ئاسیەعەبدوڵا؛ با کەس چاوەڕوانی کەوتنی عەفرین نەبێت

ئاسیە عەبدووڵڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دێموکراتی- تەڤدەم؛ عەفرین سەردەکەوێ و با کەس چاوەڕوانی کەوتنی نەکات.

 

ئاسیە عەبدوڵڵا، لە وتووێژێکدا لە گەڵی ئاژانسی ''ژن‌نیوز"، دوایین پێشهاتەکانی عەفرین-ی هەڵسەنگاند. عەبدوڵڵا، بەو شێوەیە دەست بە قسەکانی دەکات و دەڵێ: ''بەر لە هەر شتێک سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی بەرخۆدانی عەفرین دادەنوێنم. هێرشی دەوڵەتی تورکیا، داعش و قاعیدە، بە شەو و ڕۆژ بە چەکی قورس بەردەوامە. بەڕاستی کە بەرخۆدانییەکی مێژوویی لە عەفرین لە ئارادایە. زیاتر لە مانگێکە لە بەرانبەر حکومەتێکی فاشیستی ئەندامی ناتۆ کە لەهەموو دەرفەت و کەرەستەیەکی سەربازی بەمەبەستی چۆلکردنی عەفرین کەڵک وەردەگرێ، خۆڕاگری دەکرێت. لەو هێرشانەدا هێرش دەکرێتە سەر ژێرخانی شارەکە، ناوەندە خزمەتگوزاری و دەپۆی خۆاردن و خواردنەوە. تەنانەت گازی کلۆر-یشیان بەکارهێنا. دەیانەوێ هەرچۆنێک بێ ئیرادەی گەلی عەفرین بشکێنن، بەڵام ڕووبەڕووی فیداکاری و نەبەردییەکی بێ‌وێنە بوونەتەوە. شەڕڤانان گیانلەسەردەستانە دەجەنگن. لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی کورد و مرۆڤایەتی خەریکە دەنوسرێتەوە. هێزێکی سەربەخۆ بە چەکی ئاسایی توانیویەتی زیاتر لە یەک مانگ لە بەرانبەر هێزێکی ناتۆ شەڕ بکات، ئەوەی کە گەلی عەفرینی لەسەر پێ هێشتووەتەوە، ئیرادەیەکی پۆڵایینە. پێگە و کاراکتێری ژنان لەو شەڕەدا  بێ‌هاوتایە''.

عەبدوڵڵا، لە درێژەی قسەکانیدا باسی خۆڕاگری و ئیرادەی لەبن‌نەهاتووی شەڕڤانان و گەلێ عەفرین دەکات: ''شەهیدانێکی وەک ئاڤێستا خابوور و دەیان شەهیدی دیکە کە سەرەرای دژواری برینەکانیان، هەتا کاتی شەهیدبوونیان هەر شەڕیان کرد. ئەوەیە ئیرادەی عەفرین. تورکیا خەریکە ڕێک ئەو ڕەفتارە دەنوێنێت کە بە ساڵان داعش کردی. کوشت و بڕ، دەستدرێژی و تاڵانکاری. لە بەرانبەر بەو دڕندەییەش گەلی عەفرین هەیە کە لە خۆڕاگری دایکان بۆ پارێزگاری کردن لە ڕۆڵەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوە وەڵامێکه بۆ فاشیزم. هەتا کاتێک کە تیرۆری ئەردۆغان و بکوژانی هاوڕێ و هاوپەیمانی، لە ئارادابێ، خۆڕاگری و قارەمانی گەلی عەفرین-یش هەر درێژەی دەبێت. مانەوە لە عەفرین و پارێزگاری کردن لێی لەکاتێکدا کە شەو و ڕۆژ بۆمب-ت بەسەردا ببارێ کارێکی زۆر دژوارە، بەڵام ڕۆحیەی خۆشەویستی و یەک چارەنووسی گەلی ئێرە چەند قات زیادی کردووە. هەر ماڵ یان گوندێک کە وێران دەبێ، هەموو کەس دەچێت بە هانای خەڵکەکەیەوە. دەرگەی هەموو ماڵێک بەڕووی هەموو کەسێکدا کراوە و ئاوەڵایە و هەرچییەک هەیانبێ لەگەڵ یەکتر بەشی دەکەن. پشتیوانی نێونەتەوەیی پارێزەرانی عەفرین بۆ ئێمە سەرچاوەی موڕال و کانگای بەرخۆدانییە، هەر بۆیەش لێرەوە سڵاوی خۆمان ئاراستەی هەموو دۆستانمان دەکەین''.

ئاسیە عەبدوڵڵا، لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێ: ''لێرەوە بەتەواوی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەلێین ئەگەر پێتانوایە کە دەوڵەتی تورکیا دەتوانێ بەزوویی شکست بە عەفرین بێنێت و داگیری بکات، بێجگە لە ڕووڕەشی و شەرمەزاری شتێکی دیکەتان دەست ناکەوێ. با هیچ کەس چاوەڕوانی کەوتنی عەفرین نەکات. عەفرین سوێندی خواردووە سەربکەوێ و پارێزگاری لە دێموکراسی لە ناوچەکەدا بکات''.