ئیلهام ئەحمەد: لە دژی هێرشەکان بەهێزتر بەشداری بەڕێوەبەریی خۆسەر ببن

ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) رایگەیاند، داعش بە کوشتنی دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شەدادی هێرشی کردووەتە سەر ئازادیی ژنان، کە ئەو ئازادییە لە بەڕێوەبەریی خۆسەردا پێشکەوتووە.

ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) داوای لە ژنان کرد، لە دژی چەتەکانی داعش و عەقڵیەتەکەیان، بیر و هێزی خۆیان یەکبخەن و زۆر زیاتر لەوەى هەیە بەشداری لە سیستمی بەڕێوەبەریی خۆسەردا بکەن.

سەعدە فەیسەڵ هەرماس هاوسەرۆکی شارۆچکەى تل شەعیر لە دەشیشای باشووری کانتۆی حەسەکە و هند لەتیف خدر-ی جێگری لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا رفێندرابوون و بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرابوون. داعش دوای ٢ رۆژ بەرپرسیاریی رفاندن و کوشتنی ئەو دوو سیاسەتمەدارە ژنەى لە ئەستۆ گرتبوو.

ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری مەسەدە لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، "بەڕێوەبەریی خۆسەر بۆ ئازادیی ژنان، بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و گۆڕینی عەقڵیەت دەرفەت دەڕەخسێنێت. داعش-یش هەوڵ دەدات هێرش بکاتە سەر ئەو بەڕێوەبەرییە. دەیەوێت رێگری لە ئازادی و پێشکەوتنی ژنان بگرێت و سیستمە دەسەڵاتپەرەستە تاریکەکەى بەسەر ژناندا بسەپێنێت، بەڵام وەک دەزانرێت ژن لە هەموو چین و توێژێک زیاتر بەشداری کاروبارەکانی خۆبەڕێوەبەری خۆسەر دەبن و لە دەوری ئەو بەڕێوەبەرییە کۆ دەبنەوە".

ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، لە دژی عەقڵییەتی تاریک و رەشی داعش پێویستی بە هەڵوێستێکی بەهێزی هاوبەش هەیە و وتی، "دەبێت لە پێش هەموانەوە ژنان لە ناوچەکانی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا دەست لە ناودەستی یەکتر لە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە. گرنگە ژن لە دژی ئەو هێزە تاریکە، بیر و هێزی خۆیان یەکبخەن و زۆر زیاتر بە بەهێزی بەشداری لە سیستمی خۆبەڕێوەبەری خۆسەر دا بکەن. بە بەشدارییەکی بەهێز بۆ ناو ریزەکانی یەپەژە، دەبێت ژنان وەڵامی ئەو کۆمەڵکوژییە بدەنەوە. پیاوە ئازادیخوازەکانیش دەبێت هێزی خۆیان یەکبخەن و لە دژی داعش بوەستنەوە".

ژ.ت