ئاکار و یاشار لە هەولێرن

خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورک و یاشا گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک سەردانی هەولێریان کرد.

شاندی دەوڵەتی تورک لەلایەن خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری و یاشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و دوێنێ دووشەممە سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە نووسینگەى سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و راگەیاندرا، لە چاوپێکەتنەکەدا باس لە "بەرژەوەندیی هاوبەش" و "بەهێزکردنی هاوکاریی سەربازی" لە نێوان هەر دوو وڵاتدا کرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە چاوپێکەوتنەکەدا باس لە رێزگرتن لە سەروەریی عێراق کراوە. لە راگەیانرداوەکەدا بە ناوی کازمییەوە راگەیاندراوە، باس لەسەر هەندێک بابەت کراوە، کە پیشتر لە سەردانەکەى کازمی دا بۆ تورکیا رێککەوتنی لەسەر کرابوو.

هاوکات نووسینگەى سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەى چاوپێکەوتنەکەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق دا باس لە رێزگرتن لە سەروەریی عێراق کراوە.

لەبارەی ناوەرۆکی ئەو دوو چاوپێکەوتنەوە زانیاری زیاتر بڵاونەکراوەتەوە.

شاندەکەى تورک دوای چاوپێکەوتنەکانی لە بەغدا رۆیشت بۆ هەولێر. شاندە تورکەکە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم پێشوازیی لێکرا.

چاوەڕێ دەکرێت شاندەکەى دەوڵەتى تورک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان چاوپێکەتن ئەنجام بدات.

سەردانی شاندەکەى تورک لە کاتێکدایە، کە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان زیادیان کردووە.

لەبارەی ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکان تاوەکو ئێستا راگەیاندراو بڵاونەکراوەتەوە.

ژ.ت