تەڤدەم : هەڕەشەکانی سەر شەنگال خزمەت بە تورکیا و هاوکارەکانی دەکات

تەڤدەم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئیدانەی هەڕەشەکانی سەر شەنگال دەکات و دەستنیشانی دەکات کە هەڕەشەکانی سەرخاکی شەنگال خزمەت بە دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی دەکات و ئەمە بە واتای فەرمانێکی ترە لە سەرگەلی ئێزدیی.

تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک(تەڤدەم) لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە ڕاگەیاندراوێک داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە لە بەرامبەر ئێزدییەکاندا ئەرکی ئەخلاقی خۆی پێکبێنێت و پشتیوانی لە ئەو ئەزمەوونە خۆبەڕێوبەرییەی شەنگال بکات کە لە عێراقدا بووەتە مۆدێلێکی نموونە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، تەڤدەم دەستنیشانی کردووە کە حکومەتی عێراق کە یەکێک لە تاوانبارانی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤یە لەسەر ئێزدییەکان، ئێستا بە ڕەوانەکردنی هێز بۆ شەنگال، لە شوێنی ئەوەی پشتیوانی لە گەلی ئێزدی و داواکارییەکانیان بکات، دەیەوێت دەستکەوتەکانی گەلی ئێزدی تێکبدەن کە بە قوربانیدانی خۆیان دەستەبەریان کردووە، بەم شێوازەش پیلان و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانیان بۆ کۆمەڵکوژ کردنی ئێزدییەکان پێکدێنن.

تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە ئەوان پشێوانی ئیرادە و بەرخۆدانی خەڵکی شەنگال دەبن هەتا دەگەنە ئازادی خۆیان و داواشی لە حکومەتی عێراق کرد کە ئەرکی ئەخلاقی خۆی لەبەرامبەر گەلی ئێزدیی و داواکارییەکانیاندا پێکبێنێت و ببێتە پشتیوانێک لە ئەزموونی خۆبەڕێوبەری شەنگال کە ئێستا بووەتە مۆدێلێکی نمونە لە عێراقدا، چونکە دژایەتی کردنی ئێزدییەکان ئاڵۆزییەکان لە عێراقدا قوڵتر دەکاتەوە و تەنها خزمەت بە لایەنە دەرکییەکان دەکات.

ک-ش