ئەمساڵ داواکاری ناونووسین لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا و کۆبانی لە ئاستێکی بەرزدایە

بۆ ساڵەکانی خوێندنی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠ داواکاری ناونووسین لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا و کۆبانی لە ئاستێکی بەرزدایە. ناونووسین بۆ زانکۆکان کە لە ٢٢ بەش پێک دێن، تا ١٣ی ڕەزبەر بەردەوامە.

لە زانکۆکانی ڕؤژئاوا و کۆبانی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەردەمی ناونووسین بۆ خوێندنی ساڵی نوێ دەستیپێکرد. ناونووسین تا ١٣ی ڕەزبەر بەردەوام دەبێت و داواکاری ناونووسین لەچاو ساڵەکانی تر لە ئاستێکی بەرزدایە.

لەگەڵ ئەوەی ساڵەکانی ڕابردوو هەڕەشە لە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەبوو، بەڵام بواری پەروەردە پەکی نەکەوت و لە ڕووی پەروەردەوە سەرکەوتنی گەورە بەدەستهێنرا.

دوای شۆڕشی (١٩ی تیرمەهـ) 29پوشپەڕ، لە سەر ئاستی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی پڕۆسەی پەروەردە بە سێ زمان بەردەوام بوو. لە ڕۆژئاوا کە پێشتر زانکۆی لێنەبوو، لە ساڵی ٢٠١٥ دا زانکۆی عەفرین و لە ساڵی ٢٠١٦ زانکۆی ڕۆژئاوا و لە ساڵی ٢٠١٧ دا زانکۆی کۆبانێ کرانەوە.

بە هۆی ئەوەی عەفرین لەژێر داگیرکەریدایە، زۆربەی خوێندکارانی زانکۆی عەفرین لە ئێستادا لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا و کۆبانێ درێژە بە خوێندن دەدەن.

لە زانکۆکانی کۆبانێ و ڕۆژئاوا کە دەست بە وەرگرتنی خوێندکاران کراوە، بە گشتی ٢٢ بەش هەیە. بێجگە لە ڕۆژئاوا داواکاری ناونووسین لە ڕەقا، تەبقا، منبج و دێرەزۆریش لە ئاستێکی بەرزدایە.

لەبارەی سەردەمی نوێی خوێندن، ساکینە عەلی هاوسەرۆکی بەشی زانستی پیشەیی زانکۆی کۆبانی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند، ناونووسین تا ١٣ی ڕەزبەر بەردەوام دەبێت و هەردوو زانکۆکە بە سیستمی ناونووسینی ناوەندی خوێندکاران قبوڵدەکەن.

ساکینە عەلی وتی، "زانکۆکان لە ٢٢ بەشی جیاواز پێک دێن و لە هەفتەی یەکەمدا ژمارەیەکی زۆر خوێندار سەردانیان کردوون. هەروەها خوێندکاران بە پێی نمرەی پۆلی شەشی دواناوەندی وەردەگیرێن. لە ناوچەکانی عەرەبنشینیش ڕێژەیەکی زۆر خوێندکار داواکاری نانووسینیان پێشکێش کردووە."

ڕاشیگەیاند، لەسەدا ٧٠ نمرەی خوێندکاران و لەسەدا ٣٠ ئەنجامی چاوپێکەوتنەکە دەبێتە هۆی وەرگرتنی خوێندکاران و هەر خوێندکارێک سێ هەڵبژاردەی لەبەردەستدایە.

ماسیدار ماسیرۆ ئەندامی دەستەی کۆردیناسیۆنی زانکۆی کۆبانێ دەڵێت، "ئەمساڵە ژمارەیەک بەشی نوێ کراونەتەوە. ژمارەی مامۆستاکان زیادیکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی داواکاری ناونووسینیش زیادیکردووە."

ماسیڕۆ ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی سەرەکیان بەرزکردنی ئاستی پەروەردەیە. لە زانکۆی کۆبانێ بەشی تاقیگە کراوەتەوە و ئەمەش دەبێتە بناغەی بەشی پزیشکی.

لە زانکۆی کۆبانێ بەشی زمان و وێژەی کوردی، تاقیگەی پزیشکی، بیرکاری، فیزیا، کیمیا و زیندەوەرزانی هەیە.

لە زانکۆی ڕۆژئاواش ئەم بەشانە هەن: بیرکاری، فیزیا، کیمیا، مێژوو، جۆگرافیا، مامۆستایەتی، هونەرە جوانەکان، ژنەلۆژی، وێژە، ئەندازیاری نەوت، ئەندازیاری پیترۆ – کیمیایی، ئەندازیاری کشتوکاڵ، ئەندازیاری ژینگە، بەڕیوەبەرایەتی و دارایی، میکانیک، وەرگێڕی ئینگلیزی و ئەندازیاری بیناسازی.

ف.ق