ئاگرەکەى دەوڵەى تورک لە عەین عیسا گەیشتە ناو ماڵی هاووڵاتییان

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر هێرشەکانى لە دژی زەوییە کشتوکاڵییەکان و گوندەکانى فیدراسیۆنی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە. بەهۆی ئەو هێرشانەوە ئاگربەربووەتە زەوییە کشتوکاڵییەکان ناو ماڵی هاووڵاتییان و بەوهۆیەوە جوتیارەکان ناچاربوون کۆچ بکەن.

 دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە ٢١ی ئایار ئاگری بەردایە زەوییە کشتوکاڵییەکانى عەین عیسا و گرێ سپی، کە سەرچاوەى سەرەکیی بژێویی هاووڵاتییانی ئەو سنوورەیە.

کاتژمێر ١٦:٠٠ دا گوندەکانى خالدییە و هۆشانی لە عەین عیسا تۆپباران کرد و بەهۆی تۆپبارانەکەوە ئاگر لە زەوییەکان کەوتوە و تاوەکو ئەمڕۆ هەینی بەردەوامیی هەیە.

دانیشتوانى گوندی هۆشان بەهۆی تەشنەى ئاگرەکە و گەیشتنی بۆ ناو ماڵەکانیان ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.

سەرچاوە هەرێمییەکان هۆکاری ئاگرتێبەردان و تۆپبارانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە چەتەکان دەیانەوێت بە هێرشەکانیان ئابووریی هەرێمەکە و سەرچاوەی بژێویی هاووڵاتیان لە ناو ببەن و لەر ێگەیەوە رێگای ستراتیژیی نێونەتەوەیی ئێم ٤ کۆنترۆڵ بکەن.

ئاگرەکە زیانی بە دەیان گوند و هەزاران هاووڵاتی گەیاندووە

دەوڵەتى تورک لەسەرەتای مانگی ئایارەوە هێرش دەکاتە سەر دەخڵ و دان و بەربومی کشتوکاڵی و سەرچاوە سەرەکییەکانى بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی فیدراسیۆنی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا.

بەپێی زانیاری و ئامارەکانى ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) لەسەرەتای مانگی ئایارەوە ٣٠ ناوچەی کشتوکاڵیی گرێ سپی، باب، عەین عیسا، تلتەمر، شەرا، شێراوا و کۆبانێ لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیانەوە ئاگری تێبەردراوە و ئاگرەکانیش زیانیان بە دەیان گوند و هەزاران هاووڵاتی گەیاندووە.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لەگەڵ چەتەکانى داعش لە ساڵی ٢٠١٩دا سەدان هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریایان سوتاند و لەو رێگەیەوە خواستیان ئابووری و سەرچاوەى سەرەکیی بژێویی هاووڵاتییانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر لە ناو ببەن.

بەپێی ئاماری کۆمیتەى ئابووری و کشتوکاڵی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر، ساڵی رابردوو ٤٣٥ هەزار و ٥٠٠ دۆنم زەویی کشتوکاڵیی ناوچەکانى فیدراسیۆنی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن دەوڵەتى تورک داگیرکە و چەتەکانیەوە ئاگریان تێبەردراوە.

****

****

****

ژ.ت