ئاڵدار خەلیل: بە مووشەکی ناتۆ هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوا

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ڕایگەیاند، ئەو موشەکانەی دەوڵەتی تورک هێرشی پێکردنە سەر ڕۆژئاوا لەلایەن ناتۆ و ئەمریکاوە دروست کراوە و ڕاشیگەیاند، ئەو هێزانەی ڕێگەیان بە هێرشەکە داوە هاوبەشی هێرشەکەن.

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە لەبارەی هێرشەکانی شەوی شەممەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)کرد.

ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی سوریا، دەوڵەتی تورک هەمیشە لە سوریا دەستێوەردانی کردووە و جەرابلوس، باب، عەزاز، ئیدلب، عەفرین، گرێسپی و سەرێکانیی داگیرکردووە و  وتی: "دەوڵەتی تورک نایەوێت لە سوریا ئاشتی و دیموکراسی بەدی بێت، نایەوێت کێشەکان و قەیرانەکانی کۆتاییان پێ بێت. خۆی کردووە بە خاوەنی قەیرانەکان و پشتیوانی لە قەیرانەکان دەکات".

ئاڵدار خەلیل وتیشی: دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە سەرەڕای درێژبوونەوەی قەیرانەکانی سوریا دەیەوێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و دەیەوێت ڕای گشتی تورکیا و ڕای گشتی جیهانی فریو بدات بۆ ئەوەی نیشانی بدات، کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە. ئاڵدار خەلیل وتیشی: "جگە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ھێرشبەر، نزیکەی ٥٠ فڕۆکەی جەنگی و چەکی جۆراوجۆر لەو هێرشەدا بەکارهاتوون، ئەو شوێنانەی کە هێرشیان کردە سەر کوێ بوون؟ ناوچەی مەدەنی بوون. سەرنج بدەن، عەمبارەکانی گەنم، وێستگەى کارەبا و نەخۆشخانەکان بۆردومان کراون. واتە هەموویان ناوچەی مەدەنین. ئەمە ڕاستی ئەوان بە ڕوونی ئاشکرا دەکات".

ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، هەرگیز هێرشەکانیان ناتوانن تێکۆشانیان لاواز بکەن و وتی: "هەرگیز ناتوانن هەنگاوێکمان بۆ دواوە پێ بنێن،  بە پێچەوانەوە پێداگریمان لەسەر سەرکەوتن زیاتر دەکات. هێرش بەو هەموو فڕۆکە جەنگی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە، دەبنە هۆی ئەوە، کە تێکۆشانی پێکەوەیی گەلان بەهێزتر بکات و هەڵوێست لە دژی ئەو هێرشانە وەربگیرێت".

ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە هاوکارانی ئەو هێرشانە وتی: "ڕاستییەکە ئەوەیە، کە دەوڵەتی تورک بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە هێزە نێونەتەوەییەکان ناتوانێت هێرش بکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ناتوانێت خۆی لەسەر سوریا کاریگەر بکات، ئێمە دەزانین، کە ئەوان ناتوانن ئەوە بکەن، هەتا ئەوان پێیان نەڵێن "باشە" تورک ناتوانێت ئەوە بکات. ئەمە یەک لایەنی بابەتەکەیە. تایبەتمەندیی دووەم هەر خۆی پێشتر لە چاپەمەنییەکاندا بڵاو کرایەوە. ئەو موشەکانەی بەکارهاتوون لەلایەن ناتۆ و ئەمریکاوە دروست کراون، ئەو فڕۆکانەی بەکاری دەهێنرێن هی ئەو وڵاتانەیە، ئەو موشەکانەشی دەیهاوێژن هەر هی ئەوانە. ئەوەش دەریدەخات، کە ئەو هێزانە بە تورکەکانیان نەوتوە "نا". بەپێچەوانەوە دەنگیان نەکردو و ڕێگەیان پێدان. بەم شێوەیە مرۆڤ لەوە تێدەگات، کە ئەوان هاوبەشی هێرشەکانن بۆ سەر هەرێمەکەمان".

ئاڵدار خەلیل لە درێژەی قسەکانیدا سڵاوی لە چالاکییەکانی گەل لە وڵات و دەرەوەی وڵات کرد و وتی: "لە ڕۆژئاوا و باکور -  ڕۆژهەڵاتی سوریا، نەک تەنها کورد، بەڵکو عەرەب و سریانی و هەموو پێکهاتەکان و نەتەوەکان و بیروباوەڕە جیاوازەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و گۆڕەپانەکان، ئەمەش سەرکەوتنی پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک نیشان دەدات. ئەوەش دەریدەخات، کە خاوەنداری و پشتیوانی لە بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی دەکەن. ئەگەر گەلانی هەرێمەکە پێکەوە بڕژێنە مەیدانەکان، هێرشەکان شەرمەزار بکەن و خاوەنداری لە دەستکەوتیان بکەن، ئەوا دەبێت بۆ شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی ئامادەبن. شەڕی گەل ماوەیەکی زۆرە لە بواری پەروەردە و کۆبوونەوە و ڕاهێناندا لە بەرنامەی ئێمەدایە، نەک هەر لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی، کولتووری و هونەرییەوە لە بەرنامەی ئێمەدایە. گەل بەم شێوەیە خۆی بە خاوەنی شۆڕشەکەى دەزانێت و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشیش ئامادەکاری دەکات".

ئاڵدار خەلیل لە کۆتایی وتەکانیدا بۆ هێزە کوردستانییەکان وتی: "ئەگەر سەرکەوتنێک لە ڕۆژئاوا بەدەست بهێنرێت، ئەوا سەرکەوتنی هەمووان دەبێت، شکستیش دەبێتە شکستی هەموو کەسێک. بۆیە هەر چەندە هێزە کوردستانییەکان هێزەکانیان بخەنەپاڵ یەک و خاوەنداری لەو دەستکەوتانە بکەن، بەو ڕادەیە سەرکەوتن مسۆگەر دەبێت. ئێمە نمونەی ئەوەمان شتە بینیوە. لە کۆبانێ هێزە کوردستانییەکان و هەروەها هێزە بیانییەکان خاوەندارییان لە بەرخۆدان کرد، هەمان ڕێباز و شێواز بۆ پاراستن و ئازادکردنی شەنگالیش سەلمێنرایەوە، بۆیە ئێستا داوا لە هێزە کوردستانییەکان و هێزە دیموکراتییەکان دەکرێت، کە بەشداری لەم بەرخۆدانە بکەن و پشتیوانی و خاوەنداریی لێ بکەن".

ژ.ت