ئاسایشی ناوخۆی قامیشلۆ لەبارەى شەڕەکەى قامیشلۆوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە

فەرماندەیى گشتیى هێزەکانى ئاسایشی ناوخۆی قامیشلۆ رایگەیاند، لە شەڕەکەى دژ بە رژێم لە قامیشلۆدا ١١ سەربازى رژێم کوژران. راشیگەیاند، ٧ ئەندامى هێزەکانى ئاسایش شەهیدبوون و ئەندامێکى تریشیان بریندار بووە.

فەرماندەیى گشتیى هێزەکانى ئاسایشی ناوخۆ لە قامیشلۆ راگەیاندراوێکى لەبارەى شەڕەکەى ئەمڕۆی قامیشلۆ لەنێوان سەربازانى رژێمى سوریا و هێزەکانى ئاسایشی ناوخۆ بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "دەورییەکى پێکهاتوو لە ٣ ئۆتۆمبێلی هێزەکانى رژێمی سوریا لە قامیشلۆ هاتوونەتە ناوچەیەک کە لە کۆنترۆلى هێزەکانى ئێمەدایە و چەند هاووڵاتییەکیان دەستگیرکردووە".

ئاماژە بەوەشکراوە "سەربازانى دەورییەکەى رژێم کاتێک بە خاڵى پشکنینى هێزەکانى ئێمەدا تێپەڕین بە چەکى سوک و مامناوەندە تەقەیان لە هێزەکانمان کرد و هێزەکانى ئاسایشیش وەڵامیاندانەوە".

فەرماندەیى گشتیى ئاسایشى ناوخۆی قامیشلۆ راشیگەیاندووە "١١ ئەندامى هێزەکانى رژێم کوژران و ٢ی تریشیان بریندار بوون. لەو شەڕەدا ٧ ئەندامى ئێمەش شەهید بوون و ئەندامێکمان بریندار بوو".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ئێمە وەک هێزەکانى ئاسایشی ناوخۆی باکووری سوریا بەڵێن بە شەهیدان و گەلەکەمان دەدەین، کە دەستکەوتەکانى شۆڕش و گەلەکەمان بپارێزین. لە دژی هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کە دەستکەوتەکانى گەل دەکەنە ئامانج و ئاژاوەگێڕی دەنێنەوە و ئارامى تێکدەدەن، خۆڕاگری دەکەین و بەرەنگاریان دەبینەوە".

ر.م