تەلەڤزیۆنی سوید: ژنە داعشە سویدیەکان لە ڕۆژئاوا دادگایی دەکرێن

تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی سوید (ئێس تی ڤی) ڕایگەیاند، ژنە داعشە سویدیەکان کە لە کەمپەکانی ڕۆژئاوا دەستبەسەرن، لە مانگی تشرینی دووەم و شوباتی ساڵی داهاتوودا دادگایی دەکرێن.

ئێس تی ڤی ئاماژەی بەوەدا کە شاندێک لە وەزارەتی دەرەوەی سوید هەفتەی ڕابردوو سەردانی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریای کردووە و لەبارەی ژنە داعشە سویدیەکان لە کەمپەکانی رۆژئاوادا لەگەڵ بەرپرسە کوردەکان کۆبووەتەوە.

شیا عەلی نوێنەری پەیەدە لە سوید کە لەگەڵ شاندەکە سەردانی ڕۆژئاوای کرد ئەوەی خستەڕوو کە پرۆسەی یاسایی لەبەرانبەر ئەو ژنانە دستیپێکردووە و وتی: "لە هاویندا لێکۆلینەوەی ورد لەبارەی دۆخی ئەو ژنانە ئەنجامدراوە. لە مانگی تشرینی دووەم و شوباتی ٢٠٢١دا دادگاییکردنی ژنە داعشەکان دەستپێدەکات.

یەکێک لە ئامانجەکانی شاندەکەی سوید ئەوەیە کە چارەنووسی منداڵانی داعشی سویدی یەکلایی بکاتەوە. شیار عەلی لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، زۆربەی منداڵەکان زۆر بچووکن، لە دۆخی ئاساییدا دەتوانن بژین و بۆ ئەوەش پێویستە ناوەندی پەروەردەیی منداڵان بکرێنەوە.

لە هەواڵەکەی ئێس تی ڤی دا هاتووە، لە ڕابردوودا هێزە کوردیەکان داوایان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردبوو کە داعشەکانیان بگەڕێننەوە، بەلام بە تەنها ژمارەیەک لەو وڵاتانە داوای کوردەکانیان جێبەجێ کرد و هاوڵاتیە داعشەکانیان گەڕاندەوە.

عەبدولکەریم عومەر وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش بۆ ئێس تی ڤی قسەی کرد و وتی، بەڕیوەبەرایەتی ئامەدەیە منداڵەکان ڕەوانەی سوید بکاتەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە لە ڕۆژئاوا دادگایی دەکرێن. لەوبارەیەوە سوید و بەڕێوەبەرایەتیەکەیان ڕێککەوتنیان کردووە.

هەروەها لە هەواڵەکەدا باسی ئەوە دەکرێت کە بەڕێوەبەرایەتی کوردی، چەند ڕۆژ لەمەوبەر بڕیاریدا ٢٥ هەزار هاوڵاتی سوری لە کەمپەکەی هۆڵ دەربکات.

ف.ق