ئیبراهیم بیلمەز پارێزەری ئۆجالان: دەبێت سی پی تی دەستبەکار بێت

پارێزەر ئیبراهیم بیلمەز ناڕەزایەتیى لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد نیشاندا و داواى لە سی پی تی و ریکخراوە ئەوروپییەکان کرد، کە بە خێرایى بۆ ئیمراڵی بکەنەوە جوڵە و دەست بەکار ببن.

لە کوردستان و تورکیا و سەرتاسەری رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا شەڕ و قەیرانى قورس لە  ئارادایە. لەو دۆخەدا چاوی هەمووان لەسەر ئیمراڵی و ئۆجالانە، کە بۆ رزگاربوون لەو دۆخە قسەیەک بکات. بەلام دەوڵەت و دەسەڵاتى ئاکەپە رێگا نادەن چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێت و گۆشەگیرییان لەسەری چڕکردووەتەوە.

ئیبراهیم بیلمەز پارێزەری عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد سەرنجی خستە سەر هەلومەرجی زیندانى ئیمراڵی و هەڵوێستى رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی - CPT) و بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) و رایگەیاند، لە دوورگەى ئیمراڵی هەڵسوکەوت و رەفتاری بەدەر لە یاسا و مافەکان ئەنجام دەدریت و دوورگەیەکی بەدەر لە یاسا و مافەکانە و تەنانەت تورکیا یاساکانى خۆیشی پێشێل دەکات.

 

"ئۆجالان لە بەرامبەر سیاسەتى هێزە هەژمونگەراکاندا سیاسەتى ئاڵتەرناتیڤی ئافراند"

بیلمەز وتى، سیستمى گۆشەگیری لە ئیمراڵی لە ساڵی ١٩٩٩ەوە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکى بەرنامە بۆداڕیژراو بەڕێوەدەچێت. ئەو گۆشەگیرییە تەنها کاریگەریى بەسەر ئیمراڵییەوە نییە، بەڵکو کاریگەریى بەسەر هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە هەیە. ئیدی تورکیا دەوڵەتێکى حقوقی و یاسایى نییە و تاوەکو دەچێت لە مافەکان و یاساکان دوور دەکەوێتەوە. گۆشەگیرکردنى بەڕێز ئۆجالان کاریگەری لە تەواوی گەلانى کوردستان و تورکیا دەکات.

وتیشی "ئامانجی گۆشەگیرییەکە لە چوارچێوەى پلانى سیاسیدا چڕ و قورستر دەکرێتەوە. مرۆڤ دەتوانێت ئەو گۆشەگیرکردنەش بە قۆناغ و رەوتی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتییەوە ببەستێتەوە. بێگومان گۆشەگیریى چڕ بەردەوامیى پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییە و لە یەک جیا ناکرێنەوە. ئامانجی سەرەکیى پیلانگێڕییەکە ئەوە بوو کە لە کەسایەتیى ئۆجالان دا هەوڵ و تێکۆشانی ئازادیى گەلان تێکبشکێنن. بەڕێز ئۆجالان لە بەرگرینامەکانیدا ئەوەی بە شێوەیەکى بەرفراوان روونکردووەتەوە. بەڕێز ئۆجالان لەبەر ئەوەى لە دژی بەرژەوەندیى هێزە هەژمونگەرا و باڵادەستخوازەکان و لە بەرامبەر سیاسەتى خۆسەپێنەرانەیاندا بەسەر گەلان دا، سیاسەتى ئەڵتەرناتیڤى ئافراند لەبەر ئەوەش هێزە هەژمونگەراکان خواستیان بەڕێز ئۆجالان لەسەر رێگای خۆیان بسڕنەوە. چوونە دەرەوەى بەڕێز ئۆجالان لە سوریا و داخستنى دەرگاکانى ئەوروپا بە ڕویدا بەشێک لەو سیاسەتە بوو، بەڵام ئەو هێزانەى کە خواستیان بەڕێز ئۆجالان بسڕنەوە لە بەرامبەر رامان و بیردۆزییەکانى بەڕێز ئۆجالان دا شکستیان هێنا".

"دەوڵەت هەموو هەفتەیەک بە فەرمی درۆ دەکات"

بیلمەز باسی ئەوەشیکرد، لەبەر ئەوەى بەڕێز ئۆجالان بۆ گەلان چارەسەرییەکى ئەڵتەرناتیڤى ئافراند، هێزە پیلانگێڕەکان سیستمى ئیمراڵییان دروستکرد و لەوبارەیەوە وتى "بەڕێز ئۆجالان لە دژی ژیانى دەوڵەت و دەوڵەت – نەتەوە چارەسەری و ژیانێکى ئەڵتەرناتیڤی پێشنیازکرد. بەڵام سیستمى ئیمراڵییان بۆ دروستکرد و ئەو سیستمە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە تاوەکو ئێستا بەشێوازى جۆراجۆر بەردەوامیى پێدەدرێت. هەموو داواکانى پارێزەرانى بەڕێز ئۆجالان بە پاساوی بێ بنەما رەتدەکرێنەوە و ئەو پاساوانە هیچیان راست نین. تاوەکو ئێستا دەوڵەت بە شێوەیەکى فەرمی درۆی دەکرد و دەیوت 'کەشتى خراپ بووە، یان کەش و هەوا لەبار نییە'. بەڵام دواى کودەتاکەى ١٥ی تەمووز داواکارى گشتیى کۆماری لە بورسا بەپێى یاسای باری نائاسایى هەموو چاوپێکەوتنەکانى پارێزەرانى لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان قەدەغە کرد. ئێستاش کە گوایە باری نائاسایى نەماوە بە پاساوی سەپاندنی سزای ژووری تاکەکەسی مافی چاوپێکەوتنیان قەدەغە کردووە. لە رۆژی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا یاسا و ماف بۆ ئیمراڵی بوونى نەبووە و کاری پێنەکراوە. دەتوانین بۆ ئیمراڵی بڵێین، دوورگەی بەدەر لە یاسا و مافەکان. یەکێک لە بنەما گەردوونییەکانى مافەکان یەکسانییە بۆ هەموان، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٩ەوە موەکلیەلەکەمان بەڕێز ئۆجالان بێبەشکراوە لەو مافانە. لە وڵاتێکدا بەشێوەى راستەقینە کار بە مافەکان بکرێت ئەوا بابەتەکەش هەر چەند سیاسی بێت دیسانەوە دەبێت بۆ هەموو تاکەکان مافەکان کاریان پێ بکرێت. بە لانیکەمەوە دەبێت یاساکانى خۆیان جێبەجێ بکەن. بەڵام بە داخەوە لە تورکیا کاتێک بابەتەکە دێتە سەر بەڕێز ئۆجالان دۆخەکە دەگۆڕێت".

"دادگاى مافی مرۆڤی ئەوروپا لە بنەماکانى خۆی دوورکەوتووەتەوە"

بیلمەز ناڕەزایەتیى بەرامبەر بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نیشاندا و رایگەیاند "هەر چەند ئەو رێکخراوە خۆی وەک رێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانى مرۆڤ نیشان دابێت، بەلام لە ئێستادا بووەتە رێکخراوی داکۆکیکردن لە سیستمى کاپیتالیست و نوێنەرایەتیى یاسا و مافەکانى ئەو سیستمە دەکات. بریارەکانى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سیاسین و بەوەش دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە بنەماکانى دروستبوونی و مافەکانى مرۆڤ دوور دەکەوێتەوە. خۆ بەڕێز ئۆجالان هیچ چاوەڕوانییەکى لەو رێکخراوانە نییە. ئەوەشی بۆ بەرگری رەوانەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کراوە لەبارەى گەلانى بندەستەوەیە، کە لە تورکیا چەوسێنراونەتەوە و ئەوەش هەندێکجار بووەتە هۆی جۆرێک لە دەستێوەردان و چەوساندنەوەى گەلانى بندەست لە تورکیا. پێویستە مرۆڤ بەو شێوەیە سەیری کاروبارەکانیان بکات. بێگومان ئەو رێکخراوانە لە ئەنجامی تێکۆشانی گەلانەوە دامەزراوان، بەڵام هەموو بڕیار و نزیکایەتییەکان بەرامبەر بە ئیمراڵی بەدەرە لە یاسا و مافەکان و بە پێچەوانەوەی بنەماکانى خۆیان نزیک دەبنەوە".

"دەبێت سی پی تی دەستبەکار بێت"

بیلمەز باسی ئەوەشیکرد، لەم سەردەمەدا تاکە رێکخراوێک کە دەتوانێت بچێت بۆ ئیمراڵی رێکخراوى جیهانی دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی)یە و ئەوەشى وت "لەم کاتەدا رۆڵێکى گەورە دەکەویتە ئەستۆی سی پی تی، تورکیا بەشێوەیەکى بەدەر لە یاسا و مافەکان چاوپێکەوتنەکانى بنەماڵە و پارێزەرانى بە پاساوی بێ بنەما ئاستەنگ کردووە. هاوکات لە ئیمرالی گۆشەگیرییەکى قورس و چڕ بەرێوەدەچێت و هەموو رێگا یاسایی و حقوقییەکان داخراون. دەبێت سی پی تی بچێت بۆ ئیمراڵی و دەست بە لێکۆڵینەوە بکات. هیچ زانیارییەکمان لەسەر موەکیلەکەمان لە ئیمراڵی نییە. لەبەر ئەوەى هیچ زانیارییەکمان لەسەر بەڕێز ئۆجالان و هەر سێ موەکیلەکەى ترمان لە ئیمراڵی نییە، ئێمە لە دۆخێکى زۆر نیگەرانداین. ماوەیەکی زۆرە سی پی تی سەردانى ئیمرالی نەکردووە. لە دواى هەوڵی کودەتاکەى ١٥ی تەمووز سی پی تی چەندین جار سەردانى تورکیای کردووە، بەڵام بە داخەوە بە پێویستیان نەزانی سەردانى ئیمراڵی بکەن. کاتێک ئەو دۆخە لەگەڵ بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەخەینە پاڵ یەک ئەوە دەبینین، کە ئەوروپا لەبارەی ئیمراڵییەوە نزیکایەتی و رەفتارێکى جیاوازی هەیە. ئەو رەفتارە، رەفتارێکى هەڵەیە و ئەو بڕیارەش نە خزمەت بە دیموکراسی لە تورکیا دەکات و نە خزمەت بە چارەسەرکردنى کێشەى کورد دەکات. دەبێت سی پی تی و هەموو رێکخراوەکانى تری وڵاتانى ئەوروپا دەستبەکار بن".

"ئۆجالان رێبەرێکى ئاشتیخوازە"

بیلمەز ئاماژەى بەوەشکرد، گۆشەگیریى سەر ئۆجالان هەڵبگیرێت ئەوا رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیشدا هەناسەیەکى بە بەردا دێتەوە و وتیشی "بەڕێز ئۆجالان ئاکتۆرێکى کاریگەرە و رێبەرێکى ئاشتیخوازە. تورکیاش خۆی دەڵێت، موخاتەبی سەرەکیى کێشەى کورد بەڕێز ئۆجالانە. ئەگەر وا نەبوایە دەوڵەت خۆی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان چاوپێکەوتنى ئەنجام نەدەدا. قۆناغی چارسەرە بە بەرچاوى راى گشتییەوە بەڕێوەچوو و پەیامەکانى بەڕێز ئۆجالان بەشێوەى راستەوخۆ لە تەلەفزیۆنەکانى تورکیادا پەخشکران. پەیامەکانى بەڕێز ئۆجالان لە نەورۆزدا بۆ ملیۆنەها کەس خوێندرایەوە و رۆژ لە دواى رۆژ تورکیا بەرەو ئارامیى زیاتر دەڕۆیشت. بەهۆی بەڕێز ئۆجالانەوە کۆمەڵگە بە ئومێدکى زیاترەوە لە ژیان نزیک دەبوویەوە و تورکیا بووە خاوەنی ئومێد. بەڕێز ئۆجالان لە بەرگرینامەکەى خۆی لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا دەڵێت 'من بەهۆی کێشەى گەلی کوردەوە دادگایى دەکرێم و بەهۆی کێشەى کوردەوە گۆشەگیری خراوەتە سەرم. تاوەکو کێشەى کورد چارەسەر نەبێت، کێشەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چارەسەر نابێت و منیش ئازاد نابم'. بەڕێز ئۆجالان هەموو مافەکانى خۆی بە بەرگریکردن لەخۆی تەرخانکردووە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى گەلی کورد و بۆ ئەوەش چەندین رێنوێنى و پێشنیازی خستووەتەڕوو. دەوڵەت تاوەکو ئاست و سنوورێک دەتوانێت دەستوەردان لە کۆمەڵگە بکات، بەڵام ئاست و سنوورێکى ترهەیە کە گەل دەبێت خۆی خۆی بەڕێوە ببات. بەڕێز ئۆجالان دەیوت، پێویستى بەوە هەیە کە لە هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا چارەسەر و ئاشتى بەدی بێت. هەموو گەلان دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و ئەوەش مافێکى رەواى گەلانە".

ر.م