ئەنجامدانی مەراسیمی غیابی بۆ دوو شەهید لە حەسەکە

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە کانتۆنی حەسەکە، مەراسیمی غیابییان بۆ شەڕڤانێکی گەریلا و شەڕڤانێکی هەسەدە ڕێکخست، بەشداربووان جەختیان کردەوە لەسەر بەرخۆدان تا سەرکەوتن.

دەیان کەس لە دانیشتووانی حەسەکە ڕوویانکردە گوندی تەل تەویل، بۆ بەشداربوون لە مەراسیمی غیابی شەڕڤانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) شەهید عادل عەلی (بۆتان زاگرۆس)، کە لە ٥ ی ئایاری ٢٠٢٣ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهید بوو، هەروەها شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) شەهید حسێن عەزیز (عەربۆ حەسەکە) کە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی شەهید بوو.

مەراسیمەکە لە خێمەی ناوەندی لە گوندی تەل تەویل لە حەسەکە، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شاری حەسەکە، بەرائەت ساڵەح گوتەیەکی پێشکەش کرد، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان کرد و بەڵێنی دا بە درێژدەدان بە ڕێگەی شەهیدان، دووپاتی کردەوە: «تا دوا دڵۆپی خوێن بەرخۆدان دەکەین».

لای خۆیەوە، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، موستەفا شەریف، ئاماژەی کرد بە بەرخۆدانی شەهیدان بۆتان و عەربۆ، گوتی: «شەهیدەکان دژی هەموو هێرشە تیرۆریستی و داگیرکارییەکانی تورک وەستانەوە، لەپێناو بەدیهاتنی ئازادی و ئاسایشی پێکهاتەکانی هەرێمەکە و گەلی کوردستان».

موستەفا شەریفی بەڵێنی دووپات کردەوە، بە درێژەدان بە تێکۆشانی شەهیدان تا بەدیهاتنی سەرکەوتن.

پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شاری حەسەکە، گوڵچین ئەحمە، ناسنامەی هەردوو شەهید خوێندەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەیانی کرد.

مەراسیمەکە بە گوتنەوەی درووشمەکانی «بژی بەرخۆدانی شەهیدان» و «شەهید نامرن»، کۆتایی هات.

ف.ق