ئامەد شاهۆ: تاکە چارەسەر گۆڕانکاریی ڕیشەییە لە ئێران

ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پاراتی پەژاک ڕایگەیاند:" چارەسەری دۆخی ئسیتای ئیران چارەسەری ڕیشەییە نەک سیاسەتی پینەوپەرۆ و فشارکردنە سەر گەل".

ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) دەربارەی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کار و خەباتی پەژاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو هێرش و تۆمەتانەی کە ئاراستەی پەژاک دەکرێن، وەڵامی پەژاک بۆ ئەو تۆمەتانە و بیروڕای ئەو پارتە بۆ چاەرسەریی پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) نرخاندنی گرینگی کرد.

 سەرەتا ئامەد شاهۆ سەرنجی ڕاكێشایە سەر ئەو ئاڵۆزییە، کە لە ناوچەکە ڕوودەدات و بە شەڕی جیهانیی سێەم بەناوی کرد وتی: "ئێرانیش بەشێکە لەو شەڕە و دەستێوەردانێکی بنەڕەتی لە ئێرانیش دەکرێت، بێگومان ئەو قۆناغەی کە ئێستادا ئێران پیایدا تێپەر دەبێت قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزە، لەبەر ئەوەی ئێران وەک دوورگەیەکی ئاڵۆز و نا ئارامە، هۆکاری ئەو دۆخەی ئێرانیش هەر سیاسەتی خودی ئێرانە، ئەو سیاسەتەی ئێران گرتویەتی بەر وایکردوە ئێران پەراوێزبێت و گەمارۆیەکی قورسی سیاسی و ئابووری لە دژی ئێران بەرێوە بچێت، هۆکارەکەی بۆ ئەو دەستێوردانانەی ئێران لە ناوچەکە و ئەو برەودانە، کە بە تیرۆری دەدات دەگەڕێتەوە، ئەوەش وایکردوە سنوورێک بۆ دەستێوردانەکانی ئێران دابنرێت، کاتێک ئێران لە ئاستی دەرکی تووشی گرفت و فشار دەبێت لە ناوخۆدا فشارەکانی بۆ سەر کۆمەڵگا زیاد دەکات، جیا لەوەش کارنامەی خودی ڕژێمی ئێران وایکردووە ئەو ڕژێمە ڕەوایەتیی گەل لە دەست بدات بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی خولی ١١هەمینی پەرلەماندا ئەوە بە ڕوون و ئاشکرا دیاربوو، گەل نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەوەش ئەنجامی کارنامەی ئەو ڕژێمەیە، بەرامبەر بە کۆمەڵگا و دەرئەنجامی کارەکانییەتی، هاوکات ئێران لەبواری سیاسی و کۆمەڵایتیش تووشی داڕمان بووە، پارەی ئێران بێ ئەرزش بووە، بێکارییەکی فراوان هەیە، گرانی سەریهەڵداوە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیادی کردووە، هەموو ئەوانەش دەرەئەنجامی سیاسەتی فاشیستانەی ئێرانە، کە بە شێوازی تاک زمان و تاک نەتەوە بەڕێوە دەچێت، ئەوەش وایکردووە گەل کاردانەوە پێشان بدات. نموونەش خۆپێشاندانەکانی دوو ساڵی ڕابردووە، کە خەڵک لەدژی سیاسەتی ئێران کردیان و ئەوەیان ڕاگەیاند، سیاسەتی ئێران دژی گەلە و دژە ئازادی و دژی ژنانە، گەلانی ئێرانیش ئەو سیاستەیان پێ پەسەند نییە، گەل دەڵێن ئیدی بەسە."

شاهۆ ئامەد ئەندامی مەجلیسی پەژاک وتیشی: "ڕژێم بۆ ئەوەی ئیدامە بە سیاسەتی خۆی بدات گۆمی خوێنی بەرپاکردووە و رژێم دەیەوێت بە سیاسەتی لە سیدارەدان، ڕەشبگیری، بە بەربەستکردنی خەباتی دیموکراتی و گرانکردنی پیداوەیستییەکانی کۆمەڵگا، بە هەر نرخێک بێت سیاسەتی خۆی بەرێوەبەرێت و کۆمەڵگا ناچاری خۆی بکات، خولی دوەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەکەى ساڵی رابردوو، کە لە ١١ ئەیلول / ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ، کە لە ١١-ی بازنەى هەڵبژاردنی ئێران بەرێوە چوو، ئەوەی سەلماند ڕژێم ناتوانی سیاسەتی خۆی بسەپێنێت، سیاسەت بەپینەو پەڕۆ بەڕێوە ناچێت، ڕژێم ناتوانێت داگیرکارییەکانی خۆی بەڕێوە ببات لەسەر گەلانی ئێران و هاوکات ناتوانێت ڕەوایەتی بەو پەرلەمانە بدات، کە ناوەندی گەندەڵییە لە ئێران، بەڵام لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی گەندەڵی و سیاسەتەکانی خۆی لە ئێران بە قانونی بکات، بەڵام دەبێت ئیران باش بزانێت ئەو کارانە ئێران بەرەو لێواری مەرگ دەبات و ناتوانێت بەم کارانە خۆی ڕزگار بکات، تاکە چارەسەری گۆڕانکاریی ڕیشەییە لە ئێران".

"گەل دەیەوێت بەشدارییەکی کارای هەبێت لە بەڕێوەبەریی وڵاتدا"

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، ڕژێمی ئێران، کە ئەمڕۆ لەسەر دەسەڵاتە لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هاتوەتە سەر دەسەڵات، بە هەموو شێوەیەک ماف و ئازادییەکان، تێکۆشانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ سەرکوت دەکات و ئەوەشی وت: ئەم کارەش بە تایەبەتی بە فتوای خامەنی دەکرێت، فتوای جیهاد لە دژی گەلی کور دەردەکرێت، لەبەر ئەوەی گەلی کورد پێشەناگەیەتیی بۆ تێکۆشانی ئازادی دەکات لە ئێران، هاوکات فتوای شەڕ لە دژی کوفر دەر دەکرێت، لەدوای ئەو فتوایە دەبینین لەشکرکێشی بۆسەر کوردستان دەستیپێکرد، ناوەندەکانی دیموکراتی و ئازادی داخران، زانکۆکان داخران، هەموو ناوەندە سیاسییەکان قەڵاچۆکران، گەلانی ئێران لەبەرامبەر ئەو سیاستەدا ماوەی ٤١ ساڵە تێکۆشان دەکەن، ڕژێم لە ژێر پەردەی ویلایەتی فەقێ دا دەرفەتی کار و ژیانی لە هەموو ناوچە کوردستانییەکاندا لەبار بردووە، ئەگەر سەیری ناوچە سنوورییەکانی ئێران بکەین، لە کاتی شەڕدا ئەو ناوچانە لە بەرەی هەر پێشەوەی جەنگەکەدا بوون، بەڵام لە کاتی دابەشکردنی ماف و پێداویستییە سەرتاییەکانی کۆمەڵگادا ئەو ناوچانە لە ڕیزی هەرە دواوەوەن، ئەگەر سەیری ڕەوشی ناوچەکانی وەک لوڕستان، خۆراسان، کرماشان و هەمەدان و کوردستان بکەین لەوە تێدەگەین کە پڕوپاگەندەی مرۆڤ سالاریی ڕژێمی ئێران دوورە لە ڕاستییەوە و تەنها پڕوپاگەندەییەکی درۆینەی سەر تەلەفزێۆنە، چونکە کارنامەی ڕژێم بە شێووازێکە دەیەوێت (بە سیاسەتی لە سیدارەدان دیموکراسی گەشە پێبدات، بە قڕکردنی گەلان دەیەوێت یەکێتیی گەلان دروست بکات، بە بنبڕکردنی گەشەدانی ئابووری دەیەوێت ئابووری دیموکراتی پێش بخات)، هەموو ئەوانەی، کە وتمان پاردۆکس و دژبەیەکن، کە لە ئێران هەیە، بەڵام گەل وەڵامی هەیە، کاتێک گەل دێتە سەر شەقام تەنها لە دژی گرانیی نرخی بەنزین نییە، بەڵکو گەل دەیەوێت بەشدارییەکی کارای هەبێت لە بەڕێوەبەریی وڵاتدا، گەل دەیەوێت وڵات بە دەستی چەند گەندەڵکار و بنەماڵەیەکەوە بەڕێوە نەچێت، گەل دەیەوێت هەموو پارێزگایەک خۆبەڕێوبەرییەکی دیموکراتیی هەبێت، گەل لەسەر ئەو خاڵانە پێداگری دەکات."

"لە ئێران دەرفەتی پێوکە ژیانی گەلان هەیە"

ئامەد شاهۆ دەربارەی کۆمەڵگای ئێران وتی: لە ئێران دەرفەتی ژیانی دیموکراتی و پێکەوە ژیانی گەلان هەیە، نموونەی شاری ورمێیە، کە بۆتە ناوچەیەک بۆ پێکەوە ژیان و موزائیکی گەلان، بەڵام لە گەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی دەسەڵاتی دەوڵەت – نەتەوە و هاتنی ئیمپریالیزم بۆ ناوچەکە، هەوڵ دەدرێت ئەو خاڵانەی کە دەبنە هۆی دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگا لە ناوببرێن، بەڵام گەل بۆ بەرەودان بە پێکەوە ژیان و دیموکراسی هەمیشە لە هەوڵەکانی بەردەوام بووە، بۆ ئەوەش قوربانیی گەورەی داوە، گەل بەزمانی دیموکراسی، کە چالاکیی شەقامە وەڵامی داوەتەوە، هەمیشە گەل لە ئێران سەر شەقام بووە لە دژی سیاسەتەکانی دەسەڵات، بەڵام ئەو ڕژێمە بەداخەوە دیموکراسی و ئەو چالاکییانە قەبووڵ ناکات، تێکۆشانی بۆ دیموکراسی بە ناڕەوا لە قەڵم داوە و تیرۆری کردووە، بۆ ئەمەش دەرفەتی سەرکوتکردنی دیموکراسی و گەلانی ئێرانی خۆشتر کردووە.

"نابێت تێکۆشان بۆ ئەگەرەکان بەجێ بهێڵین"

دەربارەی پرسیاری ئەوەی تا چەند گەلانی ئێران باوەڕیان بە دەستێوەردانی دەرەکی هەیە و ئایا ئەو دەستێوەردانانە دەبنە وەڵام، ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پەژاک لەوبارەیەوە وتی: "بە بڕوای ئێمە گەلانی ئێران فریوی ئەو بانگەشە میدیایە و ئەو شەڕە هەژموونگەرایەی کە لە ئارادیە ناخۆن، چونکە کارنامەی هەر یەک لەو دەوڵەتانە، کە خۆیان بە نوێنەری گەشەدانی دیموکراتی لە قەڵەم دەدەن لە جوگرافیای ئیراندا زۆر بەرچاوە، نموونەی ئەمریکا، ئەوروپا، و ڕوسیا لەو سەردەمانەدا، کە دەسەڵاتیان لە ئێراندا هەبووە چەند بەرژەوندییەکانی گەلانی ئێرانیان لە بەرچاوە گرتووە؟ ئەوە بۆ خەڵکی ئێران روونە، بەتایبەت ئەو کودەتایانەی کە لە دژی بزاڤە ئازادیخوازەکان کە هەبوون، ئەو سەرکوتانەی کە لە دژی جوڵانەوە شۆڕشگێڕییەکان هەبوون، هەمووی دەستی ئەو دەسەڵاتانەی تیادابووە، بە تایبەتی ئەو کودەتایە، کە لە ١٥ی ئاب بۆ ١٩ی ئابی ١٩٥٣ لە دژی حکومەتی موسەدیق کرا، ڕەزاشا کێی لە پشت بوو؟ گەل هەموو ئەوانە بە ڕاشکاوانە دەبینێت، بۆیە گەل هیچ هیوایەکی بە دەستێوەردەنی دەرەوە نییە بۆ ئەوەى ڕزگاری بکات، گەل بڕوا بە هێزی دیموکراتیی خۆی هەیە، هەموو ئەو خۆپێشاندانە، کە لە ناوخۆی ئێراندا کران، ئەگەر دەستێوەردانی دەرکی نەکرابا ئێستا ئاقاری خۆپێشاندان جێاوازتر بوو، چونکە ئەو هێزانە ویستیان خۆپێشاندان بکەنە موڵکی خۆیان، سواری شەمندنەفەری گەلان بوون بۆ ئەوەی وەک فشارێک لە دژی دەسەڵاتی ئێران بەکاری بهێنن، ئەوەش وایکرد گەل لە خۆپێشاندان پاشەکشە بکات، بۆیە بە بڕاوی ئێمە هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی ناتوانێت دیموکراسی و ئازادی بۆ گەلانی ئێران بهێنێت، بەڵکو تێکۆشانی دیموکراتی دەتوانی ئازادی و دیموکراتی لە ناو خودی ئێران سەقامگیر بکات، بێکاری و مافی مرۆڤ لە خەمی هێزە دەرکییەکاندا نییە، بێکاری و کوشتنی کۆڵبەران خەمی ئەو هێزانە نییە، ئەمڕۆ بەسەدان گەنج چاوروانی پەتی سیدارەن دەردی ئەو هێزانە نییە، دەردی ئەوان تەنها ئەوەیە ئەو ڕژێمە تەسلیم بە خۆیان بکەن و ئێران بکەنە ناوەندێک بۆ گەشەپێدانی ئابووریی خۆیان بۆ بە هێزکردنی هەژمووی خۆیان لە ناوچەکە."

"نابێت تێکۆشان وابەستەی ئەگەرەکان بکرێت"

هەروەها دەربارەی ئەو هێز و لایەنانە، کە چاوەڕوانی هێزی دەرەکین وتی: "بە بڕاوی من حیزبێک لە گەڵ ڕاوبۆچوون و خوێندنەوەی گەلانی ئێراندا نەبێت هێچ کاتێک سەرکەتوو نابێت، ناتوانێت پێشەنگایەتی بۆ دیموکراتیکبوونی گەلان بکات، هەر هێزێک چاوەڕوانی دەستێوەردانی دەرەکی بێت و چاوڕوان بن، کە دەستێوەردانێک لە ئێران بکرێت ئەو حیزبانەش بێنە سەر سفرەی حازر دابنیشن ناتوانین ئەو هێزانە وەک حیزب چاو لێبکەین، بەڵکوو ئەوانە وەک دوکانێکن کە لەسەر خوێنی گەلان دروستکراون و سیاسەت دەکەن، لە ئێستادا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو حیزبانە لاواز بوون، کە تێکۆشانی گەلان ئاراستە بکەن، هۆکارەکەی چییە؟ ئەمڕۆ حیزبە کوردستانییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانن لە باشووری کوردستانن یاخود لە هەندەرانن، ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران بەو زهنییەتەی هەیانە وایکردووە بێکارییگەر بن، هەم هێزە هەژموونگەراکان ئەو هێزانەی تواندووەتەوە هەم سیاسەتی ڕژێم بێکاریگەری کردون، خامەنی کاتێک دەڵێت: 'ئێمە نە لەگەڵ ئەمریکا شەڕ دەکەین و نە شەراکەت دەکەین' ئەوە سیاسەتی چاوڕوانی و سیاسەتی پەرتەوازەکردن و بێباوەڕیکردنە، هەم لە نێوان هێزە سیاسییەکان پێشی دەخەن هەم لە ناو گەل پێشیدەخەن، بۆیە هێزێک، کە ڕوانگەیەکی وای هەبوو کارنامەکەی دیار نییە، چی کاتێک پشت لەگەل بکەن دیار نییە، بۆیە کارنامەی گەل ڕوون و ئاشکرایە و تەنها هێزێک کە بتوانی گۆڕانکاری دروست بکات تەنها هێزی ڕاپەریوی گەلە و مێژوو ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، بۆیە ئێمە داوا دەکەین هەموو هێزەکان چاوەڕیی دەستێوردان نەکەن، بەڵکو ئێمە و هەموو ‌هێزەکان دەبێت لە چوارچێوەی بەرەیەکی دیموکراتی پێشنگایەتی بۆ گەلانی ئێران بکەین، چونکە ئێران و ئەمریکا ڕێککەوتن لە نێوانیان دا هەیە، ئێران دەڵێت، لەگەڵ شەیتانی گەورە کە مەبەستی ئەمریکایە دانانیشم، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو ئێران و ئەمریکا ئاڵوگۆڕی گیراوەکانی یەکتریان کرد. ئەوەش ئەوە نیشان دەدات، کە ڕێککەوتن لە نێوانیاندا هەیە، هەروەها ترامپ دەڵیت، ئەگەری ئەوە هەیە لە دوای هەڵبژاردنی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوین، بۆیە هیچ بزاڤێکی کوردی و ئۆپزسێۆنی ئێرانی نابێت تێکۆشانی خۆیان بەو ئەگەرانە، کە لە ئارادان ببەستنەوە، بەڵکو دەبێت تێکۆشانی خۆمان لە چوارچێوەی ئاشتی و ئازادی دیموکراسی لە ناو خۆی ئێراندا گەش بکەین."

ڕژێم دژی ژنە..

ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پەژاک لە درێژەی نرخاندنەکانیدا باسی ئەوەیکرد: "ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە دامەزاراوە، لەسەر بنەمای ئەو بۆشاییە کە لە پێشەنگایەتی هەبوو لە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تێکۆشانی گەل دروستکرا، کار لەسەر ئەو دەکەین فەرهەنگی دیموکراسی و ئازادی و پێکەوە ژیانی گەلان زیندوو بکەینە وە و لەسەر پایەکانی ژینگەپارێزی و هاوسەنگیی ڕەگەزی و پێکەوەژیانی گەلان، ئەم ڕەوتەش ئێستا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندووە، گەلی کورد ئاشنایە بەو ڕەوتە و ئێستا گەلی کورد خەباتی خۆی دەکات، بۆچی ئازادیی ژن بۆ ئێمە پیویستە؟ چونکە ڕژێم دژی ژنە، ئێمە دەبینین، کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە پێشمانە، بەڵام ڕێگا نادرێت ژن خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆک کۆماری، ئەمڕۆ زیهنییەتێکی پیاوسالاری لە ئێراندا هەیە و وایکردووە هەر ڕۆژ ژن زیندە بەچاڵ بکرێت، ژن بکوژرێت، دەستدرێژی بکرێتە سەری، لە پۆستە باڵاکان ژن دوور دەخرێتەوە و ڕێگا نادرێت ژن لە سیاسەتی دیموکراتیدا بەشداری بکات، ئەوەش بە پێچەوانەی ڕاستینەی کۆمەڵگایە، لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین لە هەورامان، لۆڕستان و کرماشان ژنسالاری هەبووە، بۆیە ئەمڕۆ پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ ئازادیی ژن تێکۆشان بکەن، ئەو زیهنییەتە تێک تێکبشکێنین، کە ڕژێم بەسەر کۆمەڵگادا دەیسەپێنێت، لە ئێستادا ژنان لە زیندانەکاندا بە پێشنگایەتیی هەڤاڵ زەینب جەلالیان و نەسرین ستودە پێشەنگایەتی بۆ بەرخودانێکی مێژووی دەکرێت، ڕژێم لەو بەرخۆدان و تێکۆشانەی ژنان تۆقیوە، ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئەگەر پشتی خۆیان بەو هێزە چەکدارییانە ببەستن، کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چیاکانی شاهۆ و داڵاهۆدان، ئەوە ئەو ڕێکخراوانە دەتوانن سەرکەوتنی خۆیان گەرەنتی بکەن."

هاوکات دەرباری ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) دەکرێت لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە ئەو ئەندامەی مەجلیسی پەژاک رایگەیاند :"لە ئێستادا ئێران وەک مەیدانی ئارێنای ڕۆمایە، مرۆڤە ئازادیخوازەکانی ئێران وەک پاڵەوانەکانی ئارێنایە دەبرێنە بەر دەمی شێر دەرخواردی شێریان دەدەن، شۆڕشگێڕەکان دەرخواردی لاشخۆرەکان دەدەن، ئەمڕۆش بۆ ئەوەی بەشێک لەو هێزانە بۆ ئەوەی بچن بەشداری ئەو یارییە بکەن و سەیری ئەوە یارییە بکەن بۆ ئەوەی جێگایەکیان پی بدرێت، دەبنە بەشێک لەو پڕوپاگەندەیە بۆ ئەو یاریە، هەموو کەس ڕاشکاوانە دەزانێت فەلسەفە و بەرنامەی پەژاک چییە، پەژاک ئاڵای تێکۆشانی خۆی لە پێناو ئازادی و دیموکراتیی کۆمەڵگا بەرزکردووەتەوە و لەو پێناوەش سەدان گەریلامان ژیانی خۆیان بەخشیوە و شەهیدبوون و تا ئەمڕۆش دەیان تێکۆشەری ئێمە لە ناو گرتوخانەکانی ئێراندا لە ناو بەرخۆداندان، باشە چۆن بە ئێمە دەڵێن، 'پەژاک دار دەستی ئێرانە؟' ئەوە پاردۆکس و دژبەیەکبوونێکی گەورەیە، ئەو هەڤاڵانەی ئێمە لە گرتوخانەکانی ئێراندان بۆ ئازاد ناکرێن، گەریلاکانمان لە چیاکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژوراترین دۆخدا تێکۆشان دەکەن، ئێران بۆ ئەوەی دەرفەتی ژیانی گەریلا لەبار ببات جاشایەتی پێشدەخات، ئەوەش ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت، کە ڕاستییەکان پێچەوانەن، بۆچی ئەو پڕوپاگاندانە دەکەن لە دژی ئێمە؟ چونکە ئەو هێزانە ئیرادەی خۆیان نییە و وابەستەی هێزی دەرەکین، بۆیە ناوەندی شەڕی تایبەت هەر دەستەواژەیەک بەکار بێنێت ئەوانیش هەمان ئەوە دەستەواژانە بەکار دەهێێنن و لە دژمان دووبارەی دەکەنەوە، بزاڤە شۆڕشگێڕەکان لە مێژووە تا ڕۆژی ئەمڕۆ پڕوپاگەندیان لە دژ کراوە، ئەمڕۆ پەکەکە کە لە جەنگی جیهانیی سێهەمدا ئاڵا هەڵگری ئازادی و دیموکراسییە، هێزێکی تاریکپەرستی وەک داعشی تێکشکاند، لە ئێستادا لە گەڵ خوێنمژێکی وەک ئەردۆغان شەڕ دەکات، بەڵام ئەمڕۆ پەکەکە وەک تیرۆریست ناو دەبەن، ئەوکاتە هەرکەسێک ئەو قسانە بکات گەل دەزانێت ئەوکەسە لە کوێ ئاو دەخواتەوە، لە کوێ ڕینمایی وەردەگرێت، بۆ پەژاكیش، بۆ ئێمە دەربەست نابێت، کە چیمان پێ دەڵین، ئەوانەى لە دژمانن دەڵێن، ئێمە سەربە ئەمریکاین، سەربە ئیسرائیل یا خود ئێرانین!!، ئێران بە ئێمە دەڵیت، ئێمە سەر بە ئەمریکان، بەشێکیتر لە دژەکان دەڵێن، سەر بە ئێرانین، واتا ئەوانە کار دەکەن بۆ ئەوەی سەرلێشێواوی لە ناو کۆمەڵگا دروست بکەن، سوپای ئێران پەژاک وەک بەربەستێک دەبینێت، بۆ ئەوەش دەیەوێت ئەو بەربەستە لابدا، بۆ ئەوەی لییبدا بانگەشە لە ناو کۆمەڵگا بڵاودەکاتەوە، سیاسەتی ڕەشکردن لە دژی ئێمە بەڕێوەدەبات، هۆکارەکەی ئەوەیە، کە پەژاک خاوەن خۆشەویستی و پێگەی جەماوەرە لە ناو کۆمەڵگا، ئەو خۆشەیستییەی کۆمەڵگا بۆ پەژاک لە پێناو چاوی ئێمەدا نییە، بەڵکو لە پێناو ئەو خوێنەیە کە ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیدەین، لە پێناو ئەو تێکۆشانەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوە دەچێت، بۆیە دەبێت هەموو کەس وشیار بێت و ئەو شەڕە، کە هەیە شەڕێکی تایبەتە، بە تایبەتی ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئەو شەڕە ڕژێمی فاشیستیی تورکە، کە لەدژی کورد و لە دژی بزاڤی ئازدیخوازی گەلی کورد بەڕێوەی دەبات و کۆمەڵیک دەستەواژە بڵاو دەکەنەوە، لە ژێر ناوی، جوداخوازی، موحارب و تیرۆریست و دەیانەوێت تێکۆشانی ڕەوای گەلی کورد ناڕەوا لە قەڵەم دەدەن. هاوکات سوپای پاسداران هەمان دەستەواژە بۆ تێکۆشانی گەلی کورد بەکار دێنی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو تیرۆریستە و ئەوەی تێکدەرە هێزە داگیرکەرەکان و سوپای پاسدارانە، کە دەرفەتی ژیان لە وڵاتا لە ناو دەبەن، بە دروستکردنی بەنداو دەرفەتی ئابووری لە کوردستان لە ناو دەبەن، سوپای پاسدارانە، کە کاسبکار و کرێکار لە ناوچە سنوورییەکان دەکوژێت، سوپای پاسداران کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ملیتاریزە دەکات، تەنیا ڕیگایەکیان بۆ کۆمەلگا هیشتووەتەوە، ئەوەیش بە جاشبوون بەسیجبوونە، بۆیە سوپا بەم شێوازە ڕێگای ژیانی بۆ کۆمەڵگا نە‌هێشتووەتەوە."

ژ.ت