ئایا رێککەوتنى ئیدلب لە نێوان رووسیا و تورکیا هەڵوەشاوەتەوە؟

ماوەى رێککەوتنى نێوان رووسیا و تورکیا لەسەر ئیدلب کۆتایى پێهات. لە ئێستاوە دەستکراوە بە پێشێلکردنى رێککەوتنەکە. گروپێک چەکدار بە ناوی هەیئەتى تەحریر شام رایانگەیاندووە، شەڕ دەکەن.

تورکیا و رووسیا لە ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٨ رێککەوتبوون، کە ئیدلب لە گروپە چەکدارەکان دابماڵرێت و بکرێتە ناوچەیەکى ناسەربازی. چەتەکانى ئیدلب کە لەلایەن ئەنقەرەوە پشتیوانیان لێدەکرێت دەبوایە تاوەکو ١٥ی تشرینى یەکەم (ئەمڕۆ) لە ناوچە دەستنیشانکراوەکاندا بکشانایەتەوە. پلانى ئەوە دانرابوو لە ناوچەکانى نێوان رژێم و چەتەکاندا پشتوێنەیەک بە پانایى ١٥ بۆ ٢٠ کلیۆمەتر دروستبکرایە.

کاتەکە تەواو بوو

بەپێى رێککەوتنەکە، دەبوایە چەتەکان تاوەکو ١٠ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ چەکە قورسەکانیان لە هەرێمەکە بکشاندایەتەوە. رژێمى ئەنقەرە ئیدعای ئەوەیکرد، ئەو گروپە چەتانە کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە تورکیاوە هەیە چەکە قورسەکانیان لە ناوچەکە کشاندووەتەوە، بەڵام دەستەیەکى سەربەخۆ لە چاودێران دروستنەکرابوو بۆ ئەوەى چاودێریى گواستنەوەى چەک قورسەکان بکات، لەبەر ئەوەش دیار نییە چەتەکانى تورکیا چەکە قورسەکانیان کشاندووەتەوە یان نا.

هەیئەتى تەحریری شام، کە لەلایەن بەرەى نوسرەوە دروستکراوە تاوەکو رۆژی کۆتایى ماوەى رێککەوتنەکە، بە روونی هەڵوێستى خۆی لەبارەى رێککەوتنەکەوە ئاشکرا نەکرد. گروپەکانى هەیئەتی تەحریری شام و حیزبی ئیسلامیى تورکستان و حەرەسئەلدین ٢ لەسەر ٣ی ئەو ناوچەیەیان بەدەستەوەیە کە بڕیاربوو "پشتوێنەى ئەمنیى" تیادا دروستبکرێت.

چەتەکان لە ناوچەى پشتوێنەى ئەمنى نەکشاونەتەوە

بۆ ئەوەى رێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبووایە هەیئەتى تەحری شام لە ناوچەى پشتوێنەى ئەمنی بکشایەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک جوڵەشی بۆ کشاندنەوە نەکردووە.

رامی عەبدولڕەحمان سەرۆکى رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ لە سوریا بە ئاژانسى هەواڵی فەرەنسا (AFP)ی راگەیاندووە "دەبێت لە ماوەى چەند کاتژمێرێکى تردا ناوچەى پشتوێنەى ئەمنی چۆڵ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".

چەند کاتژمێر پێش کۆتایهاتن بە ماوەى رێککەوتنەکە هەیئەتى تەحریری شام ئێوارەى دوێنێ یەکشەممە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "دەستبەرداری جیهاد و شەڕ نابین". بەپێى راگەیاندراوەکەى تەحریری شام، ئامانجی سەرەکییان رووخاندنى رژێمى سوریایە.

یەکەم هەنگاو بۆ پێشێلکردنى رێککەوتنەکە

پێش راگەیاندراوەکەى تەحریری شام هەندێک رووداو روویاندا، کە بوونەتە مەترسی بۆ سەر رێککەوتنەکە. لەو ناچانەدا کە بڕیارە بکرێنە ناوچەى "پشتوێنەى ئەمنی" ئێوارەی شەممە سەنگەرەکانى سوپاى سوریا لە جورین لە باکووری حەما تۆپبارانکران و ٢ سەربازی سوریا کوژران. هەر لەو ناوچەیەوە بەشێک لە حەلەب تۆپبارانکرا. دیار نییە ئەو هێرشانە لەلایەن چەتەکانى سەر بە تورکیاوە روویانداوە یان لەلایەن تەحریری شام و گروپە چەتە هاوپەیمانەکانیەوە ئەنجامدراون.

بەپێى وتەکانى ئەسەد، رێککەوتنەکە کاتییە

رژێمى سوریا ئیدعای ئەوە دەکات رێککەوتنەکە کاتییە و هەر ئیدلب کۆنترۆڵ دەکەن. بەشار ئەسەد سەرۆکى دەوڵەتى سوریا رۆژی ٨ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ رایگەیاند "رێککەوتنەکە رێوشوێنێکى کاتییە". ئەسەد ئیدعای ئەوەشیکرد، رژێمەکەى لە سایەى ئەو رێککەوتنەدا لە ناوچەکە دەستکەوتی بەدەستهێناوە. ئەسەد ئەوەشی وتوە "ئەو ویلایەتە و ناوچەکانى تر، کە لە کۆنترۆڵى تیرۆریستەکاندان، لەلایەن دەوڵەتى سوریاوە کۆنترۆڵ دەکرێنەوە".

ئیدلب یەکێک لەو چوار هەرێمە بوو کە کرایە ناوچەى دوور لە شەڕ و ئەوەش ساڵێک لەوە پێش ئەنجامدرا. لە ماوەى ئەو ساڵەدا ٣ لەو هەرێمانە، کە کرابوون بە هەرێمى دوور لە شەڕ لەلایەن رژێمى سوریاوە کۆنترۆڵکران و تەنها هەرێمى ئیدلب ماوە، کە رژێمى سوریا کۆنترۆڵى نەکردووە. رژێمى سوریا لەو بڕوایەدایە رێککەوتنى سەر ئیدلب لە چوارچێوەى رێککەوتنەکانى پێشوودایە کە بۆ دروستکردنى "هەرێمی بە دوور لە شەڕ" ئامادەکرابوون و ئەو هەرێمەش لەلایەن رژێمەوە کۆنترۆڵ دەکەنەوە.

ر.م