ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووز لە کۆبانێ و تەبقە پیرۆز کرا

ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووز لە کۆبانێ و تەبقە پیرۆزکرا. لە پیرۆزباییەکەدا بەڵێن درا، کە شۆڕش گەورە بکرێت.

پیرۆزبایی ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووز بە دروشمی 'بە رۆحی شۆڕشی ١٩ی تەممووز داگیرکەری تێکدەشکێنین و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین' لە گۆڕەپانی شەهید عەگید کۆبانێ بە بەشداریی سەدان هاووڵاتیی کۆبانێ و نوێنەرانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە هەرێمی فورات بەڕێوەچوو.

لە پیرۆزباییەکەدا شاندێک لە بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، شاندێک لە ئەنجوومەنی مەدەنیی منبج، شێخ و ریشسپییانی عەشیرەتەکان لە پێکهاتەى عەرەب بەشدار بوون.

پێش دەستپێکردنی پیرۆزباییەکە خولەکێک رێزگرتن بەڕێوەچوو. دوای ئەوە ماجیدە حەسون ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی فورات بەخێرهاتنی میوانەکان و شاندەکانی هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد. شۆڕشی ١٩ی تەممووزی لە بنەماڵەى شەهیدان و رێبەر ئۆجالان پیرۆز کرد و وتی، "ئەم رۆژە مێژووییە، سەلماندی ژنان لە سایەی بیر و رامانی نەتەوەی دیموکراتیک دا گەیشتوونەتە قۆناغێکی مێژوویی. لەبەر ئەو بیر و رامانە هەموو پێکهاتەکان لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە و شایی لە کۆبانێی قەڵای بەرخودان دەگێڕن.

ماجیدە حەسون باسی ئەوەیکرد، دەوڵەتی تورک بە ئامانجی تێکشکاندنی پرۆژەى نەتەوەی دیموکراتیک هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە و وتی، "بەڵام ئێمە تاوەکو سەرکەوتن تێدەکۆشین و بەرخودان دەکەین. دەبێت هموو گەلانی ناوچەکە لە بەرامبەر داگیرکەری یەکبگرن".

دوای ئەوە فاروق ماشی هاوسەرۆکی دەستەى کاروباری کۆمەڵایەتی بە ناوی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووزی پیرۆز کرد وتی، "شۆڕشی ١٩ی تەممووز شۆڕشی گەلی شۆڕشگێڕە. هەروەها لە سایەیى کچان و کوڕانی بەرەنگار و خۆڕاگردا، چەندین دەستکەوتی وەک دامەزراندنی بەڕێوەبەریی خۆسەر، سەربازی و سیاسی بە دەستهاتوون".

ماشی باسی ئەوەیکرد، ئەو شۆڕشە راستەقینەیە، کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکردووە ئەو شۆڕشە تەنها شۆڕشی گەلی کورد نییە، بەڵکو هی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەیە، کە رۆڵی گەورەیان لە دامەزراندنی بەڕێوەبەریی و چەندین دەستکەوتی سیاسی و سەربازیدا هەیە.

ماشی ئەوەشی وت، "ئێمە وەک سەربازان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا لە پێناو رزگارکردنی هەموو هەرێمەکان بەرەنگاری دەکەین. هەروەها ئێمە بەڵێن بە بنەماڵەى شەهیدان و کەمئەندامان دەدەین، کە درێژە پێدەری رێگاکەیان بین. ئێمە بەڵێن دەدەین کۆبانێ، کە دوێنێ بارزگانییان پێوە دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەم شارە لە بەرامبەر هەموو لەمپەر و ئاستەنگییەکان قەڵغانە و ژمارەیەکی زۆر شەهیدی داوە".

دیندار خەڵەف یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەژە بە ناوی قەسەدەوە وتی، "ئەو شۆڕشە، کە چەخماخەکەى بە قوربانیی دانیشتوانی ناوچەکە دەستیپێکرد، ئەوەی بۆ دوژمن سەلماند، کە رێگا نادەن دوژمن ناوچەکە داگیر بکات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان پێکبێنن".

دیندار خەڵەف ئەوەشی وت، "ئێمە لەسەر رێگای شەهیدان دەڕۆین. گەل و شەڕڤانەکانمان پارێزگاری لە هەرێمەکە دەکەن، تێکۆشانی بەردەوام دەکەن و رووبەڕی بەرخودان و شۆڕشی ١٩ی تەممووز تاوەکو سەرکەوتن بەرفراوان دەکەن".

دوای وتەکان، هونەرمەند مستەفا ئەمیر لە تیپی مۆسیقا و هونەریی گیڤارا لە ناوەندی باقی خدۆ بۆ رۆشنبیری و هونەر، کە لە منبجەوە هاتبوو، چەند گۆرانییەکی پێشکەشکرد و دوای ئەویش هونەرمەند محەمەد بلکۆ، نیازی، حیکمەت جەمیل، کە لە شەهباوە هاتبوون گۆرانیان پێشکەشکرد.

تیپی هونەری و مۆسیقایی شەهید شیلان لە ناوەندی باقی خدۆ بۆ رۆشنبیری و هونەری گۆڤەند و شایی ناوچەییان گێڕا و هاوکات تیپی هونەری و مۆسیقایی بۆتان لە ناوەندی رۆشنبیری و هونەر گۆرانییان پێشکەشکرد.

تەبقە

بەڕێوەبەریی مەدەنیی تەبقە بە بۆنەى ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووز لە ناوەندی رۆشنبیری و هونەری تەبقە پیرۆزباییەکی جەماوەرییان رێکخست.

پیرۆزباییەکە بە خولەکێک رێزگرتن بەڕێوەچوو و هێند عەلی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری مەدەنیی تەبقە یادی شەهیدانی بەرزراگرت و وتی، "شۆڕشی ١٩ی تەممووز هەر لە سەرەتاوە بنەماکان و پەرەنسیبەکانی خۆی پاراست و لەسەر هێڵەکەى خۆی رۆیشت، بەوەش چەندین دەستکەوتی بۆ گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە دەستهێنا".

هێند عەلی وتیشی، "سەرباری هەموو رێگری و لەمپەرەکان شۆڕشی ١٩ی تەممووز بەردەوام بوو و یەکێتیی گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە سایەی بیر و رامانی نەتەوەی دیموکراتیک بونیاتنرا".

دوای ئەوە نەعیمە ئەسوەد ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری نووسینگەى کۆبوبونەوەى ژنانی زەنوبیا لە تەبقە بە ناوی نووسینگەکەوە ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووزی پیرۆز کرد و وتی، "شۆڕشی ١٩ی تەممووز و دەستکەوتەکانی لە هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە لە عەرەب، کورد، سوریان و ئاسووری پیرۆز بێت".  

دوای ئەوە محەمەد عەرەب ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدان بە بە ناوی ئەنجوومەنی بنەماڵەى شەهیدانی تەبقە وتی، "شۆڕشی ١٩ی تەممووز لە کۆبانێ دەستیپێکرد، دواتر بە هەموو هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بڵاوبوویەوە و مەترسیدارترین رێکخستنی تیرۆریستیی جیهان، کە ترس و کاولکاری و وێرانیی دروست دەکرد، تێکشکاند. لە سایەی رەنج و قوربانیی شەهیدان ئەو شۆڕشە ئامانجەکانی خۆی پێکهێنا".  

دوای پێشکەشکردنی وتەکان، تیپی مۆسیقی و هونەریی فرات گۆرانیی خۆجێیی پێشکەش کرد و دوای ئەوانیش تیپی هونەری و مۆسیقایی ئاوازێن یەپەگە، گۆرانیی کوردییان پێشکەشکرد.

پیرۆزباییەکە بە گێڕاندنی گۆڤەند و هەڵپەڕکێی خۆجێی و ناوچەیی لەلایەن تیپە مۆسیقاییە هونەری و رۆشنبیریی و میللییەکانی گەل لە تەبقە  و هەروەها گێڕانی هەڵپەڕکێ و شایی لەلایەن هاووڵاتییانەوە کۆتایی پێهات.

ژ.ت