یەپەژە شەهادەتی شەڕڤانێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی ڕاگەیاند

یەپەژە ڕایگەیاند، شەڕڤان مزگین بۆتان لە ٣٠ی ئایاردا شەهید بوو و ڕاشیگەیاند: "هەر چۆن هەڤاڵ مزگین بە ڕۆح و ئیرادەی فیداییانە شەڕی بۆ پاراستن و گەورەکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا کرد، ئێمەش بەرگری لە هەموو جۆرە هەڕەشە و هێرشێک دەکەین و وڵاتەکەمان دەپارێزین".

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، مزگین بۆتان لە ٣٠ی ئایاردا لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە قامیشلۆ شەهید بوو.

یەپەژە ڕاشیگەیاند، "ڕۆژی ٣٠ی ئایار دەوڵەتی تورکی چەتە و داگیرکەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێک. لەو هێرشەدا هەڤاڵمان مزگین بۆتان و وڵاتپارێزی هێژامان کیسرا مەلەک شەهید بوون. هەڤاڵانمان دیجلە جودی و هێڤیدار دربەیسی بریندار بوون. سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەڤاڵ مزگین بۆتان و کیسرا مەلەک دەکەین و جارێکی تر بەڵێن بە هەموو هەڤاڵە شەهیدەکانمان دەدەین، کە ئەو ئامانجانەی ئەوان لەپێناویدا گیانیان بەختکردووە دەهێنینەدی وهیوای چاکبوونەوە بۆ هەڤاڵانمان دیجلە جودی و هێڤیدار دربەیسی دەخوازین".

یەپەژە ڕاشیگەیاندووە، هەڤاڵ مزگین بۆتان بە ناوی ڕەحیمە خەزالی خەڵکی شاری سەلماسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای ورمێ لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر گەورە بوو. بە خۆشەویستیی بۆ وڵات و هێنانەدیی وڵاتێکی ئازاد و ژیانێکی ئازاد  گەورە بوو. هەڤاڵ مزگین لە قۆناغی شەڕی قورسی چەتەکانی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوادا بەشداریی لە هەڵمەت و سەرفەربەریی یەپەژەدا کرد. بە ئیرادە وبڕوایەکی پۆڵاینەوە بەشداری لە شەڕ و تێکۆشاندا کرد. نمونەى لێهاتوویی و ئازایەتی و فیداکاری بوو. ئێمە وەک یەپەژە سەرەخۆشی لە بنەماڵی هاوڕێ مزگین دەکەین. بەڵێنیشمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدان دووپات دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین، لە دژی هەموو جۆرە هێرش و مەترسی و هەڕەشەیەک بەرەنگاری دەکەین و ئامانجی شەهیدانمان بەدی دەهێنین".

 ناسنامەى هەڤاڵ مزگین بۆتان:

نازناو: مزگین بۆتان

ناو و پاشناو: ڕەحیمە خەزالی

ناوی دایک: سورەیا

ناوی باوک: ئیسماعیل

شوێنی لە دایکبوون: سەڵماس ١٩٨٩

شوێن و کاتی شەهید بوون: قامیشلۆ ٣٠ی ٥ی ٢٠٢٢.

ژ.ت