تەڤدەم: هێزە نێونەتەوەییەکان لە تاوانەکانی عەفرین بەرپرسیارن

تەڤدەم رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە تاوانەکانی عەفرین بەرپرسیارین.

بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم / TEV-DEM) لەسەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە عەفرین راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرنجی خستە سەر بەرپرسیاریی هێزە نێونەتەوەییەکان.

راگەیاندراوەکەى تەڤدەم:

"پێشێلکارییەکانی داگیرکەریی تورک و چەتەکانی لە عەفرین رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت. داگیرکەریی تورک و چەتەکانی لە رێگەى رووخاندن و هەڵکەندنی شوێنە مێژووییەکان، رووخاندنی مەزار و شوێنە پیرۆزەکان و هەڵدانەوەى گۆڕی شەهیدان، سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تاوانی بەدەر لە هەموو پێوەرە حقوقی و یاساییەکان ئەنجام دەدەن. هاوکات لەگەڵ بێدەنگیی نێونەتەوەیی لە عەفرین تیرۆرێکی رێکخستنکراو و سیستماتیک بەڕێوەدەچێت.

ئەو بێدەنگییە رەوایی بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەدات، لەبەر ئەوەش تاوەکو دەچێت داگیرکەریی تورک تاوانی گەورەتر لە دژی بەهاکانی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات و ئەوانە بە مێژووە پڕ لە خوێناوییەکەیان زیاد دەکەن. داگیرکەریی تورک گۆڕی شەهیدانی لە تەنیشت نەخۆشخانەی ئاڤرین هەڵدایەوە، کە ئەوان لە بەرخودان لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان و بەهۆی بۆردومانە  بەردەوامەکان بۆ سەر شارەکە شەهید بوون. دوای ٣ ساڵ سیناریۆیەکی نوێ بەدەر لە عورف و بەهاکانی کۆمەڵگەیان دروستکرد و دەڵێن، گۆڕی بە کۆمەڵە و دەیانەوێت بەرخودانی سەردەم و بەرخودانی یەپەگە و یەپەژە رەش و ناشیرین بکەن.

بەڵگەکانی دەزگای بنەماڵەى شەهیدان لە عەفرین و بەڵگەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دوو ڕوویی و مونافیقێتیی سیاسیەتی داگیرکەریی فاشیستی تورک نیشان دەدات. دانیشتوانی عەفرین، کە ئەو شەهیدانەیان لەو خاکە پیرۆزەدا بە دەستی خۆیان بەخاکسپاردووە، بەڵگە و سەلمێنەری بەرچاون بۆ سەلماندنی چەپەڵی، تاوان و تیرۆری رێکخراوی دەوڵەتی تورک و ئامانجەکانی بۆ فریودانی کۆمەڵگەى نێونەتەوەیی دەخاتەڕوو.

کردارەکانی تیرۆری سیستماتیک لە دەرەوەی هەموو یاسا و بنەما و پێوەرەکان، کردار و تاوانی مرۆڤایەتین. ئێمە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بواری مافەکان و یاساکان بەرامبەر بەوە بە بەرپرسیار دەزانین، چونکە لە بەرامبەر پێشێلکردنی بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگە و بە تایبەتی بەهاکانی کۆمەڵگەى کورددا هیچ هەڵوێستێک نیشان نادەن".

ژ.ت