ئەمریکا: ئەگەری هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سوریا کەم بووەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ قەسەدە لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا هاوکاریەکانیان بەردەوام دەبن و وتی، "ئەگەری هێرشی داگیرکەری بۆ سەر ڕۆژئاوا کەمە.

کریس مایەر بەڕێوەبەری ناوەندی شەڕی دژی داعش لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی شەڕی دژی چەتەکاندا هاوکاریەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بەردەوامە و چەکیان بۆ دەنێرێت.

مایەر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕۆژئاوا کرد و وتی، "ئەوان لەگەڵ تورکیا دەستیان بە دەوریەی هاوبەش کردووە و ئامانجیشیان ڕێگریکردنە لە هەر هێرشێکی کتوپڕ. هەروەها، ئەگەری هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سوریا کەم بووەتەوە.

کریس مایەر ڕاشیگەیاند، لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا، هاوکاری چەک بۆ قەسەدە بەردەوامە و زانیاری لەبارەی ئەم بابەتە، بە تورکیاش ڕادەگەیەنرێت و وتیشی، "کشانەوەی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سنورەکان بۆشایی ئەمنی دروست دەکات و بۆ کەمکردنی ریسکێکی بەم جورە پێویستە لەگەڵ تورکیا دانوستان بکرێت."

مایەر لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی ڕاگەیاند، میکانیزمی ئەمنی لەگەڵ تورکیا لەسەر سنورەکان دروستکراوە و لەهەمان کاتدا میکانیزمەکە بۆ پاراستنی قەسەدەیە و وتی، "نامانەوێت لە شەڕی دژی داعشدا، ریسکی نوێ تاقیبکەینەوە."

ف.ق