تەرمی شەهید فیراز بەرکەل بەخاک سپێردرا

تەرمی شەهید فیراز بەرکەل لە گۆڕستانی شەهید دیجلەی کۆبانێ بە مەراسیمێک بەخاک سپێردرا.

لە چوارچێوەی مەراسیمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی سەدان هاوڵاتی کۆبانێ تەرمی شەهید فیراز بەرکەل شەڕڤانی قەسەدە کە لە ناوچەی تەبقا شەهید بوو، بەخاک سپێردرا.

مەراسیمەکە سەرەتا بە خولەکێک وەستان بە بێدەنگی دەستی پێکرد و دواتر فەرماندەی لیوای شەهید بارانی سەر بە ئەنجومەنی سەربازی تەبقا قسەی کرد و رایگەیاند، شەهیدانمان بۆ ئازادی وڵاتەکەیان گیانیان بەخت کرد و وتی:"ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە لە جیاتی ژێردەستەیی، شەهیدبوونیان هەڵبژارد و بە فیداکردرنی گیانی خۆیان، شکۆ و مێژووی نەتەوەیەکیان نووسیەوە."

دواتر ئەحمەد شێخۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیکی هەرێمی فورات قسەی کرد و و تیشکی خستە سەر ئەو قوربانیانەی لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگا دراون لە بەرامبەر شەڕ و پارچەبووندا، هاوکات بانگەوازیەکیشی بۆ یەکێتی و یەکڕیزی کرد بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانگێریەکانی دوژمن.

دوای پەیام و قسەکان، ناسنامەی شەهید فیراز بەرکەل خوێنرایەوە و رادەستی خانەوادەکەی کرا و لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا بە وتنەوەی دروشمی هاوسۆزی بۆ شەهیدان، تەرمی شەهید بەخاک سپێردرا.

ز.ش