تورکیا نەوتی لە داعش دەکڕی و چەکی بە داعش دەدا

دکتۆر ئەحمەد یوسف لە بەشی ئابووریی زانکۆی حەڵەب وتی، ئەو چەکانە، کە سەدات پەکەر یەکێک لە ئاکتۆرەکانی پێکداهەڵپژانی چەتەکانی ناوخۆی تورکیا باسیان دەکات، ئەو چەکانەن، کە تورکیا لە بەرامبەر نەوتدا دەیدا بە داعش.

سەرەک چەتەی تورک سەدات پەکەر، کە بەهۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی ناوخۆیی چەتە و مافیاکانی تورکیا دانپیادانەکانی خۆی بڵاودەکاتەوە، باسی ئەو چەکانە دەکات، کە رەوانەى سوریا دەکران بۆ چەتەکانی داعش و گروپە چەتەکانی تر و وتی، لەبەشەکانی تردا لەسەر ئەو بابەتە زیاتر قسە دەکات.

دکتۆر ئەحمەد یوسف، کە لەسەر داهاتی داعش لێکۆڵینەوە دەکات وتی، تورکیا لە بەرامبەر نەوت، کە لە داعشی دەسەند نەک تەنها هاوکاریی لۆجستێکی و ترانزێتیی، بەڵکو چەکیشی بە داعش دەدا.

یوسف رایگەیاند، داعش ناوچەیەکی کۆنترۆڵکردبوو، کە داهاتەکەى ٣ تریلۆن دۆلار بوو. بەوەش لە دژی کوردان و مرۆڤایەتی شەڕی دەکرد و وتی، "کارگەکان، ئۆتۆمبێل و کێڵگە نەوتییەکان سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتی داعش بوون. تەنها بەهای ئابووریی کێڵگە نەوتییەکان ٢ تریلیۆن دۆلار بوو. ٣٥ لە سەدی نەوتی سوریا لە دەستی داعش دا بوو. داهاتی داعش بە سەرچاوەکانی تر داهاتی کار و بازرگانییەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا ٢ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بوو".

لەبارەی پەیوەندیی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ داعش دکتۆر یوسف وتی، داعش نەوت و کانە دەوڵمەندە سروشتییەکانی تری بە تورکیا دەدا و تورکیا لە بەرامبەر ئەوەدا چەک و پێداویستیی لۆجستیکی بە داعش دەدا. هەروەها رێگای دەدا چەکدارەکانی داعش لە سنوور بپەڕنەوە بۆ سوریا و بڕۆنە ناو ریزەکانی داعش.

یوسف ئەوەشی وت، "داعش بەرهەمی نەوتیی خۆی لە رێگەى عێراقەوە بە تورکیا دەفرۆشت. بەشێکیشی دەفرۆشت بە ئوردون و بەشێکیشی دەفرۆشت بە سوریا. ئەوەى بە هاوکاری لەگەڵ چەتەکانی ئیدلب و حەما دەکرد. لە لایەکی تریشەوە بازرگانیی لەگەڵ رژێمی سوریا و چەتەکانی سوپای ئازادی سوریا دەکرد. بە بەهایەکی هەرزان لە رێگەى عێراقەوە ئەو نەوتیشی بە ئێران دەفرۆشت، بەڵام زۆربەى پێداویستییەکانی لە رێگەى تورکیاوە دابین دەکرا. لەبەر ئەوەش لە نێوان داعش و تورکیادا بازرگانییەکی گەورە هەبوو".

وتیشی، "یەکێک لەو کەسانەى زۆرترین بازرگانیی نەوتی داعشی ئەنجام دەدا سەرەک چەتە و مافیایەک بوو بە ناوی رازک مادک مەکسیمۆڤ. ئەوە خەڵکی ئازەربایجان بوو. ئەو کەسە دانی بەوەدا ناوە نەوتی بە تورکیا و رژێمی سوریا فرشتووە. تەنانەت دانی بەوەدا نابوو، لەگەڵ تورکیادا ٤ هەزار و ٨ مەتر بۆریی نەوتی داناوە و بەشێک لەو نەوتەیان لە رێگەى ئەو بۆرییەوە بە تورکیا داوە. لەبەرامبەر ئەوەشدا تورکیا هاوکاریی لۆجستیکی داعشی کردووە و رێگای داوە ئەندامانی داعش لە رێگای تورکیاوە هاتوچۆ بکەن و بڕۆن بۆ سوریا بۆ ناو چەتەکانی تری داعش. ئەو چەکانە، کە بە بارهەڵگرەکانی میت دەنێردران بۆ چەتەکان و دواتر ئاشکرابوون، هەر نیشانەی ئەوەیە. ئەوانە بە هەندێک بەڵگە و ڤیدیۆ سەلمێنراون. بە تایبەتی کاتی بەرخودانی کۆبانێ هاوکاریی تورکیا بۆ داعش زۆر زۆر زیاد و بەرچاو بوو".

ژ.ت