ساڵیادی کۆچی دوایی شۆڕش مستەفا رۆژنامەنووسی رۆژنیوز لەسەر مەزارەکەی بەرزڕاگیرا

بۆ بەرزڕاگرتنی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی رۆژنیوز شۆڕش مستەفا، لە سەرمەزارەکەی مەراسیمێک سازدرا و بەوەفادارییەوە بەبیرهێنرایەوە.

ئەمڕۆ پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی ڕۆژنامەنوس شۆڕش مستەفا یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاژانسی رۆژنیوز بۆ بیرهێنانەوە و بەرزڕاگرتنی ئەم یادە، ئاژانسی رۆژنیوز هەستا بە سازدانی مەراسیمێک لەسەر مەزارەکەی لە شاری سلێمانی.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا شنە فایەق، سەرنوسەری ئاژانسی ڕۆژنیوز وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: وەفاداری خۆمان بۆ هاوڕێ شۆڕش دووبارە دەکەینەوە و هەموو ئەو ڕۆژنامەنوسە گیانبەختکراوانە بەبیردەهێنینەوە کە تا دوایی ڕاستگۆبوون بەرامبەر پەیامەکەیان و خۆیان نەفرۆشت بە دەسەڵات، لەم کاتەدا ڕەوشی ڕۆژنامەگەریی و ئازادیی لە خراپترین دۆخدایە، دەسەڵات هەموو ڕێگایەکی سەرکوتکاری گرتووەتەبەر بەڵام بێ ئومێدنین و بەرەی گەل فراوانە و زۆرن ئەوانەی درێژە بە ڕێگاکەی هاوڕێ شۆڕش و شەهید وەدات دەدەن.

دواتر لەلایەن سنور کەریم، هاوژینی شۆڕش مستەفاوە وتاری خانەوادەکەیان پێشکەشکرا و وتی: لەدەستدانی شۆڕش تەنها کۆستێک نەبوو بۆ ئێمە بەڵکو کۆستێک بوو بۆ ڕاگەیاندنی ئازاد، ئەو هەرگیز ماندوونەبوو لەو پەیامەی کە دەیویست بیگەیەنێت، هیچ کاتێک بەقەدەر ئەم قۆناغەی ئێستا پێویستمان بە شۆڕش و قەڵەمە ئازادەکان نییە، ئەو فێریکردین کە سوربین لەسەر داکۆکیکردن لە مافی هاوڵاتییان و ئازادیی و نەتەوەکەمان و هەموو ئەو پرسانەی کە پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە.

تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیش وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: هەرێمی کوردستان لە ناو قەیرانێکی قوڵی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییدایە، چەندە ئێمە لە مەیدانی سیاسی و تێکۆشانی ئازادی ڕۆڵ دەگێڕین، ڕاگەیاندنی ئازاد ڕۆڵێکی گەورەتر دەگێڕێت، نمونەی وەک هەڤاڵ شۆڕش کەمن بەڵام بە زیندوویی دەمێننەوە، وەک دەبینین بۆ ساتێکیش پەیامەکەی ئەو لە بیری هاوڕێکانی و خانەوادەکەی نەچووەتەوە.

لە کۆتاییشدا کەمال حەمە ڕەزا، بەڕێوبەری کۆمپانیای چەتر وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: خۆشحاڵین هەموو ساڵێک یادی هاوڕێ و هاوکاری تێکۆشەرمان شۆڕش مستەفا دەکەینەوە و سۆز و وەفاداریمان بۆ پێنوسە ئازا و ئازادەکەی دووپاتدەکەینەوە، ئەو هەمیشە جێگای شانازیمان بوو هەتا کۆتاییش نە خۆی نە پێنوسەکەی و نە خەباتەکەی لە یادناکەین، بە پێشەنگ و مامۆستای خۆمانی دەزانین.