ئەندامی کۆمیتەی چەرکەسانی منبج: دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەلان لەدژی یەکدی شەڕ بکەن

سەمیر حەباک ئەندامی کۆمیتەی چەرکەسانی منبج رایگەیاند، دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەرێمەکان لە یەکدی داببڕێت و لەنێوان گەلاندا شەڕ دروست بکات.

سەمیر حەباک ئەندامی کۆمیتەی چەرکەسانی منبجن باسی ئەوەی کرد کە ئەوان پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بەرەو پێشەوە دەبەن و دەپارێزن و داوای لە گەلان کرد کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و قەسەدە جێی خۆیان بگرن.

سەمیر حەباک ئەندامی کۆمیتەی چەرکەسانی منبج لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشوری کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

حەباک ئەوەی خستەڕوو کە ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دابڕاندنی هەرێمەکانە لە یەکدی و دروستکردنی شەڕ و ناکۆکیە لەنێوان پێکهاتەکاندا و وتی، " نە تەنها هێرشی سەربازی، بە ڕێبازی شەڕی دەرۆنی و سیخوڕیش هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکە. دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات کە واپیشانی بدات، بە تەنها لەدژی کورد شەڕ دەکات، بەڵام ئێمە دەزانین کە ئامانجیان بە تەنها کورد نییە. هەموو گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامانجی دەوڵەتی تورکە. ئامانجیان لە باشوری کوردستانیش هەمان شتە. بە تایبەتی دەیەوێت لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمانەکاندا ناکۆکی دروست بکات و لەدژی یەکێتی گەلان شەڕ دەکات."

حەباک تەئکیدی کردەوە کە ئەوان بە هەموو شێوەیەک پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتی بەرەو پێشەوە دەبەن و دەپارێزن و دەشڵێت، دەوڵەتی تورک بە خەونی عوسمانیەکان هەوڵ دەدات جارێکی دیکە گەلان قڕ بکات و بتوێنێتەوە.

سەمیر حەباک ئەندامی کۆمیتەی چەرکەسانی منبج ئاماژەی بە بەسەرهاتی گەلی چەرکەزیش کرد و وتی، " عوسمانیەکان بە هاوکاری روسیا و ئینگلیزەکان لەم خاکەدا وێرانکاری گەورەیان کرد. ئەو کاتە گەلی چەرکەز رووبەرووی قڕکردنو تواندنەوەیەکی گەورە بووەوە. ئێمە لەلایەن عوسمانیەکانەوە رووبەرووی قڕکردنێکی گەورە بووینەوە و لە جیهاندا بڵاوبووینەوە. لە ئوردن، لوبنان، سوریا، عێراق و زۆر وڵاتی دیکە گیرساینەوە. ئەگەر دەوڵەتی تورک سەربکەوێت، هەمان شتمان بەسەر دەهێنێتەوە. بۆیەش ئێمە رێگری لە هەموو پلانێک دەکەین. بانگەوازی من بۆ گەلان ئەمەیە؛ وەرن پێکەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و قەسەدە جێی خۆمان بگرین."

ف.ق