شەهیدی قەسەدە جودی لە کۆبانێ بە خاکسپێردرا

تەرمی شەڕڤانی شەهیدی قەسەدە فازیل دەروێش (جودی کۆبانێ) کە لە دێرەزۆر شەهید بوو بوو، لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە کۆبانێ لە مەراسیمێکی جەماوەریدا بە خاکسپێردرا.

شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) فازیل دەروێش (جودی کۆبانێ) ٣ رۆژ لەوە پێش لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانیدا و لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆدا لە دێرەزۆر شەهید بوو.

سەدان هاووڵاتیی کۆبانێ بە رێکخستنی رێورەسمێک تەرمی شەهید جودییان لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بە خاکسپادر.

مەراسیمەکە بە رێزگرتن دەستیپێکرد. دوای ئەوەش مستەفا ئێتۆ هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کانتۆی کۆبانێ یادی گیانبەختکردوانی ئازادیی بەرز راگرت و سڵاوی لە شەڕڤانان کرد، کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بەرەنگاریدان.

ئێتۆ بێدەنگیی کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی بەرامبەر بە هێرشەکانی سوپای تورک ئیدانە کرد و وتی، "بێدەنگی هەڵکردنی گڵوپی سەوزە بۆ تورکیا تاوەکوم زیاتر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا داگیر بکات، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، کە ئیمە خۆمان رادەستی سوپای دەوڵەتی داگیرکەر بکەین. دەبێت ئێمە بە ئەرکی خۆمان هەستین و ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکان بپارێزین".

لە کۆتایی دا ناسنامەى شەهید جودی کۆبانێ خوێنداریەوە و رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

تەرمەکە بە دەم وتهنەوەى دروشمی دڵسۆزی بۆ شەهیدان بەخاکسپێردرا.

ژ.ت