شاندێکی هاوبەشی مەسەدە و خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ روسیا و ئەمریکا کۆبووە

شاندێکى هاوبەشى مەسەدە و خۆبەڕێوەبەریی باکورر و ڕۆژهەڵاتى سوریا لەگەڵ شاندی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی میخایل بۆگدانۆڤ لە مۆسکۆ کۆبوونەوە، هەروەها شاندێکى مەسەدە لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆبوونەوە.

ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیی (مەسەدە) ڕایگەیاند، کە دوو کۆبوونەوەیان لە مۆسکۆ و واشنتۆن ئەنجامداوە و تێیدا بەرپرسانی ئەمریکا پشتیوانی خۆیان بۆ مەسەدە و قەسەدە ڕاگەیاندووە.

ماڵپەڕەکە، ئاماژەى بەوەداوە، شاندێکی هاوبەشى مەسەدە و خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئیلهام ئەحمەد، لەسەر بانگهێشتى فەرمی وەزارەتی کاری دەرەوەی ڕووسیا، سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە و لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی کاری دەرەوەی ڕووسیا بە سەرۆکایەتیی میخایل بۆگدانۆڤ کۆبوونەتەوە.

ماڵپەڕەکە ئەنجامى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى لەگەڵ شاندى ڕووسیا بە ئەرێنی لە قەڵەمداوە و نووسیوێتى، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی سیاسییانەی ناکۆکییەکانی سوریا بەپێی بڕیاری دوو هەزار و ٢٥٤ کرایەوە.

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبونەوەى شاندى هاوبەشى نێوان هەردوولادا گرنگیی بەشدارییکردنى مەسەدە لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکاندا باسکراوە و گفتوگۆش لەسەر پێشێلکردنی سەروەری سووریا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرى تورکەوە کراوە.

ماڵپەڕی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیی، باسی لەوەشکراوە، کە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو چاوپێکەوتنێک لەنێوان شاندی مەسەدە بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد و سێرگى لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئەنجامدراوە.

کۆشکی سپی جەختى لەسەر پاڵپشتییەکانى بۆ مەسەدە و قەسەدە کردووەتەوە.

ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک مەسەدە، لەبارەى کۆبونەوەى شاندى مەسەدە و واشنتۆن ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی کۆشکی سپی لە کۆبونەوەکەدا جەختیان لەسەر بەردەوامی بەڵێنەکانی جۆ بایدن سەرۆکى ئەمریکا و هاوپەیمانیی لەگەڵ قەسەدە کردووتەوە وتویانە، تا ئەو کاتەی کە داعش و شانە نوستووەکانیان بە تەواوی لەناو نەچن، یارمەتیی دابینکردنی ئارامى ناوچەکە دەدەن.

ف.ق