ئاڵدار خەلیل: هەموو شتێک بەدڵی ئەردۆغان نابێت

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤ- دەم سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان و باکور – ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتی: هەموو شتێک بە دڵی ئەردۆغان بەرەو پێشەو ناچێت.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤ – دەم، ئاڵدار خەلیل، بۆ ڕۆژنامەی 'یەنی یاشام' قسەی کرد.

خەلیل سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو هەڕەشە و هێرشانەی دەوڵەتی تورک لە دژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر بانگەشەی 'ناوچەی ئارام' دەیکات و ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک چاوێک بەو هەڕەشە و هێرشانەی دەوڵەتی تورک بخشێنین، ئەوکاتە پێویست بە 'هەرێمی ئارام' لەدژی هێرشەکانی تورکیا هەیە، نەک ئەوەی تورکیا.

خەلیل چاوپێکەوتنەکانی لەوبارەیەوە وەبیر هێنایەوە و باسی لەوە کرد کە دوو پێشبینی بۆ ئەو بابەتە هەن.

بۆ هەردوو پێشبینییەکەش وتی: "تورکیا دەیەوێت لە سەرانسەری سنوور بە قوڵایی ٣٠ تا ٤٠ کیلۆمەتر پشتێنەیەکی ئارام دروست بکات و خۆبەڕێوەبەریی لەناو ببات. خۆی ئەوە نابێتە 'ناوچەی ئارام' لە ڕاستیدا دەبێتە 'ناوچەی نائارام' و داگیرکەریی. لە هەمان کاتدا دەڵێت 'دەچمە ناو هەرێمەکە'. دەیەوێت وەکو عەفرینی لێبکات و چەتەکانی خۆی لە هەرێمە جێگیر بکات".

لەبارەی بانگەشەی ئەردۆغان کە دەڵێت، 'ئەو کۆچبەرانەی سوریا کە لە تورکیان، لە ناوچەکە نیشتەجێ دەکەین' خەلیل وتی: "ئەوە ڕاست نییە، پڕوپاگەندە دەکات. سورییەکانی تورکیا ئەمڕۆ بێنە ئەم ناوچەیە ئێمە چیان پێ بڵێین؟ ئەوانیش گەلی سوریان و مافیان هەیە کە لەو ناوچەیە بژین.

ئێمە بەردەوام ئەوە دەڵێین. ئەو سوریانەی کۆچیان کردووە بۆ تورکیا یان بۆ ناوچەیەکی دیکە، دەبێت بگەڕێنەوە خاکی خۆیان. لەو ڕوەوە کێشەیەک نییە. بەڵام ئامانجی ئەردۆغان ئەوە نییە. ئەردۆغان دەیەوێت گرووپە چەکدارەکانی خۆی لەو ناوچەیە جێگیر و نیشتەجێ بکات. دەیەوێت هەندێک گرووپ لەم هەرێمە نیشتەجێ بکات کە ئێستا لە ئیدلب عاسێ بوون".

بۆ پێشبینی دووەمیش خەلیل وتی: "لە هەموو هەلێکدا ئێمە ڕایدەگەینین شەڕمان ناوێت، لە وڵاتی خۆمانین و زیانمان بە کەس نەگەیاندووە، ئێمە لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوت دەکەین. پێشنیاریشمان ئەوەیە کە ئەو شتەی بەناوی 'هەرێمی ئارام' بە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر هەبێت و لە دەرەوەی شارەکان بێت. هێزەکانی ئەو هەرێمەش پێویستە هێزی خۆجێی بن. هێزە نێونەتەوەییەکان دەتوانن چاودێری ئەو هەرێمە بکەن. نەک تورکیا، بەڵام دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نێونەتەوەییەکان بێت".

خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ دیدار و دانووستانە دیپلۆماتیکەکان، ئەگەر هێرشێک لەدژیان بکرێت، گەلانی هەرێمەکە چەند ساڵە چی دەکات، ئەمجارەش هەمان شت دەکات، بەرخۆدان دەکات و ئەوانیش ئامادەکاریی خۆیان بە هەموو شێوەیەک دەکەن.

خەلیل وتیشی: "ئێمە ئەو هێزەین کە داعشمان تێکشکاندووە. با کەس نەڵێت بە ئاسانی واز لە هەرێمەکە دێنن".

خەلیل ڕاشیگەیاند، لە زیادبوونی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بەدواوە، جموجۆڵی شانە نووستووەکانی داعشیش زێدە بووە و وتی: "هێرشەکانی دەبێتە هۆی ئەوەی داعش لە نوێوە بژیێتەوە. بۆ نمونە ئەگەر هێرش بکرێت، هێزەکانی قەسەدە قورسایی دەدەنە سەر بەرەی شەڕ، ئەو کاتە داعش لە گرتووخانەکان و کامپەکان چۆن کۆنترۆڵ دەکرێن؟ لەوانەیە ئەردۆغان بیەوێت ڕزگاریشیان بکات. بۆ ئەوەش یەک دوو تۆپ بگرێتە گرتووخانەکان بەسە. ئەو کاتە نەک تەنیا ئارامی ئەو هەرێمە، بەڵکو ئارامی هەموو جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە".

خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هێزە نێونەتەوەییەکان کەمێک لە دژی پیلانی تورکیا دەوەستن، هۆکارەکەشی ئەوەیە.

لەبارەی ئاسمانی باکور – ڕۆژهەڵاتی سوریادا خەلیل وتی: "کۆنترۆڵی ئاسمانی ئەم ناوچەیە و عەفرین وەکو یەک نییە. کۆنترۆلی ئاسمانی ئەم ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نێونەتەوەیەکان و ئەمریکا دایە. بەبێ مۆڵەتی ئەوان هیچ وڵاتێک ناتوانێت بەم ئاسمانەدا بفڕێت. ئەگەر ئەو ئاسمانە بۆ تورکیا بکەنەوە، ئەو کاتە دۆخێکی زۆر جیاواز دێتەگۆڕێ. ئەگەر تورکیا بۆ کردنەوەی ئەو ئاسمانە ئەمریکا ڕازی بکات، ئەوکاتە دەبێت ئەمریکاش لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە، یانیش فڕۆکە جەنگییەکانی لەم ناوچەیە نەفڕێنێت".

خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دەرەوەی سەیری دۆخەکە دەکەن، دەبینن کە هەموو شتێک بە دڵی ئەردۆغان ناچێتە پێشەوە.

ژ.ت