ئۆپەراسیۆنى قەسەدە لە دژی داعش؛ ٣٠ چەتە دیلکران

قەسەدە لە ناوچەکانى دێررەزۆر هەڵمەتیکى لە دژی ٢١ حەشارگەى چەتەکانى داعش ئەنجامدا و لەو هەڵمەتەدا ٣٠ چەتەى داعش دەستگیرکران.

ناوەندی راگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) راگەیاندراوێکى لەبارەى هەڵمەتەکەیانەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، یەکینەى دژە تیرۆری قەسەدە بە هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە دەورووبەری دێرەزۆر چالاکییەکیان لە دژی ٢١ حەشارگەى چەتەکانى داعش ئەنجامدا و بەو هۆیەوە ٣٠ چەتەى داعش دەستگیرکران.

لە راگەیاندراوەکەى قەسەدەدا هاتووە:

"یەکینەى دژە تیرۆری سەر بە هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک بە هاوکاریى هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى درەنگانی شەوی دووشەممە لە هەرێمى دێرەزۆر چالاکییان لە دژی چەندین حەشارگەى چەتەکانی داعش لە رۆژهەڵاتى دێرەزۆر ئەنجامدا.

یەکینەى دژە تیرۆر بەپێى زانیاریى هەواڵگری لە سەرچاوە مەیدانییەکانەوە جموجوڵی شانە نووستووەکانى داعشی لە دێرەزۆر چاودێریکرد و ٢١ حەشارگەی چەتەکانیان لە گوندەکانى زیبان، شحێل، زر و ناوچەکانى رۆژئاواى بەسیرە دەستنیشانکرد.

لەو چوراچێوەشەدا یەکینەى دژە تیرۆر بە هاوکاریى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى ئۆپەراسیۆنیان لە دژی ئەو حەشارگەیەى چەتەکان ئەنجامدا. ئۆپەراسیۆنە هاوکاتەکە بۆ سەر  حەشارگەکانى چەتەکان لە کاتژمێر ١ی شەودا دەستیپێکرد و تاوەکو کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیى بەردەوام بوو. لە ئەنجامدا ٣٠ چەتە تیرۆریستى داعش و ئەو کەسانەى گومانیان لەسەر بوو دەستیگرکران.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیشگیرا بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیى چەتەکاندا و بریتین لە: ١ چەکی قەناس، ٣ کڵاشینکۆڤ، ٣ دەمانچە، دەمانچەیەکى لەیزەر، ٥ مەخزەن، چەکێکى بڕنۆ، مەخزەنێکى بڕنۆ، دووربینێکى تیرۆرکردن، ١٥ مەخزەنی کڵاشینکۆڤ، ٣ تەلەفونی دەستی، ١ زنجیری چەکی دوکتریڤ، ٣ رەختى کڵاشینکۆڤ، ٢ رەختى دەمانچە، ٢ رۆتەری ئینتەرنێت و ٢ کەلەپچە".

ر.م