ئاسایش دوو ئەندامی میلیشیاكانی دیفاع وەتەنی دەستگیر كرد

شەڕو پێكدادان لە گەڕەكی تەیی شاری قامشلۆ، بەردەوامە ‌و ئاسایشی ڕۆژئاوا، دوو ئەندامی میلیشیاكانی دیفاع وەتەنی، دەستگیر كرد.

ئاژانسی هاوارنیوز بڵاوی كردەوە: شەڕو پێكدادانی نێوان هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوا ‌و میلیشیاكانی دیفاع وەتەنی سەر بە ڕژێمی ئەسەد، لە گەڕەكی تەی ‌و باشووری شاری قامشلۆ، بەردەوامە.

بە گوێرەی ئاژانسەكە، شەڕەكە لە دەوروبەری خوێندنگەی حەلكۆ بەردەوام بوە ‌و هێزكانی ئاسایش، دوو چەكداری میلیشیاكانیان دەستگیر كردوە ‌و هێرشی میلیشیاكانیان تێكشكاندوە ‌و بەردەوام لە پێشڕەویدان.

شەوی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، لە فولکەی وەحدە لە شاری قامشلۆ، میلیشیاکانی دیفاع وەتەنی سەر بە ڕژیمی ئەسەد کە لە ژێر فەرمانی ئێراندان، لە گەڕەکی تەیەوە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی هێزەکانی ئاسایش و لە ئەنجامدا شەڕڤانێکی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوو، دوابەدوای ئەمە، هێزەکانی ئاسایش بەرپەرچیان دایەوە و لە گەڕەکی تەی کە شوێنی نشتەجێبوونی ئەو میلیشیایانەیە، پێشڕەوییان کرد و ناوەندەکەیانیان بە ناوی (مفرزە لیلو) کۆنترۆڵ کرد.

ف.ق