ژنانی تەبقا بۆ خاوەنداریکردن لە قەسەدە گەیشتنە عەین عیسا

ژنانی تەبقا بۆ خاوەنداریکردن لە بەرخودانی عەین عیسا و ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بێدەنگیی حکومەتەکانی سوریا و رووسیا سەرادنی چالاکیی چادری هاووڵاتییانی عەین عیسایان لە بەردەم بارەگای هێزەکانی رووسیادا کرد.

ژنانی شاری تەبقا لە پارێزگای رقا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخودانی هاووڵاتییانی عەین عیسا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بەرامبەر بە هێرشە داگیرکەرییەکان، بەشداری چالاکیی چادر هەڵدان لە عەین عیسا بوون.

دانیشتوانی ناوچەى عەین عیسا و هاووڵاتییانی سنووری کانتۆنی گرێ سپی پێشوازییان لە ژنانی تەبقا کرد. چالاکیی هەڵدانی چادر لە عەین عیسا لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە لە بەردەم بارەگای سەربازیی رووسیا دەستیپێکردووە.

لە چالاکییەکەدا سەمیرە عەلی ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ژنانی تەبقا رایگەیاند، بێدەنگیی نێونەتەوەیی و روسیا لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر عەین عیسا ئیدانە دەکەن.

سەمیرە راشیگەیاند، سەرباری ئەوەى دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر خاکی سوریا، بەڵام حکومەتی سوریا لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگە و ئەوەش نیشانەى ئەوەیە ئەو ھێرشانە بە رەزامەندیی رووسیا ئەنجام دەدرێن.

سەمیرە لە وتەکانیدا، سڵاوی لە بەرخودانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) کرد.

سەمیرە عەلی لە کۆتایی وتەکانیدا داوای لە کۆمەڵگەى نێونەتەوەیی کرد، کە لە دژی هێرشەکانی سەر عەین عیسا دەستبەکار ببن.

لە کاتی ئەو چالاکییە و ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەدا، سوپای تورکی داگیرکەر دەورووبەری ناوچەکەى بۆردومان کرد.

ژ.ت