ئاڵدار خەلیل: تورکیا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمەکە

ئاڵدار خەلیل رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک 'ناوچەى ئارام' لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادا قبوڵ ناکەن و راشیگەیاند، تورکیا گەورەترین هەڕەشەى سەر هەرێمەکەیە.

ئاڵدار خەلیل بەرپرسی کۆمیتەى دیپلۆماسیى بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم) لەبارەى بابەتەکانى پەیوەندیدار بە 'ناوچەى ئارام' و دانوستانەکانى خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکانى و رژێمى سوریا بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

 

لێدوانەکان لەبارەى 'ناوچەى ئارامەوە' لێدوانى باش نین

ئاڵدار خەلیل سەرنجی ڕاکێشایە سەر پۆستەکەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا لەبارەی 'ناوچەى ئارام'ەوە و وتى "ئێمەش پرسیارەکەمان ئەوەیە کێ دەپارێزن؟ یەپەگە و یەپەژە یان داعش؟ ئەگەر ئەوە نزیکایەتیى ئەوان بێت لە دژی داعش خۆی لە خۆیدا داعش نەماوە. لە دژی رژێم بێت، خۆی لە خۆیدا رژێم لەم ناوچەیەدا کاریگەریى نییە، بەڵام ئەگەر لە دژی یەپەگە و یەپەژەیە، ئەوا دەبێت بابەتەکە روون بکرێتەوە. ناتوانن بڵێن 'ئێمە ئەم ناوچەیە لە تورکیا دەپارێزین' چونکە تورکیا گروپێکى چەکداری ئاسایى نییە. دەکرێت لە دژی گروپە چەکدارەکان رێوشوێنی کردەیى بگیرێنە بەر، بەڵام ئەگەر دەیانەوێت باکووری سوریا لە هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بپارێزرێت، ئەوە دەتوانن ئەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان، یان بە بڕیاری ناتۆ ئەنجامى بدەن، چونکە تورکیا دەوڵەتێکە و خۆی ناتوانێت تەنها ئەو بڕیارانە بدات. ئەوانەش بەو مانایەن کە لێدوانەکان لەبارەى 'ناوچەى ئارام'ەوە لێدوان و راگەیاندراوى باش نیین و ئومێدى لەسەر دروست ناکرێت. نیگەرانى و گومان و پرسیاری زۆری لە خۆ گرتووە، پێویستە ئێمە بە وردی شیکاری بۆ ئەو بابەتە بکەین".

  ئێمە هەرگیز 'ناوچەیەکى ئارام' لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادا قبوڵ ناکەین

ئاڵدار خەلیل راشیگەیاند "ئەگەر بیانوتایە 'ئێمە ناوچەى دژە فڕین دروست دەکەین' ئێمە لێى  تێدەگەیشتین، چونکە یەپەگە و یەپەژە فڕۆکەیان نییە. لەو کاتەدا دەیتوانى بڵێت، کە لە دژی هێرشی ئاسمانیى دەوڵەتەکان رێوشوێنى پێویست بگیریتە بەر. بەڵام شێوەى لێکدانەوەى بابەتەکە گومانى دروستکردووە و ترامپ و ئەردۆغان لەسەر رۆژئاوا، باکووری سوریا و رۆژهەڵاتى فورات رێککەوتون و دەیانەوێت پلانەکەى خۆیان لەلایەن تورکیاوە جێبەجێ بکەن و تورکیا لە هەرێمەکەدا بکەنە باڵادەست. بە هیچ شێوەیەک نابێت و ئەستەمە ئێمە لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا 'ناوچەى ئارام'، یان 'پشتوێنەى ئەمنی' لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادا قبوڵ بکەین".

دەبێت هەموو کەس لەوە تێبگات، کە تورکیا گەورەترین هەڕەشەیە

ئاڵدار خەلیل باسی ئەوەیکرد، لەو رۆژەوە ترامپ بڕیاری کشانەوەى سەربازانى ئەمریکاى لە سوریا دەرکردووە، چاوپێکەوتنەکانیان بەردەوامە و لەوبارەیەوە وتى "لەگەڵ ئەمریکییەکان، فەرەنسیەکان و وڵاتانى عەرەب ... هتد. چاوپێکەوتن ئەنجامدران و ئێستاش هەر چاوپێکەوتنەکان بەردەوامییان هەیە. شاندەکان دەڕۆن و دێن، شاندەکانى ئیمەش دەچن. ئێمەش دەمانەوێت کە لەم کاتەدا هەڵوێستی پێویست بخرێتەڕوو. گرنگیشە لەوە تێبگەن تورکیا بچێتە هەر شوێنێک لەو شوێنەدا ئارامی و ئاسایش نامێنێت. دەبێت لەوە تێبگەن، کە تورکیا خۆی بۆ خۆی گەورەترین هەڕەشەیە. تورکیا هەرگیز ناتوانێت گەرەنتیى دابینکردنى ئارامی و ئاسایش بدات، چونکە خۆی بۆ خۆی هاوکاری داعش و جەبهەی نوسرەیە. سوریاى وێران و کاولکردووە و لە دژی ئیرادەى گەلانە. دەیەوێت پرۆژەى دیموکراتیکى کوردان و عەرەبەکان و گەلانى تر بسڕێتەوە و لە ناوی ببات".

تاکە شتێک، کە دڵی تورکیا خۆش دەکات لەناوبردن و نەمانى کوردە

ئاڵدار خەلیل بەرپرسی کۆمیتەى دیپلۆماسیى تەڤدەم لەبارەى هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورک لە دژی منبج رایگەیاند، تورکیا بۆ ئەوەى عەفرین بخنکێنێت و رێگاى رەقا و شارەکانى تر کۆنترۆڵ بکات، دەیەوێت منبج بخاتە ژێر دەستى خۆی و لەوبارەیەوە وتیشی "یانى تەنها ئامانجەکەى یەپەگە و یەپەژە و پەیەدە نییە، کە ئەو خۆی باسیان دەکات، بەڵکو دەوڵەتى تورک پلانێکى گەورەى تری هەیە و دەیەوێت میساقی میللی (سنوورەکانى پەیمانى نەتەوەیى تورکەکان، کە دەیانەوێت لە حەلەبەوە بۆ موسڵ لەوێشەوە بۆ کەرکوک داگیربکەن) بۆ خۆی بهێنێتەدی. ئەمریکاش لە سەرتاسەری جیهان هێزێکى کاریگەرە و بەرژەوەندییەکانى خۆی دەپارێزێت. ئێستا هەندێک شتی ئەرێنێ و باش بۆ ئێمە باس دەکەن، بۆ کەمکردنەوەى نیگەرانییەکان و بۆ ئەوەى دڵمان ئاسوودە بکەن باسی هەندێک شت دەکەن، بەڵام تەنها ئەوە بۆ ئێمە بەس نییە و هەر بە قسە نابێت. ئێمە بەوانمان وتوە 'تاکە شتێک کە دڵی تورکیای پێ خۆش دەبێت، لەناوبردن و سڕینەوەى کوردە'،".

 ئێمە چارەسەری بۆ چاوەڕوانى بەجێناهێڵێن

ئاڵدار خەلیل بەرپرسی کۆمیتەى دیپلۆماسیى تەڤدەم رایگەیاند، نابێت ئەوان لەسەر ئەو وتە و قسانە سیاسەت بکەن و راشیگەیاند "لەسەر خاکەکەماندا شۆڕشێک ئافرینراوە و بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت دەستکەوتەکانى ئەو شۆڕشە جێگیر و هەمیشەیى بکەین. لەبەر ئەوەش نابێت ئێمە چارەسەری لە سوریا و چارەسەری لە باکووری سوریا و رۆژئاوا تەنها بۆ ئەو چاوەڕوانییانە بەجێبهێڵین. بۆ نمونە ئێستاش چاوپێکەوتنمان لەگەڵ رووسیا بەردەوامیى هەیە. ئێمە ناتوانین تەنها بەپێى تویتەکەى ترامپ بجوڵێنەوە. بێگومان زۆرگرنگە  پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا بپارێزین و کارێک بکەین کە ئەمریکا لەگەڵماندا بێت و کاریگەر بێت بۆ جێگیرکردن و چەسپاندنى دەستکەوتەکانمان، بەڵام دووبارەى دەکەمەوە، ئێمە ناتوانین لە چاوەڕانیی ئەوەدا بین، کە ئەوە خۆی بۆ خۆی دروست ببێت".

'ئێمە بە هێز و تواناى خۆمان رێگا بۆ چارەسەری دەکەینەوە'

ئاڵدار خەلیل باسی ئەوەیکرد، هەر لە سەرەتاى پرۆسەى شۆڕشدا وتویانە 'ئێمە چارەسەری بە هێز و تواناى خۆمان دەئافرێنین' و ئەوەشى وت "بۆ کێشەى سوریا ئێمە سوریەى و بە دواى چارەسەریدا دەگەڕێین. ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەکان هاوکاریمان بکەن ئەوە کارێکى باش دەبێت. ئەگەر ئەمریکا پێبەندی بەڵێنەکانى خۆی بێت ئەوە باش دەبێت. هەر وەک هەڵوێستى دەستپێکمان، ئێمە لەگەڵ هەموو کەس ولایەنەکاندا چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەین، بەڵام نابینە بەشێک لەلایەنێک یان لایەنگری کەسێک. ئێمە درێژە بەو سیاسەتەمان دەدەین. چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەمریکا بە بەردەوامیى درێژەیان دەبێت. بۆ جێگیرکردن و هەمیشەیەیى کردنى ئەو چارەسەرییە، بۆ کەمکردنەوەى هەڕەشەکانى کۆماری تورکیا، بۆ پاراستنى هەرێمەکە، هەر کارێک کە ببێتە پاڵپشت بۆ هێز و تواناى ئێمە بۆ سەرکەوتن و پاراستنى دەستکەوتەکانمان سوودی هەبێت ئەنجامى دەدەین و ئەوەش کارێکى باش دەبێت".

خەلیل باسی ئەوەشیکرد، ئەوان بۆ چارەسەرکردنى کیشەى سوریا و قبوڵکردنى پێگە و ستاتۆی خۆیان لە هەوڵدان و وتیشی "لەو خاڵەشدا چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامیى هەیە. بێگومان ئێمە تەنها لەو چوارچێوەیەدا خۆمان سنووردار و قەتیس ناکەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپی لە پەیوەندیداین. ئەوانیش لە کاتى خۆیدا بۆ پرۆژەى سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و بۆ بەهێزکردنى رێکخراوەکان و پاراستنى دەستکەوتەکان رۆڵیان دەبێت".

دانوستان لەگەڵ رژێم

ئاڵدار خەلیل لەبارەى دانوستان لەگەڵ رژێم دا وتى "دەبێت چارەسەری لەگەڵ شام دا بکرێت، چونکە رژێم هێزی ئەم خاکەیە، لایەنێکى سەرەکیى کێشەکەیە. ئەوەى لە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتیى سوریا دەکات، هەر رژێمە. لەلایەکى ترەوە رووسیا هێزێکى کاریگەرە لە سوریا. کاریگەریشی بەسەر رژێمەوە هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە خواستمان لەگەڵ رووسیا پەیوەندی دروست بکەین و بەردەوامین لەو هەوڵەشمان. رووسیا بە ئێمەى وت 'ئەگەر ئێوە لەگەڵ هێزەکانى رژێم رێبکەون، ئێمەش دەبینە لایەنێکى ئەو رێککەوتنە'. ئامادەکاریى خۆیان لەو بوارەدا خستووەتەڕوو. رایانگەیاند، ئامادەن بۆ ئەوەى رێککەوتنێکى ریشەیى ئەنجام بدرێت".

ئاڵدار خەلیل ئەوەشی وت "ئەگەر بتوانین ئەوە بکەین و لەو بوارەدا بەرەوپێشچوونێک رووبدات، ئەوا هەوڵیش دەدەین لەگەڵ رژێمیش رێبکەوین و بە دواى رێگا چارەسەریدا بگەڕێین. بەڵام ئەوە وەک ئەو بۆچوونە نییە، کە هەندێک کەس دەڵێن، 'رژێم دەگەڕێتەوە، دیسان بە هەموو شوێنێکدا بڵاو دەبێتەوە'. با گەلەکەمان لە دێرەزۆر، رەقا، تەبقا و منبج و هەموو شوێنەکانى تر ئەوەیان لێ روون بێت، ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین رژێم وەک پێشتر بچێتە هەموو شوێنێک. لەناو رژێمدا پێویستى بە گۆڕانکارییەکى دیموکراتیک هەیە. دەبێت پەیمانێک واژۆ بکرێت. پێویستە رژێم ئەوە قبوڵ بکات، کە لێرە ستاتۆ و پێگە و خۆبەڕێوەبەرییەک هەیە. ئەگەر لە چاوپێکەوتنەکاندا بەڕێوەبەریى خۆبەخۆی هەرێمەکەمان قبوڵ بکات، ئەوا لەو کاتەدا دەتوانین لەگەڵ یەک رێبکەوین. بۆ نمونە ئێمە دەتوانین لەسەر سنوور لەگەڵ یەک رێبکەوین. ئەو سەربازانەى کە نوێنەرایەتیى شام دەکەن، دەتوانن سنوور بپارێزین، بەڵام دەکرێت ئەو سەربازانە هەر سەرباز و خەڵکى هەرێمەکەش بن. یانى دەکرێت لەو بابەتەدا فورمول و شێوەیەک بدۆزرێتەوە".

دەبێت ئێمە هەموو کات بە رۆحی سەفەربەرییەوە بجوڵێینەوە

ئاڵدار خەلیل سەرنجی خستە گرنگیى ئامادەکاری و هێزى گەل و وتى "شۆڕش بۆ سەرکەوتن ئەنجام دەدرێت. بێگومان شۆڕش لە ناو زەحمەتى و فیداکاریدا دەئافرێنرێت. پرۆسەى بەردەممان لەو راستییەوە دوور نییە. لەبەر ئەوەش دەبێت گەلەکەمان هەموو کات ئامادە بێت. هەموو کات بە رۆحی سەفەربەرییەوە بجوڵێتەوە. لە رووی پاراستن، خۆبەرێکخستن کردن، ئابووری و هێزی سەربازییەوە خۆی بەهێز بکات و رێوشوێنى خۆی بگرێت".

بە بەرخودانى خۆمان دەتوانین بوونی خۆمان بپارێزین

ئاڵدار خەلیل بەرپرسی کۆمیتەى دیپلۆماسیى بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم) لە کۆتایى قسەکانیدا وتى "بێگومان گەلەکەمان، گەلێکى شۆڕشگێڕە و گەلێکە لە ناو شۆڕشدایە. بێگومان ناچێتە چوارچێوەى هەندێک کەسانەوە و لە چاوەڕوانیى ئەمریکا، رووسیا و رژێمدا نامێنێتەوە، بەڵکو خۆیان بۆ خۆیان وڵاتەکەمان دەپارێزین. بیر لەوە دەکاتەوە، کە هێزی خۆی چۆن و بە چ شێوەیەک بە باشترین شێوە بەکار بهێنێت و چی بکات، ئێمەش ئامادەکاریى خۆمان دەکەین. ئەگەر ئامادەکاریمان باش بێت، ئەوا ئەگەر سبەى خراپترین شتیش روو بدات دەتوانین بە بەرخودانی خۆمان، خۆمان بپارێزین و سەربکەوین".

ر.م