ئێلینا ئەڵمانی بەسەرهاتەکانى خۆی و ژیانى لە ناو داعشدا دەگێڕێتەوە

ئێلینا ڤیکتۆر کە لە ناو چەتەکانى داعشدا بە ئوم بیلال موهاجیر دەناسرا، بەسەرهاتەکانى خۆى لە ناو داعشدا بۆ ئاژانسى هەواڵى هاوار گێڕایەوە. ئێلینا باسى ئەوەیکرد، کە چۆن بەهاوکاریى تورکیا چووەتە ناو خاکى سوریا و چەتەکانیش بە سورییان دەوت "خاکى جیهادییەکان".

ئێلینا ڤیکتۆر خاوەنکارێکى ئەڵمانییە و تەمەنی ٢٨ ساڵە. لە ئەڵمانیاوە چووەتە سوریا و بەشدارى ناو چەتەکانى داعش بووە. ئێلینا زمانەکانى ئەڵمانى، تورکی، ئینگلیزی و عەرەبى دەزانێت. کاری بازرگانی و سەرپەرشتیکردنی پێشانگاى ئۆتۆمبێلی کردووە. ئێلینا باسى ژیانى خۆى لە ئەڵمانیا و بەسەرهاتەکەى لە ناو داعشدا بۆ ئاژانسى هەواڵى هاوار (ANHA) خستەڕوو.

ژیانى لە ئەڵمانیا

ئێلینا لەسەرەتاى قسەکانیدا وتى "من لە بنەماڵەیەکدا لەگەل ٢ برا و دایک و باوکم لە شارى دۆسلدۆرف ژیانێکى بێ کێشەم هەبوو. لەسەرەتاى ژیانى مندا لە هەموو ئاستەکانى کۆمەڵگادا گوشار لەسەر ژن بوو و ژن تەنگاو دەکرا. لەوکاتەدا من بڕیارمدا بە ڕێگایەکی تر ژیانم بگۆڕم. دەستمکرد بە فێربوونى هونەری شەڕ و چوومە خولەکانى جدۆ، کاراتی و شەڕى کۆڵان. لەبەر ئەوە نەبوو، کە حەزم لە توندوتیژى بێت، بەڵکو بۆ ئەوە بوو لە ناو کۆمەڵگایەکى دواکەوتودا بەرگری لە خۆم بکەم".  

ئیلینا لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا هاوسەرگیرى لەگەڵ سەرکان ئەدلار هاووڵاتیى تورک و خاوەن ڕەگەزنامەى ئەڵمانى کردووە. لە دواى هاوسەرگیرییەکەى دەستیکردووە بە ژیانە نوێکەى و دامەزراندنى کۆمپانیاى بچوک و لەوێیەوە پێشدەکەوێت تاوەکو بەڕێوەبردنى پێشانگاى ئۆتۆمبێل. وەک خۆى دەڵێت لە منداڵییەوە حەزی لەو کارە کردووە. هاوسەرە تورکەکەى زۆر کارى نەشیاوى وەک دزی، قاچاخچێتى، بازرگانیى چەک و ماددەى هۆشبەر کردووە. بە وتەى ئێلینا، هاوسەرەکەى ئەو کارانەى بە هاوکاریى مافیاى ئەڵمانیا ئەنجامداوە.

بردنى بۆ تورکیا

ئێلینا و هاوژینەکەى لە سەرەتاى ساڵی ٢٠١١، واتە لەگەڵ دەستپێکردنى ئاڵۆزییەکانى سوریادا دەبن بە مسوڵمان. لەو کاتەدا سەرکان، هاوژینی ئیلینا دەڕوات بۆ تورکیا و بۆ ماوەى ٢ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە. ئێلینا دەڵێت، هاوژینەکەى لە تورکیاوە دیمەن و وێنەى کوشتنى منداڵان و ئەو کۆمەڵکوژییانەى ئەنجام دەدران بۆ دەناردەوە و دەیوت "سەیر بکە بزانە ڕژێمى ئەسەد چۆن منداڵان دەکوژێت و چى بەسەر گەلی سوریادا دەهێنێت. سەرکان پێى دەوتم، کە بڕیاریداوە بچێت بۆ سرویا و جیهاد بۆ خودا بکات. دەیشیوت، پێویستە من لە دژى سوپاى سوریاى زاڵم شەڕ بکەم".

لە تورکیاوە دەستى بە گەشتە ڕەشەکەى کرد

لەسەرەتاى ساڵى ٢٠١٢ و دوای ئەوەى سەرکان دەڕوات بۆ سوریا، ئیلیناش بڕیار دەدات گەشت بکات و لەوبارەیەوە دەڵێت "لە دواى ئەوەى هاوژینەکەم چوو بۆ سوریا، داواى لە منیش کرد پارەکانم کۆ بکەمەوە و بڕۆم بۆ تورکیا. لەوێشەوە بە پاساوى ئەوەى منداڵانى هەتیو و بێسەپەرشت بەخێوبکەم، چووم بۆ سوریا تاوەکو منداڵەکان لەگەڵ خۆم  بگەڕێنمەوە بۆ ئەڵمانیا. لە مانگى رەمەزاندا من لە ئەڵمانیاوە چووم بۆ تورکیا. لە شارى ئەرداگ لە تورکیا ٢ خانووى قاچاخچییەکانى سوریای لێ بوو. ٣ مانگ لەوێ مامەوە. هیچ کێشەیەکم بۆ دروست نەبوو، چونکە ناسنامە ئەڵمانییەکەم پێ بوو. دواى ٣ مانگ مانەوە، هاوژینەکەم تەلەفونى بۆ کردم و داواى لێکردم، خۆم بۆ چوون بەرەو سوریا ئامادە بکەم. لەو کاتەدا ٢ قاچاخچیى سوپاى  ئازاد هاتن و منیان برد بۆ سەر سنوورى سوریا و تورکیا".

ئێلینا دەبازی سوریا بوو

 

ئێلینا لە درێژەى قسەکانیدا وتى "سەربازەکان لولەى چەکى ئێم ١٦ (چەکى ناتۆ)یان تێکردین و هاواریان کرد، کە دەبێت ڕابوەستین. کاتێک بە ئەڵمانى قسەم لەگەڵ کردن، حەپەسان. شێوازى رەفتار و قسەکردنیان گۆڕی. ڕێگایان پێدام بە بێ هیچ گرفێتک بڕۆمە خاکى سوریا. من بەرەو عەزاز کەوتمەڕێ. دواتر چووم بۆ کەفەر حەمرا لە چیاى سەمان. هاوژینەکەم لەگەڵ ١١ چەکدارى تر لەوێ چاوەڕێم بوو".

بردیان بۆ ڕەقە

هاوژینەکەى ئێلینا لە ناو داعش پێیان دەوت، ئەبو بیلال تورکی، لە دواى ڕاهێنانى سەربازی لە چیاى سەمان لە پارێزگاى حەلەب، کە لەلایەن ١٥ چەکدارى عێراقیەوە ئەو ڕاهێنانە ئەنجام دەدرا. ئێلینا و هاوژینەکەى ٧ مانگ لەوێ دەمێننەوە. لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "لەو کاتەدا شەڕی داعش و بەرەى نوسرە دەستیپێکرد. پاکتاوکارى دەستیپێکرد. بەرەى نوسرە سەرکانی هاوژینمیان ڕفاند. بە پاساوى ئەوەى مەترسیم لەسەرە، بردمیان بۆ ڕەقە. لەو کاتەوە من موهاجیرى تەنها بووم. هیچ یەک لە دەوڵەتى ئیسلامى (داعش) و بەرەى نوسرەم نەدەناسی. من چەکدارم دەبینى، بەڵام نەمدەزانى کێن".

دواى ٤ مانگ، سەرکان هاوژینى ئێلینا لە چوارچێوەى ئاڵوگۆڕى دیلەکاندا لە نێوان داعش و بەرەى نوسرەدا، گەڕایەوە ناو داعش و درێژەى بەکارەکانى دا. ئێلینا دەڵێت، دواى ٢ مانگ لەو ڕووداوە، ئەمیرێکى داعش لە ڕەقە تەلەفونى بۆ کردووە و پێى وتوە، کەسێکى تورک، کە نەخش و نوسراوى زۆر بە جەستەوەیەتی لە دێرەزۆر کوژراوە. منیش پێموت "بەڵێ ئەوە هاوژینەکەى منە. کاتێک بە منیان وت ئەبو بیلال کوژراوە، من زانیم دووگیانم. زۆر نیگەران بووم. من هاوژینەکەى خۆمم خۆشدەویست، بەڵام بەو فیکرەى داعش کە هەیبوو، هەموو ژیانمى تێکدا".

هەوڵ بۆ ڕاکردن لە ناو داعشدا

ئێلینا دواى ٢ ساڵ لە کوژرانى هاوژینەکەى، هەوڵ دەدات لە ناوچەکانى ژێر دەستى داعش ڕابکات و بگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا. چەتەکانى داعش پێى دەزانن و دەستگیرى دەکەن. لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئێلینا دەکرێت و هۆکارى هەڵهاتنەکەى لە ناو داعشدا لێ دەپرسن، لە ئەنجامدا ئێلینا ناچار دەکەن شوو بە چەتەیەک بە ناوى ئەبو حەمزە ئەفغانى بکات.

وەک ئێلینا دەڵێت، ئەبو حەمزە ئەفغانیش رێگاى هەڵهاتن لە ناو داعش دەگرێتەبەر. ئەوەش هۆکارى سەرەکی بووە بۆ ئەوەى ئێلینا لەگەڵ ئەبو حەمزە ئەفغانى هاوسەرگیری بکات و دەیەوێت لەگەڵ حەمزە ئەفغانى و بەهاوکاریى ئەو لە ناوچەکانى ژێر دەستى داعش ڕابکات.

ئێلینا دەڵێت، لە دواى هاوسەرگیریکردنى لەگەڵ ئەبو حەمزە ئەفغانیدا، کێشە لە نێوانیاندا دروست دەبێت و دەشڵێت "ئەبوو حەمزە بە ڕەقى مامەڵەى لەگەڵ دەکردم. داواى لێدەکردم منیش وەک ژنە ئەفغانییەکان تەنها کارم ئەوە بێت، کە خزمەتى جنسیى ئەو بکەم. هەموو ئەو شتانەى کە ئەو داواى دەکات جێبەجێیان بکەم، بەڵام من قبوڵم نەکرد. ئەویش لەو قبوڵنەکردنەى من توڕە بوو. ئەبوو حەمزە یەکێک لەو ئەندامانەى داعش بوو، کە هیچ هەست و رۆحێکى مرۆڤانەى نەبوو".

ئێلینا وتیشى "لە ئەبوو حەمزە توڕەبووم و دڵم لێى پڕ بوو. لە خودا دەپاڕامەوە لەو ڕزگارم بکات. کاتێک لە دێرەزۆر من خۆم ڕادەستى شەڕڤانانى قەسەدە کرد، ئەبوو حەمزە ئەفغانى دەستگیرکرا".

ئێلینا ئەوەشى وت "براکەم لە ئەڵمانیا قسەى لەگەڵ دەکردم. داواى لێدەکردم بڕۆمە ناوچەکانى کوردان. بە منى دەوت ئەوان مرۆڤى باشن و زیان بەکەس ناگەیەنن".

ژیانێکى نوێم دەستپێکرد

ئێلینا لەبارەى هەستى بۆ ئەو ژیانەى کە ئێستا هەیەتی وتى "ئەمڕۆ دواى چەند ساڵ دژوارى لە ژیانمدا، جارێکیتر هەست دەکەم ئازاد بووم. دەستم بە ژیانێکى نوێ کردووە. ئەمڕۆ و بۆ جارێکیتر دڵخۆشم. گەلی ئێرە باشن. پێشتر پێیان دەوتم، کە گەلی ئێرە مەترسیدارن، بەڵام ئەوە پێچەوانەى ڕاستییە".

ئێلینا لە کۆتایى قسەکانیدا باسى ئەوەیکرد "من ئەمڕۆ ژیانێکى نوێ دەست پێدەکەم. دەمەوێت ژیانێکى بە کەرامەت بۆ خۆم وهەر دووکوڕەکەم دروست بکەم. بیر لەوە ناکەمەوە بڕۆمەوە بۆ وڵاتەکەى خۆم. لەوێ دەڵێن دیموکراتن، بەڵام ئەوە تەنها قسەیە، بەڵام لێرە دیموکراسی، ئەخلاق و مرۆڤایەتى هەیە".

ر.م