ئاماری ٢ساڵ کوشتن، ڕفاندن و تاڵانکاری لە عەفرین بڵاوکرایەوە

نزیکەی دووساڵە عەفرین لەلایەن سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتە هاوپەیمانەکانی داگیرکراوە، لە ١٨-٣-٢٠١٨ وە تا ئێستا عەفرین بووەتە ناوەندی کوشتن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردن لەلایەن سوپای داگیرکەرەوە.

مێژووی عەفرین دەگەڕێتەوە بۆ بنەڕەتی مرۆڤایەتیەوە، بە هەزاران ساڵە بووەتە ناوەندێکی کوردان، ئەم ناوەندەش زۆرتر لە ١٩-٧-٢٠١٢ وە لە کاتی دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستانەوە تا ساڵی ٢٠١٤ و ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک زیاتر دەرکەوت.

عەفرین دەوڵەمەندە لە بواری ئابوری، دیموکراتیک، کلتوری و سیاسی، بۆیە دەوڵەتی تورک لە ٢٠-١-٢٠١٨ بەیارمەتی ٢٥ هەزار چەتەی هاوپەیمانی، بە نوێترین تەکنەلۆجیای سەردەم، بە ٧٩ فڕۆکەی جەنگی و بە سەدان تانک و تۆپ و موشەک و بەهەزاران سەربازی تورک هێرشێکی فراوانیان بۆسەر عەفرین دەستپێکرد.

 ڕۆژی ١٨-٣-٢٠١٨ پاش ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆدانی سەردەمی شەڕڤانان و گەل، سوپای داگیرکەر کەوتە ناو شارەکەو داگیری کرد، لەو کاتەشەوە عەفرین بووەتە ناوەندی کوشتن، تاڵان، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردن.

لە ٢ساڵدا ٥٤٥ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون

بە درێژایی ٢ ساڵ ٥٤٥ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، ٦هەزار کەس ڕفێنراون، بە دەیان خوێندنگەو ماڵ بوونەتە شوێنی زیندان و ئەشکەنجە، لەناو ٢ساڵدا قڕکردنێکی گەورە بۆسەر مێژووی شارەکە، سروشت و کلتوری عەفرین لەلایەن داگیرکەرانەوە ئەنجامدراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، لە ٢٠-١-٢٠١٨وە تا ئێستا ٥٤کەس لەژێر ئەشکەنجە و ٥٤٥ هاوڵاتی کوژراون یان کۆمەڵکوژکراون، لانی کەم ٥٠ ژن کوژراون، ٣٠٠ منداڵ کۆمەڵکوژ کراون، ٦٧٠کەس کە لەنێویاندا ٢١٠ ژن هەیە برینداربوونە، لانی کەم دەستدرێژی کراوەتە سەر ٦٠ ژن.

دزی و تاڵانکردن

لەسەرەتای هێرشی داگیرکەری بۆسەر عەفرین لەلایەن سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتە هاوپەیمانەکانی تا ئێستا دزی و تاڵانکردن بەردەوامە، لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ و کەوتنە ناو شارەکە، دەستیان بە تاڵانکردنی دوکان و ماڵ و سەرجەم ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان کرد.

لە عەفرین ٢٧٠ ئامێری گوشینی زەیتوون هەبوون، ١٤٠ ئامێر لەلایەن چەتەکانەوە دزران و لە تورکیا و عەزاز فرۆشران، ئەوانەشی کە ماون لەلایەن چەتەکانەوە، هاوبەشیکردن"شەریک" بەسەر خاوەنەکانیانەوە سەپێنراوە، ئامێرەکانی ٧ کارگەی سابوون درووستکردن دزران، تەواوی بەرهەمەکانی ناو کۆگاکان دزران، زۆربەی ئەو تاڵانی و کەلوپەلە درزراوانە چەتەکان لە بازاڕی عەزاز فرۆشتیان، ئەم تاڵانکارییەش بە چاودێری دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجامدرا، تاڵانکارییەکان بەجۆرێک بوو جگە لەو ماڵانەی کە دژی داگیرکەری بوون تاڵان دەکران، تەنانەت ماڵە عەرەبەکانیش ئەوانەی کە هاودەستی و ڕێگەخۆشکەربوون بۆ داگیرکەری و ماڵی ئەندامانی"ئەنەکەسە"ش تاڵانکرا.

چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک مەڕو ماڵات و ئاژەڵی عەفرینیان دزی، بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، پێش داگیرکردنی عەفرین، ١٠٠هەزار مەڕوماڵات و ئاژەڵ لە عەفرین هەبوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە بەهۆی تاڵانکارییەوە دابەزیووە بۆ ٢٠هەزار.

تاڵانکردنی زەیتوون و بەرهەمەکان

سەرجەم زەیتوون و بەرهەمە دزراوەکانی عەفرین گواسترانەوە بۆ تورکیا، دەستەی چاندنی عەفرین ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە ساڵی ٢٠١٧ لە عەفرین ١٥هەزار تەن گەنم بەرهەم هاتبوو، لەساڵی ٢٠١٨شدا ئەم ڕێژەیە بەرزبووەوە بۆ ٢٠تا٢٥ هەزار تەن، سەرجەم ئەو گەنمە بەرهەمهاتووە لەلایەن چەتەکانەوە دزرا و بردرانە تورکیا.

پێش داگیرکردنی عەفرین ٧٠٠ هەزار داری هەنار هەبوو، سەرجەم ئەو دارانە لەلایەن چەتەکانەوە دزران.

عەفرین بە زەیتوون بەناوبانگە، داری زۆری تێدایە، بەڵام لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تا ئیستاش ئەو دارانە ڕووبەڕووی بڕینەوەو تاڵانکردن دەبێتەوە، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان میتی تورک و بەناو"ئەنجوومەنی مەدەنی" لە سەدا ٨٥ ی زەیتوون دەبردرێتە تورکیا، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٢٢٠ هەزار تەن زەیتوون تاڵانکران و لە هاتای تورکیا کرانە ڕۆنی زەیتوون و پاشان ڕۆنەکەیان فرۆشتە وڵاتی ئیسپانیا و هەندێکی دیکەش لەناوخۆی تورکیا فرۆشران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین دەستنیشانی کردووە، کە لە ساڵی ٢٠١٨دا لە کۆی سەرجەم زەیتوونە دزراوەکانی عەفرین لەلایەن تورکیاوە ٧٠ هەزار تەن زەیتی لێ دروستکردووە.

دەرگای تاڵانکاری سنوری لە هاتای کراوەتەوە

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گەڵ چەتە هاوپەیمانەکانی ڕێککەوتن کە لە جندرێس دەرگایەکی سنوری بکەنەوە، پاش بەستنی پەیمانی تاڵانکاری لەگەڵ چەتەکانی ئەو دەرگایە کرایەوە، هاوکات بۆکردنەوەی دەرگایەکی دیکەی سنوری بەناوی"چڵی زەیتوون" چەندین داری زەیتوونیان لەناوبرد کە تەمەنی هەندێک لە دارەکان زیاتر لە ١٠٠ ساڵ بوو، ئەم دەرگایەش لە ٨ی ئاداری ساڵی ٢٠١٩ کرایەوە کە ئەم دەرگا سنورییە تایبەت کرا بۆ دزینی زەیتوون و بەرهەمەکانی عەفرین و گواستنەوەی بۆ ناوخاکی تورکیا.

هەروەها ئەم دەرگا سنوریە بۆ دزینی شوێنەوارە مێژووییەکانی عەفرینیش بەکاردێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە ٦ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە گواستنەوەی بەرهەمەکانی عەفرین بۆ ناو خاکی تورکیا لەم دەرگاسنورییە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

لە دووساڵی ڕابردوو، لانی کەم ٦ هەزار هاوڵاتی مەدەنی ڕفێنراون

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە ٢٠-١-٢٠١٨ وە تا ئێستا دەولەتی داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانی، لانی کەم ٦ هەزار کەسیان ڕفاندووە، ٧٠٠ کەس ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی قورس بوونەتەوە و تا ئێستاش چارەنووسی ٣٣٠٠ کەس نادیارە.

لە عەفرین لانی کەم ٥٠٠ کەس لەبەرامبەر پێدانی پارە بۆ ئازادکردنیان، لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێنراون، چەتەکان لەبەرامبەر ئازادکردنی هەر ڕفێنراوێک داوای ٣هەزار دۆلار تا ١٠٠ هەزار دۆلار دەکەن، دوای ئەوەی کەسی ڕفێنراو لەبەرامبەر پێدانی پارە ئازاد دەکرێت، دووبارە لەلایەن گروپی دیکەی چەتەکانەوە دەڕفێنرێت بەمەبەستی وەرگرتنی پارە لە کەسوکاری ڕفێنراو.

هەموو جێگایەک بووەتە زیندان

پاش داگیرکردنی عەفرین، شارەکە بووەتە ناوەندێکی زیندان و ئەشکەنجەدان، بەشی ژێرزەمینی زۆربەی ماڵ و خوێندنگاکان بووەتە زیندان، ئەمە جگە لە زیندانەکانی دیکەی سوپای تورک و میت لە ناوچەکە، چەتەکان زیندانی تایبەت بە خۆیان دامەزراندووە، لەناو زیندانەکانیشدا ئەشکەنجەدان، فشارو هێرشی قورس ئەنجامدراون.

-بەشێک لەو خویندنگایانەی کە کراونەتە زیندان لەناو شاری عەفرین  ئەمانەن:

-خوێندنگای ئەژەر کە لەلایەن سیخوڕی تورک وەکو شوێنێکی ئەشکەنجەدان بەکاردێت.

-خوێندنگای کاراما لە عەفرین بووەتە ناوەندێکی دەستگیرکردن و ئەشکەنجە.

-گوندی کورتەک-ی سەر بە عەفرین بووەتە ناوەندێکی دەسگیرکردن و ئەشکەنجە.

-زیندانی ماراتای کۆن و نوێ، ئەم زیندانە لە دەستی چەتەکانی ئەلحەمزە دایە، ئەو کەسانەی کە دەڕفێنرێن لەو شوێنە زیندانی دەکرێن و پاشان فیدیە لە کەسورکاری وەردەگرن.

-لە زیندانی ئەلمەعسەرە(ساکۆ) نزیکەی ٦٠٠ کوردی تێدایە، ئەشکەنجەی زۆر قورسی زیندانەکان دەکەن و بەهیچ شێوەیەکیش ڕێگە نادەن کەسوکاریان ببینن.

-ئەو کوردانەی کە پێشتر لە دامودەزگاکای سەربازی، سیاسی، ئاسایش لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک دابوون، سەرجەم ئەو کەسانە دەبەن بۆ زیندانی ڕاییا، ئەم زیندانە سەربە میتی تورکە و ئەشکەنجەی زۆر قورسی زیندانیەکان دەدرێت.

لەناوبردنی سروشتی عەفرین

لەسەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە، بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانەوە، چەندین زەوی و دارستان سوتاون، زیاتر لە ١٠٠ دار بڕانەوە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، سەبارەت بە لەناوبردنی سروشتی عەفرین دەتوانرێت ئەو چەند خاڵە بخرێتەڕوو:

-نزیکەی ٢١٨٠ دۆنم زەوی سوتێنراون و زیاتر لە ١٠ هەزار دار سوتێنراوە.

-چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک ٤٥٠ هەزار داریان بڕیوەتەوە بەمەبەستی فرۆشتن، کە لەناو ئەو دارانەدا چەند جۆری دەگمەن هەبوون.

٦٤ خوێندنگا بەتەواوی خاپوور کراوە

بەر لە داگیرکردنی عەفرین، لە تەواوی ناوچەکان ٣١٨ خوێندنگا هەبوون، لە خوێندنگا سەرەتاییەکان ٤٢ هەزار خوێندکار، لە خوێندنگا ناوەندییەکان ٩ هەزار خوێندکار، هەروەها بە هەزاران خوێندکار لە قۆغەکانی دواناوەندی و زانکۆ لەخوێندن بوون، بەڵام بەهۆی هێرشی داگیرکەرییەوە تەواوی ئەو خوێندکارانە لە خوێندن بێ بەشبوون.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێڕشە داگیرکەرییەکان، ٨٦ خوێندنگا ڕووبەڕووی هێرش بووەوە، کە ٦٤ لەو خوێندنگایانە بەتەواوی خاپور بوو.

زیاتر لە ٢٨ هەزار پارچە شوێنەواری مێژوویی دزران

کاتێک دەولەتی تورک هێرشی دەستپێکرد، لەگەڵ هێرشکردنیدا چەندین ئامێری هەڵکەندنی گەورەی هێنایە ناوچەکە بەمەبەستی هەڵکەندنی شوێنەوارە مێژووییەکان و دزینی شوێنەوارەکان کەمەزەندە دەکرێت کۆی ئەو پارچە شوێنەوارانەی کە دزراون زیاتر لە ٢٨ هەزار پارچە شوێنەوار بێت، ئەمە جگە لەوەی کە چەندین شوێنەواری مێژوویی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە خاپور بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانی، لە ٤٢ شوێنی مێژوویی، گرد و شوێنە پیرۆزەکان لە گەنجینە و پارچە شوێنەواری مێژوویی گەڕاون و هەڵیانکۆڵیوە، لەم شوێنانەدا ٢٠ هەزار پارچە شوێنەواریان دەرهێناوەو لە تورکیاو وڵاتانی دیکە فرۆشتوویانە.

ئەو شوێنە مێژووییانەی کە کە بەهۆی تاڵانکارییەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە یان خاپوربوون

بەپێی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی عەفرین، ئەو شوێنە مێژووییانەی کە ناویان لە لیستی"یونسکۆ"دا هەبوو لەلایەن سوپای داگیرکەرەوە ڕووبەڕووی لەناوچوون یان زیانگەیاندن بوونەتەوە ئەمانەن:

"پەرستگای عەین دارا، قەڵای هورییان لە شەرا، مەزاری شێخ هەمید-ی ئێزدییان لە قەستەل جندۆ، مەزاری بافلونەی ئێزدییان لە شێراوە، مەزاری قەرەجرێن لە شەرا، مەزاری شینکا، مەزاری شێخ حەنان نوری دەرسیمی و هاوژینەکەی لە شێراوە، مەزاری ساراقزێ لە گوندی ئیسکا، شانۆی ئەنتیک-ی سەردەمی هورییەکان لە شێراوە، گردی دێر سیوان، گردی عەرەب شێخۆ، گردی کەفەر ڕۆمە لە شێراوە،

قیبارە، ستێر، بەردە مێژوویەکان لە گوندی هەمان لە جندرێس، گوندی ئەلبیسکێ لە ڕاجۆ، بیرە مێژووییەکانی گوندی کۆرا، گردی مەیدان ئەقبەس، شوێنە مێژووییەکانی سیدانکێ، بیری ئیلوتێ لە گوندی کۆرا لە جندرێس، مەزاری شێخمووس لە گوندی گەوندا، گردی سێمالکا لە ڕاجۆ، خربەیەن لە گوندی چۆبانا، گردی مێژوویی لە جندرێس، گردی زیرەڤکێ لە شیا، خربەیەن عەرەب لە ماباتا، گردی عەین هەجەرە لە عەفرین، گردی کیتل ، گردی دورومییە، گردی گەمروکێ لە ماباتا، مەزاری یاخمور دادا، گردی عەبیدییان لە بلبلێ، گردی بەرادییە، خربەیەن کیمارا، برج ئەڤدالۆ و ئەشکەوتی دودەری لە شێراوە.

خوێندنگایان کردووەتە بارەگای سەربازی

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانی لە ١٨-٣-٢٠١٨ عەفرینیان داگیرکرد و زۆربەی خوێندنگاکانی عەفرینیان بەسەربازگە کرد، بەشێکی ئەو خوێندنگایانەی کراون بە سەربازگە ئەمانەن:

-خوێندنگایەک لە جندرێس کراوە بە نەخۆشخانەی سەربازی.

-خوێندنگای شەهید عەزیمە لە عەفرین، کراوە بە ناوەندی سەربازی و چەتەکانی"سوپای میللی" لەو خوێندنگایە مەشقیان پێ دەکرێت.

خوێندنگای ئەژەر لە عەفرین کراوە بە ناوەندێکی سیخوڕی، هەروەها لەو خوێندنگایە زیندانێکی شاراوەی تێدا دروستکراوە.

ئەکادیمیای زمانی کوردی ڤیان ئامارا کراوە بە بارەگای سەربازی.

-خوێندنگای ئیتیلات ئەلعەرەب کراوە بە بارەگای سەربازی.

-خوێندنگای شەهید جگەرخوێن کراوە بە ناوەندێکی کۆماندۆی دەوڵەتی تورک.

-خوێندنگای تجاری کراوە بە ناوەندێکی پۆلیس.

-خوێندنگای چاندنی کراوە بە ناوەندی ئەنجوومەنی عەفرین کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دامەزراوە.

-خوێندنگای ئەسدیقا کراوە بە ناوەندێکی چەتەکانی ئەحرار ئەلشەرقیە.

ب.ش