تەرمی شەهیدی یەپەگە تێکۆشەرعەفرین بەخاک سپێردرا

تەرمی شەهید تێکۆشەر عەفرین شەڕڤانی یەپەگە لە هەرێمی شەهبا بە مەراسیمێکی شایستە بەخاکسپێردرا.

تێکۆشەرعەفرین شەڕڤانی یەپەگە لە دووهەمین قۆناغی خۆڕاگری سەردەمدا بریندار ببوو و لە ١٢ی کانووی یەکەمدا لە حەلەب شەهید بوو.

سەرەتای تەرمی شەهید لە نەخۆشخانەی ئاڤرین وەرگیرا و بە کاروانێکی بەرفراوان بەرەو گۆڕستانی شەهیدانی خۆڕاگری سەردەم لە ناوچەی ئەحرەز بەڕێکرا.  بە سەدان هاوڵاتی عەفرین و ناوچەی شەهبا و ئەندامانی ئەنجومەن و رێکخراوەکانی ناوچەکە بەشداریان لە مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی شەهید دا کرد.

لە ناوچەی ئەحرازیش مەراسیمێکی پێشوازی لە تەرمی شەهید رێکخرا و دوای خولەکێک وەستان بە بێدەنگی وەکو رێزگرتن لە خوێنی شەهیدان، هاجەر محۆ لەسەر ناوی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان و حەنان سیدۆش لەسەر ناوی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر قسەیان کرد. لە پەیامەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە ئەوان لە سایەی خوێنی شەهیدە قارەمانەکان لەسەر خاکەکەیانن.

دوای خوێندنەوەی ناسنامەی شەهید لە لایەن شیرین سلێمان ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکەوە، تەرمی شەهید تێکۆشەر عەفرین بە وتنەوەی دروشمی هاوسۆزی بۆ شەهیدان، بەخاک سپێردرا.

ز.ش