وتەبێژی یەپەگە: دەستبەجێ وەڵام دەدەینەوە

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە وتی، ئەگەر تورکەکان هێرش بکەن، ئەوەی لە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی ڕوویدا دووبارە و دەستبەجێ وەڵام دەدەنەوە.

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە ڕایگەیاند، هەڕەشەی داگیرکاریی بۆ سەر ناوچەی پشتێنە دەکەن و دەیانەوێت لە ناوچە پشتێنییەکانەوە  ناوەندە دیموکراسییەکان بکەنە ئامانج و وتی، "ئەردۆغان فۆبیای دیموکراسی و ماف و کوردبوونی هەیە، دەیەوێت ئەو شوێنانە، کە دیموکراسی و یەکێتیی گەلانی تیادایە لە ناوی ببات. بەوەش هەوڵ دەدات کۆمەڵگا لە شۆڕش و هیوای ئازادی تێکبشکێنێت".

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە لەبارەی ئەو هەڕەشەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە دژی هەرێمەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

مەحمود ڕایگەیاند، هەڕەشەی هێرشی ئەردۆغان شتێکی نوێ نییە و وتی: "ئەگەر دەستبەجێش ڕاینەگەیەنێت،  هەموو ڕۆژێک هێرشەکان بۆسەر شەهبا، تل ڕەفعەت، سەرێکانی، تل تەمر، عەین عیسا و ڕێگای ئێم ٤ بەردەوامن. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی هەرێمەکە هەموو ڕۆژێک بەردەوامە. ئەمڕۆ ئەوەی ڕایانگەیاندووە، دەیانەوێت هێرشەکان زیاتر بکەن، بێگومان ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە و ئەردۆغان لەگەڵ سوپای تورک دا پاشماوەی گروپەکانی وەک داعش و قاعیدە و ئیخوان موسلمین بەکاردەهێنن.  جموجوڵی خۆیان و ئەو گروپانە زیادیان کردووە و هەوڵ دەدەن هێرش بکەنە سەر ڕۆژئاوا. ئەردۆغان ماوەیەکە لە گۆڕەپانی دیپلۆماتیک دا باس لەو هێرشانە دەکاتە و ئەمە ناشارێتەوە. هەموو ڕۆژێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ڕۆژئاوا، لە هاوڵاتیان و ئەندامانی ئێمە دەدەن. ئەوان هەوڵێکیان هەیە بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گەورەی داگیرکاری. بەهۆی ئەو ئامادەکاری و ڕاگەیاندنەی هێرشەکەی لەهەمان پرۆسەدایە، ئێمە ڕاگەیاندنی شەڕی ئەردۆغان بە هەڕەشەیەکی جدی دەزانین".

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە ڕاشیگەیاند، ئەو هێرشە بە واتای پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان ئەوان و ڕوسیا و ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی و تورکیایە و وتی، "ئەو هێزانە، هێزە زامنەکار و گارانتۆرەکانی ڕێککەوتنەکەن، بەڵام هێرشی تۆپ و تانک و فڕۆکە و چەتەکان بۆ سەر تل تەمەر و عەین عیسا و ڕێگای ئێم ٤ و تل ڕەفعەت و شەهبا و قامیشلۆ و دێریک و کۆبانی هەرگیز نەوەستا. هەموو جیهان دەبێت ئەوە بزانێت، کە سوپای تورکیا بەپێی فەرمانی ئەردۆغان هەڵسوکەوت دەکات و ئەو ڕێککەوتننامەیە پێشێل دەکات. پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەکان و ئەمریکا و ڕوسیا گەرەنتیی خۆیان جێبەجێ بکەن. ئەگەر پێویست بێت دەبێت بە تورکیا بڵێن، بەسە. هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی تورکیا هێرشەکانی داعش بە دەست پێ دەکات و داعش خۆی بەهێز دەکات. کاتێک ئەمە روودەدات، هەڕەشەی تیرۆریش دێتە ئاراوە. جیهان دەبێت ئەمە ببینێت لەم بوارەدا هەزاران بەڵگە هەیە.

هێرشەکەی سەر زیندانی حەسەکە نمونەی ئەوە بوو. لە ئێستادا مەترسیی هێرشی داعش بۆ سەر کامپی هۆل هەیە. ئەم شتانە هەموویان پێکەوە بە بەستراون. هەموو جیهان دەبێت ئەمە ببینێت. ئەردۆغان هێرشیش دەکاتە سەر عێراق. ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە ئێستا بۆ داپۆشینی هێرشەکانی تورکیا شەڕیان هەڵبژاردووە. جگە لە شەڕ هیچ چارەسەیەکی تریان نییە. کێشەکان لە تورکیا هەڵدەبژێرن ئەوان جگە لە جەنگ هیچ چارەسەرێکیان نییە. دەیانەوێت تورکیا بەپێی دۆخی نائاسایی بەڕێوەببەن. پێویستە گەلانی تورکیا ئەمە ببینن، کە  ئەوان دوژمنی دێموکراسی و ئازادی و دەوڵەمەندیی ڕۆشنبیری و ئەخلاقین. بە ڕێبازی جیهادیی و فاشیستیی هەوڵ دەدەن تورکیا بەڕێوەببەن. گوایە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی تورکیا هەیە، بەڵام باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە. پێویستە گەلانی  تورکیا ئەمە ببینن".

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە ڕایگەیاند، ڕژێمی سوریا بە ناوبژیوانیی ڕوسیا لە هەرێمەکەدایە و وتی: "ڕوسیا و ئەمریکا پاش شەڕ لە دژی سەرێکانی و گر سپی بوونە گەرەنتیی ڕێککەوتنەکە، ئێمە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەوان هەبوو. ناتوانین بڵێین، هەڵوێستی ڕوون بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا دروست بووە، پێویستەهێزەکانی گەرەنتی ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن. ئەردۆغان لەگەڵ سوپای ناتۆ هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکەمان و ناوچەکەمان و هێزەکانمان، کە بۆ چارەسەری سیاسی لە سوریا تێدەکۆشن. بەو هێرشانە چارەسەری دوادەخەن".

مەحمود باسی لە پشتێنە کرد، کە ئەردۆغان دەیەوێت ئەو ناوچەیە دورست بکات و وتی: "ئەو پشتێنەیە، کە ئەردۆغان باسی دەکات ئەو شوێنانەن، کە دیموکراسییان تیادا چەسپاوە. ئەو شوێنانەن، کە شۆڕشی تیاندا ئەنجامدراوە و شوێنی شۆرشن. ئەردۆغان دەیەوێت ئەو مۆدێلە، کە لە سوریا دامەزراوە بووە بە پێشەنگ لەناوببات. هێڵی دێرک بۆ تل ڕەفعەت و عەفرین ئەو شوێنانەن، کە سیستمی دیموکراسیی تێدا دامەزراوە و گەلانی عەرەب، تورکمان، سوریانی، چەرکەسی و ئەرمەنیی تێیدا دەژین. پێشەنگایەتیی ئەم هەرێمە دەکەن. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان دەیانەوێت ئەمە تێکبشکێنن. بە وتەی ئەوان ئەگەر ناوچە کوردییەکان داگیربکرێن ئەوا دەتوانن کۆمەڵگا لە شۆڕش دوور بخەنەوە و کۆمەڵگا دەستبەرداری هیوایی ئازادی دەبێت".

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە ڕاشیگەیاند، دوای شەڕی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی ئەزموونی زۆریان کۆکردووەتەوە لەبارەی چۆنیەتیی پاراستنی خۆیان و دەستکەوتەکانی شۆڕش و وتی: "هەموو هێزەکان خۆیان بەو پێیە ئامادەکردووە. بارودۆخی وەک ئەوەی لە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی دووبارە نابێتەوە. ئەگەر هێرشێک ئەنجامبدرێت هێرشبەرەکان تووشی هەندێک بارودۆخ دەبنەوە. دەبێت گەلەکەمان ئەم هەڕەشە داگیرکارییانە بەجدی بزانێت و بەو پێیە خۆیان ڕێکبخەن. دەبێت گەلەکەمان ئەوە بزانن، کە دوژمن ناوەستێت و ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە هەرکاتێک دەرفەتیان هەبێت هێرش دەکەنە سەرمان".

ژ.ت