ئاکەپە چەتەکانی جەرابلوس و عەزاز بۆ هێرشکردنە سەر قەندیل کۆدەکاتەوە

دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر بۆ ئەوەى هێرش بکاتە سەر قەندیل، لە جەرابلوس وعەزاز دەستیکردووە بە کۆکردنەوەى چەتەکان. ئاکەپە پارەیەکى زۆر بەو چەتانە دەدات، کە بەشدارى لە هێرشکردنە سەر قەندیل دا دەکەن.

ئەدۆغان بۆ پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن بابەتى ئۆپراسیۆنى قەندیلى هێناوەتە پێشەوە. ناوچە بە ناوچە دەگەڕێت و دەڵێت "ها ئەمڕۆ، ها سبەی ئێمە دەچینە قەندیل" و ئێستاش بۆ ئۆپراسیۆن بۆ سەر قەندیل لە جەرابلوس وعەزازدا دەستیکردووە بە کۆکردنەوەى چەتەکان.

بەپێى زانیارییەکان، ئەفسەرەکانى سوپاى تورکیا نیوەڕۆى رۆژی ٢٠ى حوزەیرانی ٢٠١٨ بەشداریى ئاهەنگێکیان کردووە، کە هاوکات لە جەرابلوس و عەزاز دا بەڕێوەچووە.

ئەفسەرەکانى سوپاى تورکیا لەو ئاهەنگەدا داوایان لە چەتەکان کردووە بەشدارى بکەن لە ئۆپراسیۆن بۆ سەر قەندیل.

ئەو ئەفسەرانەى سوپاى تورکیا لە جەرابلوس و عەزاز رایانگەیاندووە، پێویستییان بە ٥ هەزار و ٥٠٠ چەتەى سوپاى ئازادى سوریا هەیە بۆ هێرشکردنە سەر قەندیل.

راشیانگەیاندووە، بڕی ٨٠٠ دۆلار دەدەن بە هەر چەتەیەک کە بەشداریى ئۆپراسیۆن بۆ سەر قەندیل بکات.

 دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر لە هێرشە داگیرکارییەکەیدا بۆ سەر عەفرین چەتەکانى بەکارهێنابوو.

ماوەیەک لەوە پێشیش سوپاى تورکیاى داگیرکەر بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەى چارچێلا لە هەرێمى پاراستنى مەدیا، چەتەکانى داعش و چەتەى گروپە توندڕەوەکانى ترى بەکارهێنابوو.

ر.م