تەڤدەم: ڕێبەر ئاپۆ هیوای گەلانە

تەڤدەم پیلانگێڕیی 9ی تشرینی یەکەمی شەرمەزار کرد و وتی،" ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە هێما و هیوا بوو. هەموو خەڵک ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە ئازادی خۆیان دەزانن."

تەڤدەم بەبۆنەی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی 9ی تشرینی یەکەم لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای راگەیەندراوەکەدا هاتووە:"ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی کە زۆرێک لە ویلایەتەکانی جیهان بە هۆی سیاسەتی ناعەدالەتی و ناڕەوایان لە دژی ویستی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ویستی خەڵکی ناوچەکە بەگشتی ڕۆڵی نەرێنیان گێڕا، ئەو پیلانگێڕییە نایاسایی و نائاساییە و هەموو بنەماکانی یاسایی و مرۆیی پێشێل دەکات. ناوەندە ستراتیژییەکانی جیهان ئەم پیلانگێڕییەیان بە پیلانگێڕییەکی سەدە ناوزەد کرد. دەوڵەتە پیلانگێڕەکان ئامانجیان دەستگرتنە بەسەر ویستی خەڵکی کوردستان و دەستکەوتە مێژووییەکانی و تێکشکاندنی ویستی برایەتیی گەلان و ژیانی هاوبەش و لەناوبردنی ویستی گەلانی ناوچەکەیە و دەیانەوێت گەلانی انوچەکە بە بێ سەرۆک و بێ فەلسەفە بهێڵنەوە. ئەگەر ئەو پیلانگێڕییە بەهای ئەخلاقی و یاسایی هەبوایە، ئەوا بارودۆخی ناوچەکە جیاواز دەبوو و نەدەگەیشتە ئەم دۆخە."

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی 23 ساڵە لە زیندانی ئیمڕاڵیدایە، چونکە دەوڵەتی تورک گۆشەگیرییەکی تووندی لە زینداندا سەپاندووە و دڕندەترین کردەوەی شۆڤێنی، سزای نایاسایی دەسەپێنێت و هەروەها ڕێگە نادات خێزان و پارێزەران سەردانی بکەن. لەو کارانەوە ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورک هێشتا نەگەیشتۆتە چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتیانە.

هەروەها ئەوەش هاتبوو: ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەمڕۆ نوێنەرایەتی هیوا و ویستی مرۆڤایەتی ئازاد و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکات و بۆ دۆزینەوەی ئاشتی و دیالۆگی دیموکراتی تێدەکۆشێت و دەشڵێت:"ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تاکە گرەنتیە بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی تورک و دەوڵەتە پیلانگێڕەکان ئەم ڕاستییە پشتگوێ دەخەن. بە پێچەوانەوە زیاتر توندوتیژی و تیرۆر بەکاردەهێنن. هێرشە سەربازییەکانی دژی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و شەنگال، هەوڵدان بۆ داگیرکردنی شەنگال، هەمووی درێژەپێدەری پیلانگێڕیی نێودەوڵەتین. سەرەڕای بێدەنگیی نێودەوڵەتی، دەوڵەتی تورک عەفرین، سەرێکانی، گیرێ سپی و چەندین ناوچەی دیکەی کوردستانی داگیرکرد و تا ئێستاش هەڕەشەکانی بەردەوامە. دەوڵەتی تورک گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە ناوچە داگیرکراوەکانی کورد ئەنجام دەدات، بۆ لەناوبردنی ناسنامەی کورد و کۆمەڵکوژیی کوردان."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە گرنگی بەرخۆدانی ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان و بەشداری هەزاران زیندانی سیاسی و دەیان ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان لە هەڵمەتی 'کاتی ئازادی' دا کراوە و تەئکیدیشی کردووەتەوە کە فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتی گونجاوترین پرۆژەیە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان و ئاڵۆزیەکانی هەرێمەکە.

تەڤدەم لە کۆتایی لێدوانەکەیدا داوای لە دەوڵەتە پیلانگێڕەکان کرد، کە واز لە سیاسەتە کۆنەکانی خۆیان بهێنن و سەرەتا (نەتەوە یەکگرتووەکان) و هەموو لایەک، فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورک بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان.

هەروەها بانگی لە هەموو ئازادیخوازان، دیموکراتخوازان و هەموو دەزگاکانی یاسایی و مرۆڤی جیهان کرد کە پشتگیری لە داواکاری ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بکەن و هەوڵ بدەن سیاسەتی شۆڤێنی پیلانگێڕەکان تێکبشکێنن و وتی، "لەبەرئەوەی عەبدوڵلا ئۆجالان نە تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ گەل و پێکهاتەکانی هەرێمەکە بووەتە هێما و هیوا و هەمو گەل و پێکهاتەکان ئازادی خۆیان لە ئازادی ڕێبەر عەبدوڵلا ئۆجالاندا دەبیننەوە."

ف.ق