ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک؛ ١٣ هاوڵاتی و ٦ شەڕڤان شەهید بوون

بەپێی ئامارەکان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کاتژمێر ٠٠:٠٠ی ١٩ی تشرینی دووەم دەستپێکرد و لەو هێرشانەدا ١٣ هاوڵاڕتی و ٦ شەڕڤان شەهید بوون.

بەپێی ئامارەکان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کاتژمێر ٠٠:٠٠ی ١٩ی تشرینی دووەم دەستپێکرد و لەو هێرشانەدا ١٣ هاوڵاڕتی و ٦ شەڕڤان شەهید بوون. ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمیش نەخۆشخانەی کۆرۆنای کۆبانێ بۆردومانکرا و بەتەواوی ڕووخا.

دەوڵەتی تورک لە ١٩ی تشرینی دووەم و لە کاتژمێر ٠٠:٠٠ ناوچەکانی دێریک، دربەسی، ئەبو ڕاسێن، کۆبانێ و شەهبای لە باکور -  رۆژهەڵاتی سوریا بۆردوومان کرد.

ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ١٩ی تشرینی دووەم، کە بە فڕۆکە بۆ سەر هەرێمەکە ئەنجامیداون بەم شێوەیەن:

دێریک

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی جەنگی چوار جار گوندی تەقل بەقلی لە نزیک قەرەچۆغ بۆردوومان کرد. سەرەتا لە گوندی تەقل بەقل کارمەندێکی دەستەى کارەبا، کە لە وێستگەى کارەبای ناوچەکە کاری دەکرد، شەهید بوو.

دوای لێدانی یەکەم و کاتێک گەل هەوڵیان دا بچنە بە هانای بریندارەکانەوە، دیسانەوە لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیاندا ناوچەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکی داگیرکەرەوە بۆردوومان کرانەوە. لەو بۆردومانەدا زیانێکی زۆر بە وێستگەى کارەبای ناوچەکە گەیشت.

دەربێسی

لە گوندی داهر لە نێوان دربێسی و ئەبوو ڕاسێن دا ٢ کارمەندی عەمباری گەنم و شەڕڤانێک لەسەر هێڵی ئەبو ڕاسێن شەهید بوون و برینداریش هەیە.

کۆبانێ

گوندی هلێنج ٢ جار، گردی مشتەنور ٦ جار، گوندی شێرانە ٢ جار، دارا حکومییە ٣ جار، کانیا کوردا ٢ جار و عەمبارەکانی گەنمی گوندی قز عەلی ٣ جار بۆمباران کراون. لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا چەندین خانوو زیانیان پێگەیشتووە, لەگوندی قز عەلی ٢  سەربازی ڕژێم کوژران و ٢ سەربازیش برینداربوون. لە هێرشی سەر گردی مشتەنور دا پەیامنێری ستێرک تیڤی محەمەد جەرادا  برینداربوو.

ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەم و لە کاتژمێرەکانی پێشنیوەڕۆدا گردی مشتەنور، گەڕەکی نوێ و گردی کانیا کوردا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومان کران, لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا نەخۆشخانەی کۆرۆنا لە گردی مشتەنور بەتەواوی ڕووخا.

ئەبوو ڕاسێن

گوندی تل هەرمەل دوو جار بۆمباران کرا و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا شەڕڤانێک شەهید بوو و ٣ شەڕڤانیش برینداربوون، هەروەها ٣ سەربازی ڕژێمی سوریا کوژران و ٢ سەربازی تری ڕژێمی سوریاش برینداربوون.

تل ڕەفعەت

ناوچەکانی تل ڕەفعەت، شەرا، بیلونە، شێخ عیسا، مینغ و گوندی شەوارق، کە کۆچبەرانی تێیدا نیشتەجێن، بۆمباران کران. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ٥ شەڕڤان شەهید بوون و ٢ هاوڵاتیش برینداربوون.

لەو هێرشانەدا چەندین بنکەی دەوڵەتی سوریا کرانە ئامانج و زیاتر لە ٢٠ سەرباز کوژران و زیاتر لە ٢٠ سەربازیش برینداربوون.

هەروەها هێڵە سنوورییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە چەکی قورس بۆمباران کران و فڕۆکەی چاودێری بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە.

ژ.ت