شارەوانیی دورانگۆ لە باسک پشتیوانیی لە کۆبانێ کرد

شارەوانیی دورانگۆ لە باسک، کە شاری دۆستی کۆبانێیە، پشتیوانیی لە کۆبانێ کرد. ئێما گاراستاتکسو سەرۆک شارەوانیی دورانگۆ باسک ڕایگەیاند، خەڵکی دورانگۆ لە دژی هێرشەکانی تورکیا لەگەڵ کۆبانێدان.

ئێما گاراستاتکسو سەرۆکی شارەوانیی دورانگۆ و جولیان ڕیۆس جێگری سەرۆکی شارەوانی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینیان لەگەڵ ڕەوسان خەلیل عەبدی هاوسەرۆک شارەوانیی کۆبانێ و ڕۆسین مەحمود بەرپرسی شارەوانیی کانتۆنی ئەنجامدا.

دورانگۆ و کوبانێ بەهۆی ئەوەی لە مێژوودا و لە قۆناغە جیاجیاکاندا هێرشی ئاسمانییان کراوەتە سەر، لەساڵی ٢٠١٧دا پەیمانی دۆستایەتیان ئیمزاکردبوو.

بۆیە گاراستاتکسو و ڕیۆس داوایان لە تورکیا کرد دەست لە هێرشەکانی هەڵبگرێت، چونکا ئەو هێرشانە زیان و ئازار بە خەڵکی بێتاوان دەگەیەنێت.

گاراستاتکسو لە کۆبوونەوەکەدا وتی: "هێرشەکانی شەوی شەممە بۆ سەر گەلی کورد بەتایبەتی لە دژی کۆبانێ قبوڵ ناکرێن. بەرپرسانی کورد پێیان ڕاگەیاندین، کە هێرش دەکرێتە سەر هەمووان و هاوڵاتیانی مەدەنی کوژران، نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە بنەڕەتی و سەرەتاییەکان کراونەتە ئامانج و وێرانکراون".

گاراستاتکسو لە بەردەوامیدا وتی: "ئەو زانیارییانە، کە بەرپرسان لە کۆبانێیەوە بە ئێمەیان داوە لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین و پێمان دەڵێن، تا کۆتایهاتن بە هێرشەکان چاودێری دەکەین. ئاشکرایە، کە یاسا نێونەتەوییەکان پێشێل دەکرێت، بۆیە داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین، کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بوەستنەوە. کاتی ئەوە هاتووە، کە کار بۆ ئاشتی و دیموکراسی بکەین، بۆیە ئێمە لە دورانگۆوە هەستی پشتیوانیی خۆمان بۆ گەلی کورد دەنێرین".

گاراستاتکسو سەرۆکی شارەوانیی دورانگۆ و ڕیۆس جێگری سەرۆکی شارەوانی وتیان، لەم ڕۆژە سەختانەدا دەبنە دەنگی کۆبانێ.

ڕەوسان خەلیل عەبدی هاوسەرۆک شارەوانیی کۆبانێ سوپاسی پشتیوانیی شارەوانیی باسک لە کۆبانێ کرد و وتی: پلانەکەی دەوڵەتی تورک بۆ ئەوە بوو، کە خەڵک ناچار بکات کۆبانێ چۆڵ بکەن.

هاوسەرۆک شارەوانیی کۆبانێ خەلیل عەبدی وتی: "بەڵام لە سایەی پشتیوانی و هاوکارییەکانی دورانگۆ، ئێمە زیاتر ورە و ئازایی و مۆراڵ وەردەگرین، چونکە ئێمە هەست دەکەین ئیدی تەنیا نین".

ژ.ت