ئێزدیانی سەرێکانی دەست لە خاکەکەیان هەڵناگرن

ئێزدیانی سەرێکانی کە بە هۆی هێرشی داگیرکەری کۆچبەر بوون ڕایانگەیاند، تا داگیرکەری هەبێت ناگەڕێینەوە، بەڵام دەستیش لە خاکەکەمان هەڵناگرین.

ئێزدیانی سەرێکانی ڕایانگەیاند، سوپای تورکی داگیرکەر هەموو ماڵ و موڵکەکانیان تاڵان کردووە و وتیان، بە مسۆگەری بۆ سەر خاکەکەیان دەگەڕێنەوە.

مەهدی سەعید شیخۆ کە گوندی شەکەری سەرێکانیە و کۆچبەری گوندێکی ئێزدیان لە دربێسی بووە ڕایگەیاند، ماڵی ئەوان لە سنور دوورە، بەڵام ماڵی مامێکی نزیکی سنورە و وتی، "سوپای تورک بە تۆپ بە بەردەوامی لە گوندیان دەدا. بە هۆی ئەوەی زیانمان پێنەگات چووینە ئەوبەری جاددە قیرەکە. دواتر من و براکەم گەڕاینەوە بۆ ماڵەکەمان. دواتر مامیشم گەڕایەوە. دوای ئەوەی گەڕاینەوە نیو سەعاتێکی پێنەچوو، دیسان تۆپباران کراین. مامیشم هات و بە ناچار لە گوند چووینە دەرەوە و بەیەکەوە چووینە گوندی خربەت عەین.ئەو ئێوارەیە لە ماڵی خزمێک بووین. لەبەرئەوەی زستانە گونجاو نەبوو لەوێ بمێنینەوە ، دیسا کۆچمان کرد و چووینە گوندی خربێی دربیسی کە خاڵانمان لەوێن و نزیکەی ١٢ خانەوادە لێرە نیشتەجێبووین.

تا ئەوان هەبن ناگەڕێینەوە

شێخۆ وتی، "ئەوان لە گوندەکانی حەسەکە و دربێسی زیاتر بڵاوبوونەتەوە. تالانچیەکانیش ماڵەکانیان تاڵان کرد. لە ئێستاشدا کە دەڵێن بگەڕێنەوە، تا ئەوان لەوێ بن ئێمە ناگەڕێینەوە. کەی لەسەر خاکەکەمان چوونە دەرەوە ئێمەش دەگەڕێینەوە. لەم ماوەیەکدا کەسێکی بەتەمەن گەڕایەوە، ئەویان دەستگیرکرد و بەرامبەر پارە ئازادیان کرد. ١٠ ڕۆژ لەدەستیاندا بوو. ئەگەر پیر نەبایا ئازادیان نەدەکرد. بەڵام ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر خاک و ماڵەکانمان.

هەموو ماڵ و مەڵکمان تاڵانکرا

زەکیا سەعید خەلەفیش ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە بە ناچاری گوندەکانیان چۆڵکردووە و وتی، "ئەم هێرشانە وابەستەی هێرشەکانی سەر شەنگال و عەفرینن. من دایکێکی ئێزدیم. ٤ کچ و ٢ کوڕم هەیە. کاتێک هێرشیان کرد ئێمەش بە ناچارت خاکەکەمان بەجێهیشت. دوای ئەوەی هاتنە ئەم گوندە، چەند ڕۆژ ماینەوە و دواتر گەڕاینەوە. بینیمان چەتەکان ماڵ و موڵکی ئێمەیان تاڵانکردووە. ئێستا ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە سەر گوندەکانمان، لەبەرئەوەی کوردی ئێزدین دە،امکوژن. بینیمان لە شەنگال و عەفرین چییان کرد. تا لەسەر خاکەکەمان بن ئێمە ناگەڕێنەوە. ئەگەر ئەوان چوونە دەرەوە ئێمەش دەگەڕێنەوە.

موعمینی خەڵکی گوندی تەل سەهەریش وتی، "دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک هێرشی کرد، ئەوان گوندەکەیان بەجێهێشتووە و وتی، "گوندەکەی ئێمەیان تاڵان کرد. هەموو جێگەیەکیان وێران کرد. ئەگەر ئەوان لەوێ بن ئێمە ناگەڕێینەوە. بەڵام ئێمە دەست لە خاکەکەمان هەڵناگرین.

ف.ق