یەکێتی کرێکارانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا: فشار لەسەر تورکیا دروست بکەین

یەکێتی کرێکارانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، هێرشەکانی سەر ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، هێرشی سەر ئازادی هەموو کرێکارانە.

٢٣ ساڵە بەسەر پیلانگێڕی بەرانبەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد تێدەپەڕێت. تا ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک گۆشەگیریەکی زۆر قوڕش لەسەر ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوە دەبات.

لەمبارەیەوە، یەکێتی کرێکارانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا راگەیەنراوێکی بۆ ڕای گشتی خوێندەوە و داوای ئازادکردنی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد.

شێرۆ محەمەد هاوسەرۆکی یەکێتی کرێکاران راگەیەنراوەکەی لەبەرانبەر ناوەندی یەکێتیەکە لە قامشلۆ خوێندەوە و وتی، ئەوان گۆشەگیری و پیلانگێڕی دژی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد شەرمەزار دەکەن.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە دەوڵەتی تورک سەدان ساڵە لەدژی گەلانی ئەرمەن و کورد کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات.

لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا:

"ئێمە وەک یەکێتی کرێکارانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لەدژی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد شەرمەزار دەکەین و بەڵێن دەدەین کە بەردەوامی بە ڕێگاکەی بدەین و فەلسەفە و پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتی سەرۆک ئاپۆ بپارێزین. هەروەها ئێمە دەستبەسەرداگرتنی ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان وەک دەستبەسەرداگرتنی ئازادی و ئیرادەی هەموو کرێکارانی جیهان دەبینین. بانگەوازیمان بۆ هەموو رێکخستن و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و هەموو ئازادیخوازان ئەوەیە کە فشار لەسەر دەوڵەتی تورک دروست بکەن و یەکسەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت."

ف.ق