ڕۆژئاوا بۆردومان دەکرێت و لە جندرێس کەسێک ڕفێندرا

دەوڵەتی تورک باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان دەکات و کەسێکیشیان لە جندرێس ڕفاندووە.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، میتی تورک گەنجێکی بەناوی نزار محەمەد بۆزان تەمەن (٢٥) ساڵ لە جندرێسی عەفرین ڕفاندووە. ئەو گەنجە لە خاڵی پشکنینی نێوان عەفرین و جندرێسدا و لە کاتێکدا بۆ دابینکردنی پێداوێستی ڕۆیشتووە بۆ عەفرین ڕفێندراوە.

هاوکات بۆردومانەکان بەبێ ڕاوەستان بەردەوامن. دەوڵەتی تورک کاتژمێر ١١:٠٠ بە کاتی ناوخۆیی رۆژئاوا گوندەکانی ئوم هۆش و وەحشیەی سەربە کانتۆنی شەهبا-ی بۆردومان کرد. لەبارەی بۆردومانەکانی سەر ئەو دوو گوندە تا ئێستا زانیارییەکی ڕوون لە بەردەستدا نییە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی سەربازیی منبج، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ٣ ڕۆژی ڕابردوودا ٦ گوندی بۆردوومان کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای تورکی داگیرکەر بە هاوەن و چەکی قورس گوندەکانی هۆشەرییە، توخار، محسنلی، ئوم جلود، سەیاد و یالینلی-یان تۆپباران کردووە.

هەروەها لە ٣ ڕۆژی ڕابردوودا سوپای تورک لە بنکە سەربازییەکانی نزیک گوندەکانەوە ٤١ تۆپی ناوە بە گوندەکانی توخار، هۆشەرییە، یاشلی و شێخ ناسرەوە.

دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە ئاشتی و ئارامی و ژیانی کۆمەڵایەتی لە ناو ببەن".

ژ.ت