ڕوکەن ئەحمەد هاوسەرۆکی تەڤدەم: کاتی ئەوە هاتووە گەلی کورد بە پەدەکە بڵێت، ڕاوەستە

ڕوکەن ئەحمەد هاوسەرۆکی تەڤدەم ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە گرتنی ماسکی گاز پشتگیری چەتەکانی دەوڵەتی تورکیای کردووە و وتی: "لە جیاتی ئەوەی فیداییەکانی گەلی کورد بپارێزێت دوژمن دەپارێزێت".

ڕۆکەن ئەحمەد هاوسەرۆکی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم / TEV-DEM) هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری بە چەکی کیمیایی و بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) نرخاند.

ڕۆکەن ئەحمەد سەرەتا سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی ئەو ١٧ گەریلایە کرد، کە بە چەکی کیمیایی شەهید بوون و سەرەخۆشیسی لە هەموو گەلی کوردی وڵاتپارێز کرد و وتی: "ماوەی دوو ساڵە چەکی کیمیایی لە دژی گەلی کورد بەکاردەهێنرێت. بە تایبەتی دەوڵەتی تورکی فاشیست چەکی کیمیایی لە دژی گەلەکەمان و گەریلاکانمان بەکاردەهێنێت. بە درێژایی دوو ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە گەلی کورد و گەریلاکان چەکی کیمیایی بەکاردەهێنرێت".

نابێت هاوکاریکردنی دوژمن قبوڵ بکرێت

ڕۆکەن ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بێدەنگی بەواتای هاوکاری لە تاواندا دێت و داوای لە هێزە نێونەتەوەییەکان و ڕای گشتیی جیهانی کرد و وتی: "بێدەنگیی هێزە نێونەتەوەییەکان شەرمەزار دەکەین. ئەم بێدەنگییە بە هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکی فاشیست دەزانین. بە چەکی کیمیایی، نەک تەنها مرۆڤ، بەڵکو سروشتیش دەکوژرێت. بێدەنگیی دەوڵەتانی نێونەتەوەیی و ڕای گشتی بە مانای  هاوکاریکردن و بەشداریکردنە لەو کۆمەڵکوژییەدا. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە دژی فاشیزم بۆ ئازادیی گەلان لە چیاکاندان".

ڕۆکین ئەحمەد هاوسەرۆکی تەڤدەم ڕایگەیاند، هێزە جیهانییەکان و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا زیاتر، بانگەوازمان بۆ ڕای گشتیی جیهانە و وتی، "ئەمڕۆ چەکی کیمیایی لە دژی ئازادیخوازانی گەلی کورد بەکاردەهێنرێت. ئەو چەکانەی بەکارهاتوون لە جیهاندا قەدەغەکراون.  پێوەرەکانی جەنگ، مافی مرۆڤ و بەهاکان پێشێل دەکرێن. ئەمڕۆ دژی گەریلاکان بەکاردەهێنرێن، بەڵام سبەینێ دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هەموان و ڕای گشتی. دەوڵەتی تورک بەهۆی بێدەنگیی ڕای گشتیی نێونەتەوەییەوە هێزی پێدەدرێت و هێز لەو بێدەنگییە وەردەگرێت، کە چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت، بۆیە نابێت ڕای گشتی ئەمە قەبووڵ بکات".

لەڕۆژئاواش بەکاریهێنا و جیهان بێدەنگ بوو

ڕۆکەن ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی لە ڕۆژئاوا بەکارهێناوە و وتی" لە ساڵی ٢٠١٩دا لە سەرێکانی دژی گەلەکەمان بەکاریهێناوە. وێنەی منداڵە سوتاوەکان بە هەموو جیهاندا بڵاوکرایەوە و بینرا. ئەم وێنەیە هەزاران جار لە میدیاکانی جیهان و میدیا دیجیتاڵییەکان دا بڵاو کرایەوە و داوا لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بواری مافی مرۆڤ کرا، کە بەرامبەر ئەو هێرشە کیمیاییانە بە بەرپرسیاریی خۆیان هەست و دەست بە جموجوڵ بکەن".

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە گەریلاکانی ڕفاند و دای بە چەتەکان

ڕۆکەن ئەحمەد وتی، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستی بەسەر ئەو ماسکە دژە گازانەدا گرت، کە بۆ گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار  دەڕۆیشت و ئەو ماسکانەى دا بە چەتەکان. ڕۆکەن ئەحمەد وتیشی: "ماوەیەک لەوە پێش و بۆ ئەوەی گەریلاکانی کوردستان بتوانن خۆیان لە چەکی کیمیایی بپارێزن ماسکی دژە گازیان بۆ نێردرا، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە پشتگیری دەوڵەتی تورک دەکات، دەستی بەسەر ئەو ماسکانەدا گرت، ئەگەر ئەو ماسکانە نەگیرابان، لەوانەیە گەریلا بەم شێوەیە شەهید نەبونایە. پارتی (پەدەکە) دەستی بەسەر ئەو ماسکانەدا گرت و دای بە دەوڵەتی تورک. نەک بۆ پاراستنی گەریلا، بەڵکو بۆ پاراستنی چەتەکان ئەو ماسکەیان دا پێیان. لە بریی ئەوەی بیدات بە فیداییەکانی گەلی کورد ڕادەستی دوژمنی کرد".

هاوسەرۆکی تەڤدەم بانگەوازی بۆ بنەماڵەی گەریلا شەهیدەکان هەبوو و وتی: "پێویستە بنەماڵەی گەریلا شەهیدەکان بچنە بەردەم  دەزگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و پێیان بڵێن، 'ئێوە ڕۆڵەکانی ئێمەتان شەهید کردووە'. ئەگەر ئەو ماسکانە بگێشتنایە  گەریلاکانی ئازادی شەهید نەدەبوون. پارتی (پەدەکە) لە هێڵی خیانەتیش زیاتر زیادەڕەوی دەکات. لەلایەکی زەمینەسازی بۆ داگیرکاری دەکات، لەلایەکی ترەوە دەست بەسەر ماسکی دژە گازدا دەگرێت، لەلایەکی ترەوە وا دەکات فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بەئاسانی بە باشووری کوردستان دا بسوڕێنەوە. پارتی (پەدەکە) پشتیوانی لە دوژمن دەکات، بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر بەرخودانی گەریلادا زیانی پێنەگات. ئەگەر پارتی (پەدەکە) ڕێگەی بە دەوڵەتی تورک نەدابایە، ئەوا سوپای تورک نەیدەتوانی بێت.  ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پشتگیریی سوپای تورکی نەکردایە، ئەوا دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی هەنگاوێک بنێت".

پێویستە گەلی کوردستان بڵێن، 'ڕابوەستە'

ڕوکەن ئەحمەد هاوسەرۆکی تەڤدەم وتی: "پێویستە گەلی باشوری کوردستان ئیدی بە پارتی (پەدەکە) بڵێن، ڕابوەستە. دەبێت گەلی کورد لە کەسایەتی ١٧ شەهیددا داگیرکارییەکانی تورک و هاوکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ ئەو داگیرکاریەی قبوڵ نەکات. هاوسەرۆکی تەڤدەم وتیشی، "لە دۆخی پێچەوانەدا ناتوانرێت باس لە پاراستنی کوردستان بکرێت. چونکا ئەمڕۆ لە کەسایەتیی ئەواندا لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەرزدەبێتەوە، سەرچاوەکەی هێزەکانی گەریلای کوردستانە، کە لە دژی دەوڵەتی تورک شەڕدەکەن".

'ئەوەی دەکرێت بەس نیە و پێویستە کاری زیاتر بکەین'

ڕۆکەن ئەحمەد تیشکی خستە سەر چالاکییەکانی گەلانی ڕۆژئاوا و وتی: "هەڵوێستی گەلانی ڕۆژئاوا باشە، ئێمە بە گەلانی ڕۆژئاوا دەڵێین، 'ئێمە هەموومان گەریلاین، ئەم هێرشە لە دژی هەموومانە'. ئەمڕۆ ١٧ گەریلامان شەهید بوون، دەبێت ئێمە هەزاران گەریلا بخەینە شوێنیان. ئەمە ئەرکی هەموومانە. پێویستە خۆمان بە بەهێزی لە دژی فاشیزمی تورک و هاوکارەکانیان رێکبخەین. دەبێت لە شەقامەکان، لە قوتابخانەکان، لە دامەزراوەکانماندا ئەوە بە باشی بۆ هەموان ڕوون بکەینەوە".

ڕۆکەن ئەحمەد، پلانی چالاکیی دژ بە هێرشە کیمیاییەکان بڵاوکردەوە و وتی: "ئێمە بە ناوی تەڤدەم و هەموو دامەزراوەکانمانەوە بەشداری لە هەڵمەتی هەمەلایەنەی دژ بە هێرشە کیمیاییەکان دەکەین. ئێمە پلانسازیی خۆمان لە دژی پیلانگێڕی و هێرشەکان دیاریکردووە".

ژ.ت