ئەنجامنامەى کۆنگرەى مەسەدە بڵاوکرایەوە

سێیەمین کۆنگرەى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە)، کە لە شارى تەبقا بەڕێوەچوو کۆتایى بە کارەکانى هێنا. لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکان و دەستەى نوێى ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردران و ئەنجامنامەى کۆنگرەکەشیان بڵاوکردەوە.

سێیەمین کۆنگرەى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) دوێنێ دووشەممە ١٦ی تەمووزی ٢٠١٨ بە بەشداریى ٢٧٠ ئەندام لە شارى تەبقاى پارێزگاى رەقا بەڕێوەچوو.

لە کۆنگرەى سێیەمى مەسەدە دا، ئەمینە عومەر و ریاز دەرار بۆ هاوسەرۆکانى نوێى مەسەدە هەڵبژێردران.

ئەنجامنامەى سێیەمین کۆنگرەى مەسەدە بەمشێوەیەى لاى خوارەوەیە:

"ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) رۆژی ١٦ى تەمووزی ٢٠١٨ لە شارى تەبقا بە دروشمی 'بەرەو چارەسەریى سیاسی و بونیاتنانى سوریاى دیموکراتیکی نا ناوەندی' بە بەشداریى نزیکەى ٣٠٠ ئەندام و میوان و نوێنەرى هێز، حیزبەکان و دەستە و رێکخستنەکانى خۆبەڕێوەبەری و مەدەنى، قەسەدە، کەسایەتیى نیشتمانیى و ئۆپۆزسیۆنى دەرەوە و ناوەوە، بەڕێوەچوو.

دەیان پەیامى پیرۆزبایى لایەنە کوردی، عەرەبی، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان گەیشتنە کۆنگرەکە و خوێندرانەوە. لە هەموو پەیامەکاندا پشتیوانى لە کۆنگرە و تێکۆشانەکەى کرا بۆ ئەم قۆناغە، کە سوریا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان پیایدا تێدەپەڕێت.

لەم قۆناغە راگوزەرەدا پێویستى بە بۆچوونێکى دیموکراتیک و بە رێکخستن کراو و بەرپرسیارێتى هەیە. هەروەها دەبێت مرۆڤ  نزیکایەتیى بەرژەوەندیخوازانەى حیزبی قبوڵ نەکات. لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) چەترى خۆبەڕێوەبەری و ئەنجوومەنە مەدەنییەکان و چەتری هێزکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە)یە. بەشداران رایانگەیاند، چارەسەریى سیاسی و دیالۆگ رێگاى رزگاربوونە لەو قەیرانەى ئێستا.

دواى پێشکەشکردنى وتەى دەستپێکردن، کە لەلایەن هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیکەوە پێشکەشکرا، بەشێک لە میوانەکانیش وتەیان پێشکەشکرد. هەروەها پەیامەکانى پیرۆزبایى خوێندرانەوە. کۆنگرەکە بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنى کار و خەباتى ئەنجوومەنەکە و هەروەها خوێندنەوەى راپۆرتى نووسینگە و لقەکان، خوێندنەوەى پەیڕەو و پڕۆگرامى ئەنجوومەکە و گۆڕانکارییەکانى، درێژەى بە دانیشتنەکەى دا.

هەروەها لە کۆنگرە میکانیزمەکانى ئەنجوومەنەکە گۆڕدران و جەخت لەسەر دۆزە نیشتمانییە بنەڕەتییەکان بۆ چارەسەرکردنى دۆزەکانى کۆمەڵگە و دۆزەکانى پەیوەندیدار بە مافى پێکهاتەکانەوە کرایەوە.

بەشداران لێکدانەوەیان بۆ دامەزراندنى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک کرد و بە هەنگاوێک بەرەو چارەسەریى ئاڵۆزییەکانى سوریایان لێکیاندایەوە و رایانگەیاند، پرۆژەى سوریاى دیموکراتیک باشترین پرۆژەیە بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جێگاى ئومێدى پێکهاتەکانى سوریا، لە کورد و عەرەب و سوریانى و ئاسوور و تورکمان و .... هتد و هیواکانیان دەهێنێتەدی.

لە کۆنگرەکەدا چەندین بڕیار دەرکران و گۆڕانکاریش لە هەندێک خاڵى پەیڕەو و پڕۆگرام دا کرا. دیسانەوە جەخت لەسەر درێژەدان بە هێڵى ستراتیژی لەسەر بنەماى میکانیزمەکانى بە دامەزراوەیکردن، خۆمادەکردن، بەهای برایەتیى گەلان لە نێوان هەموو پێکهاتەکان و یەکێتیدا، بۆ گەل چارەنووسساز دەبێت.

بەشداران رایانگەیاند، هەموو رێگایەک دەگرنە بەر بۆ تێکشکاندنى داگیرکەریى تورکیا لە سوریا و هەموو بڕیارەکانى کۆنفرانسى رزگارکردنى عەفرین و شەهبا جێبەجێ دەکەن و هەموو هێزە نیشتمانی و ناوچەى و جیهانییەکان دەخەنە کار بۆ گەڕانەوەى گەلی عەفرین.

بەشداران لە کۆتایدا ئەمینە عومەر و ریاز دەرار – یان وەک هاوسەرۆکانى نوێى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) هەڵبژارد. ئیلهام ئەحمەد بۆ سەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا. هەروەها ٤١ ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەری بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردران، کە ٢٠ کەسیان ژنن. ئەندامانى دەستە جۆراجۆرەکانى ئەنجوومەنەکەش لە یەکەم دانیشتى دەستەى بەڕێوەبەریى ئەنجوومەکەدا هەڵدەبژێردرێن. ئەندامانى ئەنجوومەکە بەڵێنیان دا، کە درێژە بە هێڵى شەهیدانى ئازادی و دیموکراسی دەدەن و بۆ دامەزرادنى سیستمێکى نا ناوەندی و دیموکراتیک لە سوریادا کار دەکەن".

ر.م