ئاشووریەکانی تل تەمر: ئێمە نامانەوێت جارێکی تر کۆچ بکەینەوە

ئاشوریەکانی سەردەمی کۆمەڵکوژی عوسمانیەکان کە ئەو کاتە کۆچیان کردبوو دەربەدەر بوون، زۆربەیان ئاوارەی ناوچەی تل تەمر بوون. ئێستاش رووبەرووی هەمان کۆمەڵکوژی نەوەی عوسمانیەکان دەبنەوەو دەڵێن:" ئێمە نامانەوێت جارێکی تر کۆچ بکەینەوە."

 

یەکێک لەو ناوچانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە باکور و رؤژهەڵاتی سوریا هێرش و پەلەمارەکانی تێدا چڕ کردووتەوە، شاری تل تەمرە کە ئاشوری و عەرەب و کوردی تیایدا نیشتەجێن.

چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر هێڵی خابوور چەندین هێرشیان کردە سەر گوندەکانی شاری تل تەمر و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو گوندانەیان کۆمەڵکوژ کرد. لە بەرامبەردا شەڕڤانەکانی یەپەگەو یەپەژە بەرگریان لە ناوچەکە کرد و هێرشەکانیان تێکشکاند و بە تایبەت گەلی ئاشووریان لە کۆمەڵکوژی رزگار کرد.

لە شاری تل تەمرەوە تا دەگاتە حەسەکە لە سەرتاسەری شاخی کەزوان (شاخی عبدولعزیز) بە گشتی ٣٣ گوندی ئاشووری هەن. دوای هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٥ هاوڵاتیانی ئاشوروی بە ناچاری ئاوارەی ناوچەکانی تر بوون. دوای ئەوەی هێزەکانی قەسەدە گورزی کوشتندەیان لە تیرۆرستانی داعش وەشاند، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی ئاشووری گەڕانەوە سەر گوندەکانیان.

لە چوارچێوەی داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، گەلی ئاشووری جارێکی تر رووبەرووی مەترسی کۆمەڵکوژی بوونەوەتەوە. ئاشووریەکانی ناوچەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک، ئارامی ناوچەکە تێک دەدات.

ژوولیەت گیڤارکیس کە ژنێکی ئاشووریە و هاوڵاتی گوندی تل رۆمانە دەڵێت ئەو ئاشووریانەی ئێستا لەم ناوچەیە نیشتەجێن، ئەوانەن کە کاتی خۆی بەهۆی کۆمەڵکوژی عوسمانیەکانەوە ئاوارە بوون.

' ژمارەیەکی زۆرمان لە ساڵی ٢٠١٥ کۆمەڵکوژ کراین'

وولیەت گیڤارکیس دەڵێت: "لەم ناوچەیە لەسەر هێڵی خابوور ٣٣ گوندی ئاشووری هەن. بەشێکی زۆریان لە سەرەتای سەدەی٢٠ەوە لە باکورەوە هاتوون. لە ساڵی ٢٠١٥ کاتێک داعش هێرشی کردە سەر گوندەکانمان، ژمارەیەکی زۆرمان لێ کوژران و رفێندران. بەم هۆیەشەوە ئاشووریەکان کۆچیان کرد. خۆم و کەس و کاریشم رامان کرد و بۆ ماوەی ساڵێک لە حەسەکە نیشتەجێ بووین. دوای ئەوەی ئارامی گەڕایەوە ناوچەکەمان، پەیتا پەیتا خەڵک گەڕایەوە سەر گوندەکانیان."

' ئێمە ئەم داگیرکەریە قوبڵ ناکەین'

ژوولیەت گیڤارکیس-ی ئاشووری لە بارەی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەڵێت: " ئێمە ئەم هێرش و داگیرکەرییانە قبوڵ ناکەین. دەوڵەتی تورک دەڵێت گوایان 'ناوچەکە ئازاد دەکەم'.  ئایا بە نیازە کێ ئازاد بکات؟ ئێمە خۆمان ئازادین. "

ژوولیەت هەروها بانگی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد و وتی: "با ئەم داگیرکەریانەی دەوڵەتی تورک بوەستێنن. ئێمە تا ئێستا ٩ جار کۆچمان کردووە. ئایا دەبێت چەند جاری تر کۆچ بکەینەوە! ئێمە ئاشتیمان دەوێت و وەکو گەلانی ناوچەکە، هەموومان یەکین."

ز.ش