'ئێمە بە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان خۆمان بەڕێوەدەبەین'

لە قامیشلۆ کوردانی مسوڵمان، ئێزدی، عەرەب، سوریانی و ئاشوری پێکەوە بەشداری شۆڕش بوون. پێکهاتەکانی شارەکە ئاماژە بەوە دەکەن، بە فیکر و فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد پێکەوە ژیانێکی هاوبەشیان دروستکردووە.

شاری قامیشلۆ یەکێکە لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. چەندین پێکهاتەی جیاوازی تیایدا دەژین. لە قەمیشلو چەندین ڕەنگ و دەنگی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی پێکەوە دەژین.

کاتێک لە هەموو ناوچەکانی سوریا شەڕ و ئاژاوە ڕوویدەدا، قامیشلۆ یەکێک لەو ناوچانە بوو، کە بە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک  بەڕێوەدەچوو و ئارام بوو. هەوڵی زۆر درا تاوەکو ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی لە شاری قامیشلو بکەن بە گژی یەکتردا و ناکۆکی دروست ببێت و لەیەکتر بدەن، بەڵام سەرباری هەموو هەوڵە تێکدەرانەکان هیچ شتێکی لەو شێوەیە لە قامیشلو ڕووی نەدا.

عەبدولکەریم عەبدولرەحمان لە کۆمەڵگە و پێکهاتەى کوردە لە قامیشلۆ و ڕایگەیاند، بیر و رامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردی  لە دوای ساڵانی ١٩٩٠ەوەکانەوە ناسیوە، بەو شێوەیە لە کەسایەتیی خۆیدا گۆڕانکاریی دروستکردووە، چونکە بیر و رامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بە مانای قبوڵکردنی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانە.

عەبدولکەریم عەبدولڕەحمان وتیشی: بیر و رامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێگریی لە کۆمەڵکوژی کردوو، چونکە هێڵی مرۆڤایەتییە.

گارابێت مانۆک لە پێکهاتەی ئەرمەنیی شاری قامیشلۆیە و باسی لە پێکهاتەکانی قامیشلۆ کرد.

گارابێت مانۆک ڕایگەیاند، هەر سەرەتا ئەرمەنییەکان شانبەشانی کورد و عەرەب و سوریانی لە قەمیشلو بەشدارییان لە شۆڕشدا کرد.

مانۆک ڕایگەیاند، لە شاری قامیشلۆ بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بە سیستمی بەڕێوەبەریی نەتەوەی دیموکراتیک، هەموو ناسنامەکان و پێکهاتەکان پێکەوە بە خوشک و برایەتی دەژین و مۆری خۆیان لە شۆڕش داوە.

نورا هەنا لە پێکهاتەی سوریانییە و رایگەیاند، گەلی سوریانی یەکێک لە پێکهاتە کۆنەکانی شاری قامیشلۆیە و وتی: دوای شەڕ و ئاژاوە لە سوریا، دوای دامەزراندنی بەڕێوەبەریی خۆسەر، بینیمان هەموو پێکهاتەکان بە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان سەردەکەون و ژیانێکی هاوبەش و ئارامیان بۆ خۆیان خوڵقاندووە.

عەبدولوەهاب جەمیل لە پێکهاتەی عەرەبی شاری قامیشلۆیە  و ئەویش وتی: "لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا کتێبی "عەشقی کورد"ی ڕێبەری ئۆجالانم خوێندەوە. من بینیم، کە ئامانجی بیرۆکەی ئۆجالان ئەوە بوو، کە هەموو پێکهاتەکانی شارەکە پێکەوە بژین. هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نەبێت. بە بیر و رامانەکانی ڕێبەر ئۆجالان بینیمان، کە لە ناو کۆمەڵگادا یەکسانی پێکدێت".

ژ.ت