ئایا هەنگاوی یەکەم بۆ کردنەوەى دەروازەی ئۆڤاکۆی لە شەنگالەوە دەستیپێکردووە؟

دەوڵەتی تورک دوای هەڵەکانی بۆ بەشداریپێکردنی پەدەکە و ئەمریکا لە پرۆژەی دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی، ئێستا دەیەوێت لەو رێگەیەوە دەروازەکە بکاتەوە. ئەو پرۆژەیە، کە مەترسییە بۆ سەر رۆژئاوا و باشوور یەکەم هەنگاوی لە شەنگالەوە دەستیپێکرد.

ئاشکرا بوو رێککەوتنەکەى پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و حکومەتی ناوەندیی عێراق لە سەر شەنگال، لە ژێرەوە رێککەوتنێکی نوێی لۆزان و میساقی میللیی تورکەکانی پێ نوێکراوەتەوە. پەدەکە و حکومەتی عێراق لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا لەسەر شەنگال رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بەڵام ئاکتۆرەکانی تری ئەو رێککەوتنە دەوڵەتی تورک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان.

بەپێی زانیارییەکان، دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٧ەوە کار لەسەر پرۆژەی دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی دەکات، دوای هەندێک ریفۆرم و گۆڕانکاری و بەرفراوانکردنی، ئەو پرۆژەیە بە فەرمی پێشکەشی بەرپرسانی ئەمریکا و پارتی کردووە. دەوڵەتی تورک پرۆژەی دەروازەی سنووریی ئۆڤاکۆی، کە پێشتر پارتی لە دژی بوو، خستووەتە رۆژەڤەوە و ئەمجارەیان بە بەشداریپێکردنی پارتی هەنگاوی یەکەم بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە شەنگال هەڵگیرا.

بەڵگەى ستراتیژی لە دژی کوردان

دەوڵەتی تورک، پارتی و عێراق بە هەماهەنگیی ئەمریکا لەسەر پرۆژەیەک کار دەکەن و ئەو پرۆژەیەش هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکەن. دەوڵەتی تورک لە رێگەى ئەو پرۆژەیەوە، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی بەرەوپێشبردنی ستراتیژیی وەزارەتی دەرەوەی تورکەوە وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی کاری لەسەر دەکرێت، دەیەوێت بەرژەوەندیی عێراق، پارتی و ئەمریکای تیا کۆبکاتەوە.

سەرچاوەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) رایانگەیاند، گرنگیی "دابینکردنی ئاسایشی سنووری عێراق و سوریا" و "سنووردارکردنی کاریگەریی ئێران لە عێراق و سوریا" و "سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەى موسڵ و پێشخستنی بازرگانی"، بەو پرۆژەیە زیادکراوە و بەو شێوەیە هەوڵ دەدەن پشتیوانی ئەمریکا بۆ پرۆژەکەیان بە دەست بهێنن.

پرۆژەى دەروازەی سنووریی ئۆڤاکۆی

دەوڵەتی تورک پرۆژەى سنووریی ئۆڤاکۆی ساڵی ٢٠١٧ و دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستانەوە کردە رۆژەڤ. پرۆژەکە لە سێگۆشەى سنووریی رۆژئاوا – باشوور و باکووری کوردستانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو بەغدا درێژدەبێتەوە. لە پرۆژەکەدا پلان بۆ رێگای زەمینی و رێگای ئاسن دانراوە، لە شاری شرنەخی باکووی کوردستانەوە دەستپێدەکات و بە پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستاندا تێدەپەڕێت بۆ رۆژئاوای شەنگال و دەگاتە تەلەعەفەر و لەوێیەوە بۆ موسڵ و لەوێشەوە بۆ سامەڕا و بەغدا.

دوای ریفراندۆم پرۆژەکەی خستە رۆژەڤەوە

دەوڵەتی تورک ئەو پرۆژەیە لە ساڵی ٢٠١٧ و دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە داخستنی سنووری خابوور (ئیبراهیم خەلیل) و بۆ بازدان بەسەر باشووری کوردستاندا و دروستکردنی پەیوەندیی راستەوخۆی زەمینی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندیی عێراق دا خستییە رۆژەڤەوە. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨دا سەردانی تورکیا کرد و لەو کاتەدا پرۆژەکە خرابووە رۆژەڤەوە. لەو کاتەدا راگەیاندرا، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بازرگانی و گومرکی تورک بە شێوەی گشتی و مەبدەئی لەسەر ئەو پرۆژەیە لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانیدا رێککەوتون.  

دوای ئەوەى بەڕێوەبەرایەتیی عێراق گۆڕدرا و پەیوەندییەکانی دەوڵەتی تورک و پارتی سکەى خۆیان وەرگرتەوە، رۆژەڤی پرۆژەکە بۆ ماوەیەک راوەستێنرا، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەى دەستمان کەوتوون، دوای چەند چاوپێکەوتنێکی دیپلۆماتیک لە نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر و واشنتۆن دا، پرۆژەکە سەرلەنوێ خرایەوە رۆژەڤ و دەستکرا بەکارکردن لەسەری.

چاوپێکەوتنی نێوان ئەنقەرە – بەغدا – هەولێر – واشنتۆن

هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای سیخوڕی و هەواڵگریی دەوڵەتی تورک (میت) لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا سەردانی بەغدای کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی مانگی ئاب سەردانی واشنتۆنی کرد، مانگی ئەیلول سەردانی هەولێری کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی مانگی ئەیلول سەردانی ئەنقەرەى کرد، دواتریش نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا جەمیس جێفری سەردانی هەولێر و ئەنقەرەى کرد. دەوترێت پرۆژەکە لەو سەردانانەدا لێکدانەوەى تەواوی بۆ کراوە.

هێرشی داگیرکەری دوای سەردانەکان

دەوڵەتی تورک دوای سەردانی هاکان فیدان لە مانگی حوزەیراندا بۆ بەغدا لە یەک کاتدا هێرشی کردە سەر شەنگال، مەخمور و حەفتانین، دواتریش بە ناوی "چنگی پڵنگ" هێرشی کردە سەر حەفتانین. هەر دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانیش، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێزێکی زۆری سەربازیی لەسەر سنوری رۆژئاوای کوردستاندا جێگیر کرد، خەندەقی لێدا و دەستی بە دروستکردنی بنکەى سەربازی کرد.

عێراق بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ و باش لە پرۆژەکە دەڕوانێت، دەیانەوێت بە بەشداریپێکردنی پارتی نیگەرانییەکانی سەر پرۆژەکە بڕەوێننەوە. بە پێی زانیارییەکان، دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى پرۆژەکە جێبەجێ بکات هەندێک بەڵێنی بە پارتی، حکومەتی ناوەندیی عێراق و ئەمریکا داوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەو بەڵێنانە چین.

ئەو بەڵێنەى، کە بە پارتی دراون...

رێککەوتنەکەى پارتی و حکومەتی ناوەندیی عێراق، کە لە ٩ی تشرینی یەکەمدا لەسەر شەنگال ئیمزایانکرد، بەشێکە لەو پرۆژەیە. بەپێی زانیارییەکان، پارتی کە پێشتر خۆی لە پرۆژەکە نزیک نەدەکردەوە، بەڵام ئێستا بە گەرمی لە پرۆژەکە نزیکی بەڵێنەکانی "دەروازەی سنووری خابوور هەر گرنگیی خۆی دەبێت، بازرگانی تیادا بەردەوام دەبێت، هەروەها دەروازەی سنووریی ئۆڤاکۆی بەسەر دەهۆکدا تێدەپەڕێت و پارتی سوودی لێوەردەگرێت" و "چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان".

حساباتی عێراق

لەلایەن دەسەڵاتی عێراقەوە بەهۆی "زیادکردنی رێژەى بازرگانی"، "دەرفەتی راستەوخۆی بازرگانی لە نێوان بەغدا و تورکیادا" ، "چارەسەرکردنی کێشەى ناوچە کێشە لەسەرەکان" ، "لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠٢١دا بەڵێنی پشتیوانیی کوردان و عەشیرەتە سونەکانی موسڵ بۆ کازمی"، وایانکردووە، بەڕێوەبەریی کازمی بە گەرمی لە پرۆژەکە نزیک ببنەوە.

هەوڵیدا بە کارتی ئێران قەناعەت بە ئەمریکا بکات

دەوڵەتی تورک بە ئیدعای "کەمکردنەوەى کاریگەریی ئێران لەسەر عێراق و لاوازکردنی رێکخستنە میلیشیاییەکانی وەک حەشدی شەعبی"، "پچڕاندنی هیلالی شیعەى ئێران" هەوڵێکی زۆری داوە و لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەکەى پێشکەشی ئەمریکا کردووە تاوەکو قەناعەتیان پێ بکات.

رێگابەرەو سنوورەکانی میساقی میللی

بە نزیکبونەوەى ١٠٠هەمین ساڵی ریککەوتننامەى لۆزان، دەوڵەتی تورک بۆ خۆی خەونی میساقی میللی و گەیاندنی خۆی بە موسڵ و کەرکوک، ئەو پرۆژەیە بۆ خۆی زۆر گرنگ دەزانێت. ئامانجی سەرەکیشی دیسانەوە کوردانە. دەوڵەتی تورک لەو پرۆژەیەدا پلانی دروستکردنی رێگای زەمینی و ئاسنیی داناوە و پلانی ئەوەی هەیە، کە پەیوەندیی نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستان بپچڕێنێت و کۆتایی بە خۆبەڕێوەبەریی ئێزدییەکان لە شەنگال بهێنێت، بەوە خۆی دەگەیەنێتە موسڵ و کەرکوک و لەو رێگەیەوە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا گەمارۆ دەدا.

لە هەموو روویەکەوە هەڕەشەیە بۆ کوردان

ئەو پرۆژەیەی دەوڵەتی تورک، کە رێگا بەرەو خەونەکانی میساقی میللی دەکاتەوە، لە هەموو روویەکەوە بۆ کوردانی رۆژئاوا و باشووری کوردستان مەترسییە. دەوڵەتی تورک بە دروستکردنی رێگایى ئاسن باکوور و رۆژئاواى لە یەکتر دابڕی و دوای ئەوەى دەستیکرد بە دروستکردنی دیوار لەسەر سنوور (لە سنووری باکوور - رۆژئاوا ٨٣٢ کیلۆمەتر و لە سنووری باکوور – رۆژهەڵات دا ١٣٩ کلیۆمەتر دیواری دروستکردووە) ئێستاش بەو پرۆژەیە هەوڵ دەدات هەمان شت لە سنووری نێوان باشوور و رۆژئاوا دووبارە بکاتەوە.

ژ.ت