ئەردۆغان دەیەوێت فێڵی لۆزان دووبارە بکاتەوە

ئەمڕۆ ٩٦ ساڵ بە سەر واژۆ کردنی رێککەوتننامەى لۆزان دا تێپەڕی. مێژوونووس حوسێن محەمەد وتی، ئەو رێککەوتنە نکۆڵیى لە کورد کردووە. راشیگەیاند، ئەردۆغان ئێستا دەیەوێت وەکو مستەفا کەمال ئەو فێڵە لە دژی کوردان بە کار بهێنێت و دووبارەى بکاتەوە.

لە رێککەوتننامەى لۆزان دا بە فەرمی نکۆڵی لە کورد کرا و ئەو رێککەوتنە بە پەیمانی دامەزراندنی تورکیا دەبینرێت، کە لە رۆژی ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣ / ١ی گەلاوێژ و لە  ٩٧ ساڵ لەوە پێش دا لە شاری لۆزان لە وڵاتی سویسرا واژۆ کرا.

هەتا ئەو کاتە کورد وەکوو 'بەشێکی بنەڕەتى و بونیاتنەر" دەبینرا، بەڵام دواى ئەم رێککەوتننامەیە نکۆڵی لە کورد کرا و وەکوو کۆمەڵگەیەک کە دەبێت پاکتاو بکرێت و بسڕدرێتەوە و لە ناو ببرێت سەیری گەلی کورد کرا.

سەرەڕای هەموو جۆرە سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن، پاکتاوکردن و تواندنەوە، بەڵام لە ماوەی ٩٧ ساڵ دا کورد لەناو نەچوون و ئەو رێککەونەشیان قبوڵ نەکرد.

ئێستا و دوای ٩٧ ساڵ بەرپرسانی دەوڵەتی تورک شۆڕشی رۆژئاوا وەکوو مەترسییەک لە دژی ئەو رێککەوتننامەیە دەبینن. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام بابەتى 'میساقی میللی (پەیمانى نەتەوەیى)' دەخەنە رۆژەڤەوە و باس لە نوێکردنەوەی رێککەوتننامەى لۆزان دەکەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە چەند ساڵی رابردوودا چەند جارێک باسی لەوە کردووە کە "لۆزان هەڵنەوەشاوەتەوە" و بەو شێوەیە خەون و خەیاڵی خۆی بۆ میساقی میللی و داگیرکردنی حەلەب تا موسڵ و کەرکووک هێناوەتە زمان.

حوسێن محەمەد عەلی خەڵکی کۆبانێ-یە و مێژوونووس و ئەدیبە و لەبارەیەوە رایگەیاند، ئێستا ئەردۆغان دەیەوێت ئەو فێڵە، کە مستەفا کەمال لە دژی کورد بە کاریهێنا بۆ جارێکی دیکە بەکاری بهێنێتەوە و بەردەوامیی پێ بدات. بەڵام وتی مارکس دەڵێت "هەر رووداوێک لە مێژوودا بۆ جاری یەکەم وەکوو تراژیدیایە، بۆ جاری دووەمیش وەکوو کۆمێدیا دووبارە دەبێتەوە".

"مستەفا کەمال لەگەڵ کورد رێککەوت و لەو رێگەیەوە سەرکەوتنی بە دەستهێنا"

حوسێن محەمەد عەلی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، پێش رێککەوتننامەى لۆزان، رێککەوتننامەى سیڤەر لەلایەن هاوپەیمانای ئەو سەردەمە لەگەڵ عوسمانییەکان واژۆ کرا و راشیگەیاند "ئەو رێککەوتنە (سیڤەر) دوایین بزمار بوو، کە لە دارەمەیتی ئیمپراتۆریی عوسمانی درا. بەم بۆنەیەوە مستەفا کەمال لەگەڵ کوردان رێککەوت و شەڕی سەربەخۆیی راگەیاند. توانای ئەوەى نەبوو، کە بە تورک و بە تەنها ئەو شەڕە بکات، بەڵام (بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە لەگەڵ کورد) لە ئەنجام دا سەرکەوتن."

عەلی وتی، دوای ئەوەی مستەفا کەمال لە شەڕدا سەرکەوت و پێگەی خۆی لە دژی وڵاتانی هاوپەیمانى ئەو سەردەمە بەهێز کرد، ئامادەکاریى کرد بۆ ئەوەى لەگەڵیان بچێتە سەر مێز و بەو شێوەیە مێزی لۆزان دانرا. مستەفا کەمال لە سەر ئەو مێزەدا و لەو رێککەوتننامەیەدا فێڵێکی مەزنی لە دژی کوردان گێڕا.

عەلی رایگەیاند، دوای بەهێزبوونی مستەفا کەمال پرسی سەرەکیی وڵاتانی هاوپەیمانى ئەو سەردەمە ئەوە بوو "تورکیا لایەنی ئەوان دەگرێت، یان رووسیا؟" و وتی،" مستەفا کەمال ئەمەی بینی و ویستی هەتاکو دەتوانێت ئەوە بە کار بهێنێت. لۆزان لەو هەلومەرجەدا  پێکهات. ئەتاتورک، عسمەت ئینۆنۆ، کە بۆ خۆی کورد بوو وەکوو نوێنەری خۆی نارد بۆ لۆزان. بەوەش ئەو پەیامەى کە دەیخواست بە دەوڵەتانی رۆژئاوایی بداا خستەڕوو و هاوکات یارییکی بەو شێوەیەی لە دژی کورد گێڕا."

"دەبێت لە چیرۆکی ماقوڵ حەسەن خەیری وانە وەربگرین"

عەلی رایگەیاند، ئێستا ئەردۆغان هەر ئەو فێڵە لە نێوان رووسیا و ئەمریکادا بەکار دەهێنێت و وتی، لە کاتی چاوپێکەوتنی لۆزاندا ئەتاتورک بە حەسەن خەیری بەگ نوێنەری دێرسیمی وتبوو، بە جلوبەرگی کوردییەوە لەو دانیشتنەدا قسە بکات. ئێستاکە لەلایەن تورکەکانەوە ئەو کەسە بە " کوردی ماقووڵ" دەناسێنرێت!.

حوسێن محەمەد عەلی لە بەردەوامی قسەکانی دا رایگەیاند، "ئەوە هۆکارێک بوو، واتە مستەفا کەمال ناکۆکیی نێوان دەوڵەتانی رۆژئاوا و سۆڤیەتی بە باشی بۆ خۆی بە کارهێنا. هۆکارێکی دیکەشی ئەوە بوو، کە ئێمە یەکگرتوو نەبووین، یەکێتیمان نەبوو. هەندێک کوردیش لە ئێمە دزرا بوون. ئەوان کوردی ماقووڵ بوون. حەسەن خەیری یەکێک بوو لەوانە. بە جلوبەرگی کوردییەوە لەو  دانیشتنەدا قسەیکرد. دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەى لۆزان، بە تاوانی ئەوەی کە لە دژی دەستووری بنەڕەتى کاری کردووە لە سێدارە درا. لە کاتی سێدارەدانەکەیدا لێیان پرسی دوایین داخوازیت چیە. وتی، 'با گۆڕەکەم لەسەر رێگایک بێت، کە هەر کوردێک پیایدا تێپەڕی تفێکی لێ بکات.' ئەمە نموونەیەکە، وانەیەکە بۆ ئەو کوردە ماقووڵانە، کە ئێستا لە گەڵ دەوڵەتی تورک دان و کار بۆ دەوڵەتى تورک دەکەن. "

عەلی وتیشی، هیچ هۆیەکى یاسایی و حقوقی بۆ بەکارهێنانی میساقی میللی لەلایەن ئەردۆغانەوە بوونی نییە و رایگەیاند، "میساقی میللی لە لۆزان و هەم لە سیڤەر کۆتایی پێهات. لە ژێر رێککەوتنێکیاندا واژۆی عوسمانی و لە ژێر ئەوی دیکەشیان  واژۆی دەوڵەتی تورک هەیە. مارکس دەڵێت، 'لە مێژوودا کاتێک رووداوێک بۆ جاری یەکەم روو بدات دەبێتە تراژیدیا، کاتێک و بۆ دووەم جار دووپات بێتەوە دەبێتە کۆمێدیا'، بەڵام بۆ گەلی کورد بەردەوام دەبێتە تراژیدیا."

هەلومەرجەکان گۆڕاون

عەلی چاوپێکەوتنەکانی جنێڤ بۆ چارەسەریی کێشەی سووریا  شوبهاند بە رێککەوتننامەى لۆزان و وتی، "ئێستاش لەوێ بێجگە لە هەندێک کوردی ماقووڵ بە ناوی ئەنەکەسەوە کوردی دیکە قەبووڵ ناکەن، بەڵام دونیا گۆڕاوە. کوردانی ئەمڕۆ وەکوو پێشوو نین و سیستمێکی نوێی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بونیات دەنرێت. ئەگەر ئەردۆغان هەوڵ دەدات بە کارتی ١٠٠ ساڵ لەوە پێشی  مستەفا کەمال یاری بکات، ئەوا بە بیری دەهێنینەوە، کە جیهان گۆڕاوە و کارێکى ئاسان نابێت بۆی. لەم هەلو مەرجەی ئێستادا و لەم بارودۆخەدا ئەگەر کەسێک پەرێشان ببێت، ئەوا گەلی تورک لە هەموو کەس زیاتر پەرێشان دەبێت".

 

ر.م