرشەكانیان لەبەرامبەر بەناوچەی زڕگان و تلتەمەر لەرۆژئاوای كانتۆنی حەسەكە  كە نزیكە لەبەرەكانی شەڕەوە لەگەڵ ئەرتەشی توركی داگیركەردا، زۆرتر و چڕتر كردووتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك"قەسەدە"، لەرۆژی رابردوودا دەوڵەتی تورك و چەتەكانی هاوكاری لەكاتژمێرەكانی كۆتایی رۆژدا بەشێوەیەكی بێ وەستان هێرشی ناوەندی زڕگان و گۆندەواری دەورۆبەریان كردوە و زیاتر لە ٣٢٠ تۆپیان بەزڕگانەوە ناوە.

هاوسەرۆكی ئەنجومەنی ناوچەی زڕگان ساڵح سمۆ لەسەر بابەتەكە ئاخاوتووە و دەڵێت:"دەوڵەتی توركی داگیركەر و چەتەكانی لەم ماوانەی دواییدا، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی هێرشی ناوەندی ناوچەی زڕگان و گوندەواری دەۆروبەری دەكەن. بەوەش هەوڵدەدەن هەرێم لەدانیشتوانە رەسەنەكەی چۆڵ بكەن و هەرێمەكەمان داگیر بكەن و بەمشێوەیەش گۆڕانكاری دیمۆگرافی پێكبهێنن.

سمۆ ئاماژەی بەوەشكرد كە هۆكاری هێرشەكانیش بەهۆی بنكەوتنی  سیاسی دەوڵەتی توركی داگیركەرە و  لەلایەكی ترەوە لەبواری ئابوریش، ئابوری توركا داتەپیووە، ئەمەش دەوڵەتی توركی شێت و هار كردووە.
ف.ق