ئەنجومەنی سەربازی سوریانیەکان: ٢ شەڕڤانمان شەهید بوون

ئەنجومەنی سەربازی سوریانیەکان، ناسنامەی ٢ شەڕڤانی خۆیان ئاشکرا کرد کە لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوون.

فەرماندەیی گشتی ئەنجومەنی سەربازی سوریانیەکان، لەبارەی شەهیدبوونی ٢ شەڕڤانیان لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا بۆ سەر گوندەکانی تەل تەمر، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

"هاوڵاتیانی گەلی سوریانی و ئاشوری، بە هاوکاری هاوپەیمانەکانیان لە سوریا هەموو هەرێمەکانیان لە تیرۆر پاککردەوە و لەدژی توندترین رێکخراوی تیرۆریستی (داعش) شەڕیان کرد و لە رەقا و باغۆز تێکیانشکاند.

شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی سوریانی، لە سەرەتای هێرشەکانیان بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ، لە بەرەی پێشەوەی پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و شەهیدەکانیاندا بوون.

لە هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک و گروپەکانیدا کە لەم دواییەدا زۆر هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید بوون، دوو شەڕڤانی ئێمەش شەهید بوون.

دوژمن، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لەسەر پێشێلکاری پەیمانە نێودەوڵەتی و بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. هەموو رۆژێک بەرەکانی سنور بۆردومان دەکات و زیانی گیانی لیدەکەوێتەوە و بە هەزاران هاوڵاتی کۆچبەر دەبن.

ئێمە وەک ئەنجومەنی سەربازی سوریانیەکان، بەڵێن بە شەهید و هەموو گەلەکەمان دەدکەین کە گەلەکەمان دەپارێزین و رێگە بە دوژمن نادەین کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات."

دوێنێ، سوپای داگیرکەری تورک، گوندی دردارا و قبۆری قەرەجینەی تەل تەمری بۆردومان کرد، لە ئەنجامدا ٢ شەڕڤانی ئەنجومەنی سەربازی سوریای بە ناوەکانی یوسف موحسین میتراس و رادی مزەی عوسمان شەهید بوون."

ف.ق