ئۆپۆزسیۆنى سوریا لە عەین عیسا گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی سوریاوە دەکات

ئۆپۆزسیۆنى سوریا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى چارەنووس و داهاتووی سوریا لە عەین عیسا لە رۆژئاواى کوردستان کۆبوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى داهاتووی سوریاوە دەکەن.

دووەمین دانیشتنى ئۆپۆزسیۆنى سوریا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى داهاتووی سوریاوە لە شاری عەین عیسا لە رۆژئاواى کوردستان و باکووری سوریا دەستیپێکرد. ئۆپۆزسیۆن بە پێشەنگایەتیى ئەنجوومەنى سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) کۆبوونەتەوە.

لە هەموو ناوچەکانى سوریاوە ١٠٠ کەس بە نوێنەرایەتیى حیزب و لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. کۆبوونەوەکە دوای خۆناساندنی نوێنەرەکان و دەقەیەک بێدەنگی بۆ بەرزراگرتنى یادی شەهیدانى ئازادی دەستى بەکارەکانى کرد.

لە ناوچەکانى باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە تارسوس، شام (دیمەشق)، لازقییە، حومس، حەما، شەهبا و هەروەها لە بەلجیکا، ئەڵمانیا، سویسرا، تورکیا، لوبنان و میسرەوە ٩٠ نوێنەری گەلانى عەرەب، کورد، سوریانی، ئاسووری، ئەرمەنی و تورکمەنی ئۆپۆزسیۆنى سوریا بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

کۆبوونەوەکە بە ناونیشانی "سوریا لەگەڵ سوریاییەکان گفتوگۆ دەکات" بەڕێوەدەچێت. ریاز دەرار و ئەمینە عومەر هاوسەرۆکانى مەسەدە لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا وتەیان پێشکەشکرد.

کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی ٢ رۆژ بەردەوام دەبێت و بابەتەکانى "دۆخی مرۆیى لە سوریا، مۆدێلی بەڕێوەبردنى سوریا، دۆخی ئابووریى سوریا، دەستوورى بنەڕەتیى نوێى سوریا، دۆخی ژنان لە سوریا و هاوکاریى رێکخستنە ئۆپۆزسیۆنەکانى سوریا" گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

کۆبوونەوەی یەکەمی ئۆپۆزسیۆنى سوریا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى داهاتووی سوریا لە رۆژی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو.

نوێنەرانى رووسیا، ئێران و تورکیاش لە ئاستانە لە کۆبوونەوەدان

هاوکات دەوڵەتانی رووسیا، ئێران و تورکیا لە شاری ئاستانەی پایتەختی کازاخستان لەبارەی دۆخی سوریاوە لە کۆبوونەوەدان. بابەتى کۆبوونەوەى ئەو ٣ دەوڵەتە لە ئاستانە، بابەتى ئیدلبە.

بەپێى زانیارییەکان رووسیا لەو کۆبوونەوەیەدا بەڵێنى پیشووی دەوڵەتى تورک لەبارەی 'جیاکردنەوەى گروپە چەکدارەکان لە ئیدلب' دەکاتە رۆژەڤ و بابەتى دانوستانەکە.

ر.م